ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەزەڵوەر، “سامان یاسین”، گورانیبێژ و ڕاپێری خەڵکی کرماشان و لە دەستبەسەر کراوانی بزوتنەوەی شۆڕشی ژینا، پاش دوو ساڵ بەندکران بە دانانی بارمتەی چوار ملیارد تمەنی لە زیندانی قزڵحساری کەرەج مەرەخەسی دەرمانی پێدرا.
رامین سەفەرنیا خشتاونی، پارێزەری سامان یاسین بە بڵاو کردنەوەی بابەتێک ڕایگەیاند: ئەمڕۆ سامان یاسین پاش نزیکەی ٢٦ مانگ بەندکران لە زیندانی قزڵحسار بە بۆچوونی کۆمیسیۆنی پزیشکی و ڕەزامەندی دادگا بە دانانی ٤ ملیارد بارمتە مەرەخەسی دەرمانی پێدرا. ئەم هونەرمەندە، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە جەریانی ناڕەزاییە سەراسەرییەکان لە تاران دەستبەسەر و پاشان بە تۆمەتی “موحاربە ، کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان و هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی” حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێنرا و پاش ماوەیەک لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە، حوکمەکەی ڕەت کرایەوە و هەڵوەشێنرا.