لەحاڵێکدا کە شەڕ و جینوسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل بەدژی خەڵکی غەززە پێی ناوەتە پێنجەمین مانگەوە، پێشنیارگەلێک بە ئامانجی کەمکردنەوەی فشاری بیروڕای گشتی لەلایەن هێندێک لە دەوڵەتەکانەوە دراوە. بۆ نموونە ڕۆژی ٢٨ی مانگی ژانویە کاربەدەستانی ئەمنیەتیی ئەمریکا، ئیسرائیل، میسر بە بەشداریی سەرۆک وەزیرانی قەتەر لە کۆبوونەوەیەکدا لە پاریس گەڵاڵەیەکی دوو قۆناغییان بۆ ئاگربەستی کاتی هێنایە گۆڕێ. بەپێی ئەم گەڵاڵەیە ئیسرائیل هێرشەکانی خۆی بۆسەر غەززە لە قۆناغێکی ٤٠ ڕۆژەدا ڕادەگرێت و لە بەرامبەردا حەماسیش ژمارەیەک لە دیلە ئیسرائیلییەکان ئازاد دەکات. لە قۆناغی دووهەمدا وردەکاریی ڕێکەوتن بۆ ئازادکردنی باقیی دیلەکان لەبەرامبەر ئازادیی فەلەستینییە بەندکراوەکان لە ئیسرائیل و فریاگوزاری و ناردنی خۆراک بۆ خەڵکی سیڤیل وتووێژی لەسەر دەکرێت.
لە وڵام بەم گەڵاڵەیە کە زیاتر بە ئامانجی کەمکردنەوەی گوشاری خەڵکی ئیسرائیل و بیروڕای گشتیی جیهان بۆسەر دەوڵەتی ئیسرائیل بوو، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ڕێبەندان حەماس گەڵاڵەیەکی بەدیلی سێ قۆناغیی بۆ ئاگربەستێکی ١٣٥ ڕۆژە بەئامانجی دەربازکردنی خۆی پێشنیار کرد. کە بریتی بوو لە ئازادکردنی ١٣٠ دیلی ئیسرائیلی لە بەرابەر ئازادکردنی ١٥٠٠ بەندکراوی فەلەستینی، چوونەدەری دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە، دەستپێکردنی نوژنکردنەوە و گۆڕینەوەی تەرمی کوژراوەکان. حەماس لەلایەکەوە ئەم گەڵاڵەیە پێشنیار دەکات و لەلایەکی دیکەوە ڕێبەرێکی حەماس ڕایگەیاندووە کە: ”بە بێ کۆتایی یەکجاریی شەڕ و چوونەدەری کامڵی ئیسرائیل لە غەززە، بارمتەکان ئازاد ناکرێن”. لە وڵام بە گەڵاڵەی کۆبوونەوەی کاربەدەستانی ئەمنیەتیی پاریس، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی مانگی ڕێبەندان، نەتانیاهۆ لە کۆنفڕانسێکی هەواڵنێریدا بەبێ ئاماژە بە ئاگربەست و کۆتایی شەڕ و کۆمەڵکوژی، وڵامی ڕەتی بەم گەڵاڵەیە دایەوە. ئەو وتی: ”هەموو هەوڵەکانی ئێمە لەپێناو گەڕاندنەوەی بارمتەکانە. تەنها درێژەدان بە هێرشی نیزامی ڕێگای ئازادیی ئەوانە. بە بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکاشمان وتووە کە هێرشی نیزامیی ئیسرائیل هەتا گەڕاندنەوەی هەموو دیلەکان و نابوودیی یەکجاریی حەماس، نەک نیوەی یان بەشێکی، درێژەی دەبێت”. بەمجۆرە دەوڵەتی فاشیستی نەتانیاهۆ، ژیان و حەیاتی دوو و نیو ملیۆن کەس لە خەڵکی بێدیفاع و ستەمدیدەی غەززەی خستووەتە بەردەم مەترسیی مەرگ و نابوودییەوە.
دەوڵەتی ئیسرائیل لەماوەی زیاتر لە چوار مانگی ڕابردوو بە پشتیوانیی ئەمریکا و بریتانیا و هێندێک لە دەوڵەتانی دیکە و لەبەر چاوی دنیادا زیاتر لە ٢٧ هەزار کەسی لە خەڵکی غەززە کوشتووە کە زیاتر لە یەک لەسەر سێیان منداڵ بوون. پتر لە ٦٠ هەزار کەسی بریندار کردووە کە بە بێ دەرمان و ئیمکاناتی پزیشکی بەحاڵی خۆیان ڕەها کراون. زیاتر لە ٦٠ لەسەدی خانووەکان و هەموو ژێرخانەکانی کەرتی غەززەی نابوود کردووە بەبێ ئەوەیکە تەنانەت دوای کۆتایی شەڕ بەرپرسایەتیی نۆژنکردنەوەیان وەئەستۆ بگرێت. فەرمانی چۆڵکردنی ئەو ناوچانەی بۆ بۆمباران داوە کە نزیک بە دوو ملیۆن کەس تێیدا دەژیان و ئەوانی بەبێ لە ئیختیارنانی هیچ جۆرە ئیمکاناتێکی ژیان لەوانە سەرپەنا و خۆرد و خۆراک لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر کۆچی پێکردوون. لەئێستادا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لەم جەمعیەتەی لە نزیک سنووری میسر لە شاری چکۆلەی ٢٠٠ هەزار کەسیی “ڕەفەح” پەستاوتووە و لەژێرناوی ڕاوکردنی کەسانی سەربە حەماس بێشەرمانە دەیهەوێ ئەوێش بۆمباران بکات و هێرشی بکاتە سەر. سەرەڕای هەموو ئەم کوشتار و جەنایەتە هەتا ئێستا دەوڵەتی ئیسرائیل نەیتوانیوە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی خۆی واتە ئازاکردنی دیلەکان و نابوودیی حەماس دەستەبەر بکات.
لەم ماوەیەدا دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و ڕاستگەرای ئیسرائیل لەلایەن کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز و پێشڕەو لە ئیسرائیل و لەئاستی جیهان و هەروەها لەلایەن بنەماڵەی بارمتەکانەوە بەتوندی خراوتە ژێر گوشارەوە. بەڵام ئەوەیکە نەتانیاهۆ وڵامی ڕەت بە پێشنیاری کۆتایی جەنگ لە غەززە دەدات، بەر لەوەیکە پەیوەندی بەو بابەتەوە بێت کە خۆی دەیڵێت، واتە ڕێگری لە دووپات بوونەوەی هێرشی گرووپی تیرۆریستیی حەماس بۆسەر خەڵکی ئیسرائیل، بەخاتری پاراستنی پێگە و بەرژەوەندی شەخسیی خۆیەتی. ئەم جەنایەتکارە دەزانێ کە لەگەڵ کۆتاییهاتنی شەڕ و نەسلکوژی لە غەززە، نەتەنها تەمەنی سیاسیی خۆی کۆتایی دێ بەڵکوو لەگەڵ کەوتنە جەریانی پەروەندەی گەندەڵی و جەنایەتەکانی، دەکەوێتە پێگەی تاوانبارەوە و چارەنووسی”ئێهود ئۆلمێرت” سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیلی بەسەر دێت. لەلایەکی دیکەوە شەرت و مەرجەکانی ڕێبەرانی ڕەوتی کۆنەپەرستی حەماس بۆ ئاگربەستیش لەپێناو پاراستن و درێژەدانی دەسەڵاتی داسەپاو و نگریسیان بەسەر خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستن لە غەززەیە. ١٨ ساڵ دەسەڵاتی کۆنەپەرستی ئیسلامیی حەماس بەسەر خەڵکی غەززە و داسەپاندنی یاسای سەدەکانی ناوەڕاست و پەرەپێدانی کلتوور و خورافەی ئایینی بەتایبەت لە خوێندنگاکان، دواکەوتوویی کۆمەڵگا و هەژاری و برسیەتیی زیاتری خەڵکی غەززەی لێکەوتووەتەوە. تا ئەو جێیەی کە ئەگەر ١٨ ساڵ لەمەوبەر خەڵک لە ڕووی خۆشباوەڕییەوە و بۆ نەجاتی خۆیان دەنگیان بەم گرووپە ئیسلامییە دەدا، لەئێستادا زۆربەی خەڵکی غەززە حەماس بە یەکێک هۆکارە سەرەکییەکانی هەژاری و برسیەتی، کوشتار و وێرانی و دواکەوتوویی دەزانن. تا بەر لەم شەڕە جەنایەتکارانەیە، ڕۆژانە هەزاران کەس لە کرێکارانی غەززە لە ڕووی ناچارییەوە و بۆ پەیداکردنی کار و دابینکردنی هەزینەی ژیانیان ڕوویان دەکردە ئیسرائیل و بە حەقدەستی زۆر کەمەوە هێزی کاری خۆیان دەفرۆشت. ئەوەش لەحاڵێکدایە کە زۆربەی ڕێبەران و بەرپرسانی حەماس لە قەتەر و سووریە و لۆبنان بوونەتە سەرمایەدارانێکی گەندەڵ کە ژیانێکی یەکجار خوشگوزەران و ئەشرافییان هەیە.
لەو نێوەدا نابێ ڕۆڵی تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامی لە پێکهێنانی گرژی و بەرپاکردنی ئەم شەڕە جەنایەتکارانەیە لەبیربچێتەوە. ڕژیمی ئیسلامی زیاتر لە چوار دەیەیە کە بە دروشمی کۆنەپەرستانەی وەک “ڕێگای قۆدس لە کەربەلاوە تێدەپەڕێ” و “ئیسرائیل غوددەی سەرەتانییە و دەبێ لەناوبچێت” و بە پێکهێنانی گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکان کە پێیان دەڵێ “میحوەری موقاومەت” و بە تەرخانکردنی سەدان ملیارد دۆلار لە بەرهەمی ڕەنج و کاری کرێکارانی ئێران، بەردەوام هۆکارێکی سەرەکیی گرژی و نائەمنی و شەڕ لە ناوچەکە بووە. ئەم ڕژیمە تاوانکارە بێجگەلە دروشم و شانتاژی بێ بنەما، نەتەنها نەیتوانیوە کارێک بەقازانجی خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین ئەنجام بدات بەڵکوو لە هەوڵی ئەوەدایە کە بە دووپاتکردنەوەی درۆ و دەلەسەی وەک ئەوەیکە “کۆماری ئیسلامی لە هێرشە نیزامییەکانی حەماس، حیزبوڵڵای لۆبنان، حوسییەکانی یەمەن و گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق و سووریە نەخشی نییە و کاریگەری لەسەر ئەو گرووپانە نییە کە لە ناوچەکەدا هێرش دەکەنە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل” دەیهەوێ پاکانە بۆخۆی بکات و لەگەڵ ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی دیکەی ڕۆژئاوا دەست بکا بە سازان و موعامەلە.
لە هەلومەرجی ئاڵۆزی ئەمڕۆی جیهان و ناوچەکەدا تەنها ڕێگای کۆتایی هێنان بە شەڕ و خوێنڕشتن لە غەززە و لێواری ڕۆژئاوای ڕووباری ئۆردۆن، پەرەپێدانی بزووتنەوەی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین بەدژی جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل، کۆتایی هێنان بە داگیرکاریی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین لە جەواری دەوڵەتی ئیسرائیلە. پێکهاتنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین دەتوانێ کۆتایی بە شەڕ و کوشتاری سەد ساڵەی خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین بێنێت و دراوسێیەتی و پێکەوەژیانی ئەوان وەدی بێنێت.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran
www.instagram.com/Peshrawcpirn