سێ کچی تازەلاوی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی ئاتووسا حوسێنی، هدیە میهەمی و ڕاحیلە جەعفەری کە هەر سێیان تەمەنیان ١٨ ساڵە ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ڕەزبەر دوای ٧ ڕۆژ دەستبەسەرکران و پڕکردنەوەی بەڵێننامەی نووسراوە، ئازاد بوون.
ئەم سێ کچە لە کاتی دەستبەسەر کران و لە دەستبەسەرگەش ئەشکەنجە کراون و ناوەندە ئەمنییەکان بە مەرجێک حازر بوون ڕاحیلە جەعفەری ئازاد بکەن کە لەپێش کامێرا دان بەو شتانەیدا بنێت کە ئەوان ویستوویانە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی جەعفەری لەوبارەوە ڕاگەیاند: “ڕاحیلە ناچار کراوە لەپێش کامێرا دژ بە خۆی قسە بکات و بڵێ پەشیمانم لەوەی بەشداریی ناڕەزایەتییەکانم کردووە و ئێستا باری دەروونی ناجێگیرە”.
شایانی باسە کە ئەم سێ کچە گەنجە ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خەرمانان، لە شەقامی فیردەوسی شاری سنە و لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراون و هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکران دراونەتە بەر لێدان و ئەزیەت و ئازار.