بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٤، لانیکەم ٢٨ هاووڵاتی لە سێدارە دراون و هاووڵاتییەکیش بە هۆی ئەشکەنجەوە گیانی لە دەستداوە. هەروەها لانیکەم ١٠٩ هاووڵاتیی دەستبەسەر کراون ، ٤٩ کۆڵبەر و کاسبکار کوژروا و بریندار بوون، ٥ بەندکراو مانیان لە خواردن گرتووە، ٢ کرێکار لە کاتی کاردا تووشی ڕووداوی کار بوون و گیانیان لە دەستداوە و هەروەها ١٣ کەس خۆیان کوشتووە و بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆشەوە و پارێزراو نەبوون و خراپی رێگاوبانەکان، ١٦ کەس بوونەتە قوربانی.
دەستبەسەر کردنەکان :
لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ١٠٩ هاووڵاتیی لەوانە ٤ منداڵ لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، بانگ کراون و دەستبەسەر کراون. شایانی باسە، ئەم کەسانە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی ، هاوکاری لەگەڵ حیزبە نەیارەکانی ڕژیم، چالاکی ژینگە پارێزی، چالاکی مەدەنی و هەروەها چالاکی ئایینی دەستبەسەر کراون. جێگای ئاماژەیە، هەر لەم مانگەدا، ٣ کەس لە بەندکراوان حوکمی(مفسد فی الارض) و ٥ کەسیان حوکمی سێدارەیان پێدراوە. هەروەها ١٤ کەسیان حوکمی ٣٩٠ مانگ زیندانیان بە سەردا سەپێنراوە.
سێدارە :
لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٤، لانیکەم ٢٨ هاووڵاتیی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە سێدارە دراون. لە کۆی ئەم ژمارەیە ٥ کەسیان زیندانی سیاسی بوون کە بە تاوانی موحاربە لە سێدارە دراون، ١٥ کەس بە تاوانی پەیوەندیدار بە ماددەهۆشبەرەکان، ٥ کەس بە تاوانی دزی چەکداری و ٢ کەس بە تاوانی کوشتنی بە ئانقەست لە سێدارە دراون. هەروەها هاووڵاتییەکیش بە ناوی پەیمان عەبدی لە زیندان بە هۆی ئەشکەنجە گیانی لەدەستداوە.
کۆڵبەران :
بە پشتبەستن بە ئاماری هانا، لە ژانویەی ٢٠٢٤، لانیکەم ٤٩ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراو و بریندار بوون. لەم ژمارە ٦ کەسیان کوژراون کە سەرجەم کوژراوەکان بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی حکومەت کوژراون. بە پێی ئەم ئامارە ٣٩ کۆڵبەریش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەت بریندار بوون، هاوکات ٤ کۆڵبەر بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ لە ئاکامی ڕاوەدوونان لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە گیانیان لە دەستداوە .
خۆکوژی :
لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٤، لانیکەم ١٣ کەس لە شار و ئاواییەکانی کوردستان خۆیان کوشتووە. زۆربەی ئەم خۆکوژییانە بە هۆی ئەو شتەی کە ناوی دەنێن “کێشەی خێزانی” و بەشێکیشیان بە هۆکاری نادیارەوە بوون. یەک حاڵەت لە خۆکوژیەکانیش سەربازێک بووە کە لە یەکێک لە پادگانەکانی حکومەت خۆی کوشتووە. هەروەها یەکێک لە حاڵەتەکان دکتۆرێک بووە کە بە هۆی دەرکرانی لە شوێنی کارەکەی هەوڵی خۆکوژی داوە و گیانی لە دەستداوە .
کرێکاران :
لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٤ ، دوو کرێکار بە هۆی ڕووداوی شوێنی کار گیانیان لە دەستداوە، هەروەها ژمارەیەک چالاکی کرێکاری لەوانە ژنێک دەستبەسەر کراوە .
ڕووداوی هاتووچۆ :
ڕێگاوبانەکانی کوردستان بە هۆی خراپی ، پارێزراو نەبوون، ستاندارد نەبوون، دۆخی خراپی ئۆتۆمبێلەکان و نزمی کوالێتیەکانیان ، هەموو ڕۆژێک دەبنە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان. لە مانگی ژانویەش لانیکەم ١٦ کەس بە ڕووداوی هاتووچۆ کوژراون و دەیان کەسیش بریندار بوون.