ئازادی دوو زیندانی سیاسی
سێشەممە ۲۰-۰۲-۱۴۰۱   |  10-05-2022
رۆژی دووشەممە ١٩ی گولان دوو زیندانیی سیاسی بە ناوەکانی کەماڵ عەباسی وەند و سەعدی ئەحمەد پووری خەڵکی بۆکان کە پێشتر سزای ٦ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپابوو، زووتر لە کاتی دیاریکراودا ئازاد کران.
ئەم دوو زیندانیە سیاسیە ڕۆژی یەکشەممە ٣ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠ بە تۆمەتی ناڕەوای هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی بۆکان دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرانەوە و دوای ٣٥ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون. جێگای باسە کە کەماڵ عەباسی وەند لە ماوەی دەستبەسەر بوونی دا لە مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.