بەپێی ڕاپۆرتەکان، دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢ی بەفرانبار، سوهەیلا محەممەدی، بەندکراوی سیاسی و خەڵکی سەڵماس دوای سێ ساڵ بەندکران بە بێ مافی مەرەخەسی لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندی ورمێ بەشێوەی مەرجدار ئازاد بوو.
سوهەیلا محەممەدی کە تا ئێستا لە مافی ئازادی کاتی بێبەش کرابوو، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا چەند جار بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین بە بارودۆخی لە زیندان، مانی لە خواردن گرتبوو و جارێکیش هەوڵی خۆکوشتنی دابوو. جێگای ئاماژەیە، سوهەیلا محەممەدی لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو، لە ئەنجامی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم و ڕێگرییان لە ئازادی کاتی و بێبەریکردنی لە لێبوردنی گشتی، بە لێدانی چەقۆ لە سینگی خۆی هەوڵی خۆکوشتنی دابوو کە لە ئاکامدا لە لایەن هاوبەندییەکانییەوە ڕزگارکرابوو. ئەو بەندکراوە سیاسییە، پاییزی ساڵی ١٣٩٨ لە سەڵماس لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و دوای چەند مانگ لێپرسینەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ گواستراوە. سوهەیلا محەممەدی دواتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێیەوە بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان”، سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و لەو کاتەوە بێ دەستڕاگەیشتن بە مافی مەرەخەسی لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگیرا بوو.