فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئاخێز و تووڕەیی و ناڕەزایەتیی جەماوەر پایەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی کردووەتە نیشانە
یەکشەممە ۰۳-۰۷-۱۴۰۱   |  25-09-2022

زیاتر لە یەک حەفتە لە مەرگی دڵتەزێنی مەهسا (ژینا) ئەمینی بەدەستی جەنایەتکارانی کۆماری ئیسلامی تێپەڕیوە. بەڵام ئاگری تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران هەروا گەشاوەیە و پایەکانی ڕێژیمی جەهل و خورافەی ئیسلامیی کردووەتە نیشانە و لە حاڵی پەرەسەندن دایە. ئەگەرچی دڕندەیی و وەحشیگەریی دەسەڵاتداران لەئاست کوشتنی مەهسا ویژدانی هەموو مرۆڤێکی هەژاندووە، بەڵام مەرگی ئەم کچە لاوە چەخماخەیەک بوو کە ئاگری تووڕەیی پەنگخواردووی ٤٣ ساڵەی خەڵکی ئێرانی گەشاندەوە. لاوانی وەگیانهاتوو لەم باروودۆخە، ژنان و پیاوانێک کە لە ماوەی زیاتر لە چل ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی ئازادی، ژیان، گوزەران، ڕەفاه و ئاسایشی لێ زەوت کردوون، ئازیزانی لێ کوشتوون و هەژاری و برسییەتی و بێکاریی بەسەریاندا سەپاندووە، لەم حەوت ڕۆژەدا نیشانیاندا کە بە کەمتر لە ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە دژی ژنە ڕەزایەت نادەن. چونکە ڕێگایەکی تر بۆ ڕزگارکردنی ژیانیان لە چنگ ئەم نیزامە بوونی نییە. ڕێگاکانی تر، کە ڕێفۆرمخوازان و لێبڕاڵە خەیاڵاتییەکان بۆ ڕزگاری لە ڕێگەی دەخاڵەتی ئەمریکا و ڕۆژئاواوە گەڵاڵەیان کردووە، پووچ و بێ ئاکام بوون. ئەم جەماوەرە تووڕە و ناڕازییە لە مانگی بەفرانباری ٩٦دا بە درووشمی “ئیسلاح تەڵەب – ئۆسوولگەرا ئیتر تەواو بوو ماجەرا” ڕاشکاوانە ڕایانگەیاند کە ئەم ڕێژیمە دز و گەندەڵە قابیلی ئیسلاح نییە. هەربۆیە تەمەنی حکوومەتی ئیسلامی دەمێکە کۆتایی پێهاتووە.
لە ئاخێزی ئێستا و “ئاخێزی مەهسا”دا، ژنانی خەباتکار بە هێنانەگۆڕی داخوازی و درووشمی بەهێزی وەک: “ما همه مهسا هستیم بجنگ تا بجنگیم”، “نا بۆ ئاپارتایدی جنسیەتی”، بێگاری، بێکاری، حیجابی ژن ئیجباری” بە لابردنی ڕووسەرییەکانیان و بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سووتاندنی حیجاب واتە هێمای سووکایەتی و بێمافیی ژن، پەلامارێکی بەهێزی سیاسییان کردە سەر ئایدیۆلۆژی و پایە پرتووکاوەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی. ژنان و پیاوان لەم ئاخێزە سەرانسەرییەدا بە درووشمەکانی وەک: “تەنیا ڕێگای ڕزگاری، ئیدارەی شۆرایی”، “ڕاپەڕن چەوساوەکان، بڕووخێنن کۆشکی زاڵمان”، لە کوردستانەوە هەتا تاران، خوێناوییە هەموو ئێران” بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی ژنان، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، بزووتنەوەی کرێکاری و خوێندکاری، بزووتنەوەی مامۆستایان و خانەنشینکراوانیان پێکەوە پەیوەند دا. لەئێستادا ئەم ئاخێزە لەلایەن بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوەکانی ترەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت. کرێکارانی نەیشەکەری “هەفت تەپە”، نەوت و فوولاد، سەندیکای شیرکەتی واحید و باقیی ناوەندە کرێکارییەکان بە دەرکردنی ڕاگەیاندن و بەیاننامە لەم بزووتنەوەیە پشتیوانییان کردووە. لەم پێوەندەدا سێ ڕێکخراوی خانەنشینکراوانیش ڕایانگەیاند کە: “ئێمە بەشێک لە بەدەنەی کۆمەڵایەتیی خەڵک و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دژبەو وەزعییەتە فەلاکەتبارەین کە ئێوە خۆڵقاندووتانە و زیاتر لە چوار دەیە بەسەرماندا سەپاندووتانە. ڕەوتی کێشمەکێشی ئێمە و ملیۆنان کەس لە ڕۆڵەکانمان کەوتووەتە قۆناغێکی مێژوویی تر. ئێمە نەتەنیا هەموو سات لەناو ڕێزی ناڕەزایەتییەکانی ئەم خەڵکەداین، بەڵکوو گەورەترین بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی ٩٩ لەسەدییەکانی کۆمەڵگەش دێنینە سەر شەقامەکان”.
ئەم ئاخێزە جەسوورانەیە لە هەمان حاڵدا بە لابردن و سووتاندنی حیجاب سنووری خۆی لەگەڵ هەر ڕەوتێکی حیجاب بەسەری دیکەی وەک موجاهیدین دیاری کرد و نیشانی دا کە ئیتر هیچ ڕەوتێک ناتوانێ دووبارە ئەم هێمایەی سووکایەتی و هەڵاواردنی ڕەگەزییە، بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت. هەروەها بە درووشمی “مەرگ بۆ چەوسێنەر چ شا بێت و چ ڕێبەر” حیسابی خۆی لەگەڵ پاشماوەکانی دەسەڵاتی زوڵم و ستەمی پاشایەتی یەکلاکردەوە.
سەرانی ڕێژیمی ئیسلامی بەم ئاخێزە ترسیان لێ نیشتووە و خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خەڵک ئامادە دەکەن. ڕێژیم هێزە سەرکوتگەرە بەکرێگیراوەکانی لە گیانی خەڵک بەرداوە. لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا بێجگەلە “ژینا” ٣٠ کەسی تر لە خەڵک کوردستان و شارەکانی تری ئێران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم گیانیان بەخت کردووە و زیاتر لە ٨٠٠ کەس برینداربوون و سەدان کەسی دیکەش دەستگیر کراون. بەڵام ئەم جەنایاتەی ڕێژیم، خەڵکی وەگیان هاتووی چاوترسێن نەکردووە چونکە لەژێر دەسەڵاتی دزان و گەندەڵاندا، هیچ شتێکیان بۆ لەدەستدان نییە. بەڵام لەبەرامبەردا، ئەوە حاکمانی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامین کە ترساون. ڕۆژی دووشەممە عەلی خامنەیی بە ڕوخسارێکی عەبووس و نیگەرانەوە بە بیانووی ساڵڕۆژی دەستپێکی شەڕی کۆنەپەرستانە و جەنایەتکارانەی ئێران و عێراق، فەرماندەکانی ئەرتەش و پاسدارەکەکانی کۆکردەوە تا هۆشداریان پێ بدات کە نیزامەکەیان لە مەترسیی جیددی دایە. ئەو دوای سەفسەتەی خورافی و گێڕانەوەی ماجەرای شەڕی دژە ئینسانیی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق، بە بێ ناوبردنی ئیعتڕازاتێک کە ئێستا لە ئێراندا لە ئارادایە و تێیدا بە درووشمی “مەرگ بۆ خامنەیی و مەرگ بۆ دیکتاتۆر” وەک هێمای دەسەڵاتی جەنایەتکار و وەرشکستە هێرشی دەکرێتە سەر، هۆشداری بە فەرماندەکانی ئەرتەش و سپا دا کە نابێ غافڵ بن و درەنگ وەخۆ کەون. خامنەیی وێڕای تاریف و پێهەڵکوتن و وەسف کردنیان بە “پێشەنگ و کۆنەکار” وتی: “ئەمڕۆش ئەگەر هیمەت هەبێت دەکرێ ئەو مۆدێلە بێوێنەیە لە شەڕ کەڵکی لێ وەربگیرێت و خاوەنانی ئیدە و فکر دەتوانن لە لێکدانەوەکانی خۆیاندا ئەم مۆدێلە وەک ئامرازی ئۆتۆریتەی نەتەوەیی کەڵکی لێ وەربگرن. چونکە شەڕ سەرەڕای هەموو کێشەکانی، بۆ میلەتی ئێران، بەرەکەت و پێشکەوتنی لەگەڵ خۆی هێناوە”.
بەڵام بزووتنەوەی ناڕەزایەتی سەرەڕای هەموو دەستکەوتێکی هەتا ئێستای، هێندێک کەموکوڕیشی هەیە. یەکەم، ئەم بزووتنەوەیە هێشتا بە مانای واقعی جەماوەری نەبووەتەوە. دووهەم، ناڕەزایەتییەکان زیاتر کچان و کۆڕانی لاو پێکی دێنن کە لەپێناو ڕزگاری لە ژیانی فەلاکەتبار و لەو بێبەشییانەی کە ڕێژیم بۆی خوڵقاندوون، سینگی خۆیان لە بەرامبەر گولـلەی بەکرێگیراوانی دەسەڵاتی ئیسلامیدا کردووەتە قەڵغان.
پێویستە لە سەرانسەری ئێران بەتایبەت لە شارە گەورەکان خەڵک لەئاستی دەیان و سەدان هەزار کەسیدا بڕژێنە سەر شەقامەکان. جەماوەریتر بوونەوەی ئەم ئاخێزە دەبێتە هۆی ئەوەیکە هێزە سەرتگەرەکان نەتوانن ئەم ناڕەزایەتییانە بەرەو شەڕ و تێکهەڵچوونی سەرشەقام بەرن. هێزەکانی دوژمن ناتوانن بەرەنگاری لافاوی جەماوەری خەڵک ببنەوە. بێگومان دڵی چینی کرێکار لەگەڵ ئەم ناڕەزایەتییانە لێ دەدات. ئەگەر چینی کرێکار، کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە مانگرتن و ناڕەزایەتیی شکۆداری خۆی کاریگەریی لەسەر کەشوهەوای سیاسیی ئێران داناوە، بە مانگرتنی سەرانسەری نەیەتە مەیدان و ماشێنی سەرکوتی ڕێژیم زەمینگیر نەکات، ناتوانێ درێژە و پێشڕەویی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە زەمانەت بکات.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
https://alternative-shorai.tv
https://cpiran.org
https://komala.co