فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئاگاداری ژمارە ٢ی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
هەینی ۲۱-۰۵-۱۴۰۱   |  12-08-2022

 سەبارەت بە پێداگریی سەرکردایەتی رەوتی ئینشعاب لە سەر درێژەی هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە

وەک پێشتر ئاگادارمان کردوونەوە، ماوەی سێ ڕۆژە رەوتی ئینشعاب بە ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی هاوڕيانمان بۆ ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونیان لە ئۆردوگای زەرگویز، هەلومەرجی نامرۆڤانەیان بەسەر هاوڕيیانماندا سەپاندووە. لە بارودۆخێکدا کە هاوڕيیانمان ماوەی سێ شەو و ڕۆژە تەنانەت ڕێگەیان پێنادرێت دەستیان بە کەلوپەلی شەخسی خۆیان بگات، لە حەوشەی پێش پەیوەندییە گشتییەکانی ئوردوگای زەرگویز ماونەتەوە. ئەگەرچی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەم ڕەفتارە لەڕادەبەدەر نامرۆڤانەیەی رێبەری رەوتی ئینشعاب بەرەوڕووی بێزاری و شەرمەزارکردنی بەشێک لە ڕێکخراوە سیاسییەکان و کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵکی خەباتکار و ئازادیخواز لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و بە تایبەت لە شارەکانی کوردستانی ئێران بۆتەوە، بەڵام سەرکردایەتی ئەم رەوتە بەردەوامە بە ڕەفتارە نامرۆڤەکانی  و ڕێگە نادات هاوڕيیانمان بچنە ناو ماڵەکانیان لە ئوردووگا. بە ئاوڕدانەوەیەک بە ڕاگەیاندنی سکرتاریەتی رەوتی ئینشعاب، بێدەنگی لەم ڕووداوە جيێیداخە، بيجگە لە لاساری ئاشکرا و پشتکردن و جوابنەدانەوە بە ڕای گشتی و پێداگری لەسەر بەردەوامبوونی ئەم ڕەفتارە نامرۆڤانەیە هیچ مانایەکی تری نییە.

رێبەری ڕەوتی ئینشعاب سەرەڕای گرتنەبەری ئەم شێوازە دژە دێموکراتیک و نامرۆڤانانە، کە لە دژایەتی تەواو لەگەڵ نەریتە پێشکەوتنخواز و شۆڕشگێڕانەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دایە، ئێستاش فریوکارانە رادەگەیێنێ کە لە جیابوونەوەیەک ناگەنکە بە گرتنی کۆنگرەی فراکسیۆنی خۆی و قەدەغەکردنی بەشداری نیوەی ئەندامانی تەشکیلات لەو کۆنگرەدا، لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە کردیان. ئەم ڕەوتە دوای جیابوونەوە لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە، بەخێرایی بە هەڵوێستە سیاسییەکانی ڕەوتی سۆسیالیستیەوە پەیوەست بوون، کە بە فەرمی دژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و بەرنامەکەی و دژی ستراتیجی سۆسیالیستی کۆمەڵە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بوون. ئێستا بە هەڵوێستی ناسیۆنالیستی و سۆسیال دیموکراتی خۆی، ريگەی نزیکی لە گەڵ دوو لقی ڕێکخراوی زەحمەتکێشانیان گرتۆتەبەر. گرتنەبەری ئەم سیاسەتانە لە لایەن ڕەوتی ئینشعابەوە جگە لە شکست و بە ئامانج نەگەیشتن لە شارەکانی کوردستان، هیچی دیکەی لێنەکەوتۆتەوە. هەڵسووڕوانی وشیار و کۆمۆنیست لە شارەکانی کوردستان، کە شارەزای پێشینەی سیاسەتەکانی حیزبی کۆمۆنیست و کۆمەڵن، لە ئاستێکی بەریندا خۆیان لەم ڕەوتە دوور خستووەتەوە. بۆیە ئێمە نەك هەر لە جیابوونەوە و ئینشعابی ئەم رەوتە دەگەین، بەڵکوو لە هۆکاری ئاژاوەنانەوەکانیان و هەڵسوكەوتی نامرۆڤانەکانیشان بەرانبەر بە هاوڕيیانمان دەگەین و بەتەواوی بۆمان شی دەکريتەوە. رێبەری ڕەوتی ئینشعاب هەوڵدەدا قەرەبووی بەئامانج نەگەیشتن و شکستی ئاشکرای سیاسی خۆی لە شارەکانی کوردستان و کاریگەریی ڕەوانی ئەو شکستە لەسەر ریزەکانی، بە نیشاندانی دەسەڵاتی بەڕواڵەت و ئاژاوەنانەوە لە ئوردوگا و پڕوپاگەندەی سەرلێشێواوانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان  بکاتەوە.

رێبەری ڕەوتی ئینشعاب بە خەیاڵی خاوی خۆی پيی وایە بە دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی ئیمکاناتی ماڵی و پيداویستیەکانی هەڵسووڕانی سیاسی دەتوانێ ڕێگر بێ لە بەرەوپيش چوونی هەڵسووڕانی کۆمۆنیستیمان. ئێمە وەک پێشتر جەختمان کردۆتەوە، بە پشت بەستن بە ویست و ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی ئەندامان و دۆستانی حیزب و کۆمەڵە، بەردەوامبوونی چالاکیەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران گەرەنتی دەکەین. ئيمە ويڕای شەرمەزارکردنی ئەم شێوازە دژی دیموکراتیک و نابەرپرسانەی رێبەری ڕەوتی ئینشعاب، ئێستاش سوورین لە سەر ئەوە کە ئۆردوگا و هەموو موڵک و داراییەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە بەرهەمی زیاتر لە چل ساڵ چالاکی هاوبەشی هەردوو فراکسیۆنی حیزبە و سەربەخۆ لە ناوەرۆکی جیاوازییە سیاسییەکان و هەر هەڵسەنگاندنێک کە لە سەر یەکترەوە هەمانە، پێویستە ئەم ئیمکاناتە بۆ بەردەوامبوونی چالاکی  هەردوو لایەن تەرخان بکرێت.

رێبەری ڕەوتی ئینشعاب تائێستا چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە بەردەوامیی چالاکییەکانمان لە کوردستانی عێراق وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی پێویستی بە مۆڵەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەواندا نییە“. ئەمە لەحاڵيکدایە کە بەرپرسانی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان چەندین جار لە کۆبوونەوە فەرمییەکاندا لەگەڵ شاندەکانی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر هەردووکتان ڕازی بن لەسەر مانەوە لە ئوردووگا ئێمە کێشەمان لەگەڵیدا نابێت . رەوتی ئینشعاب بە دووپاتکردنەوەی ئەم ئیدیعایە هەوڵ دەدات خۆی لە ژير بەرپرسایەتی دەستبەسەرداگرتن وبردنی ئیمکاناتی ئەم ڕێکخراوە و ئەو دۆخەی کە پێکی هێناوە دەربازکا. بەم حاڵەش گومان لەوەدا نییە کە یەکێتی نیشتمانی بە هۆکاری جۆراوجۆر و لە کردەوەد،ا دەستی ڕەوتی ئینشعابی لە بەڕەوپێشبردنی پلانەکانیدا ئاواڵە هيشتۆتەوە.

ئێمە جارێکی دیکەش بە رێبەری ڕەوتی ئینشعاب و شەخسی ئیبراهیم عەلیزادە ڕادەگەیەنین کە بە لابردنی بەربەستەکانی بەردەم هاتنە ژوورەوەی هاوڕێیانمان بۆ ناو ماڵ و شوێنی ژیانی خۆیان، کۆتایی بە ئاژاوەگێڕی بێنێ، و لەوە زیاتر خۆراکی پڕوپاگەندە لەبەردەم میدیاکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رژیمی کۆماری ئیسلامی دانەنێ. لابردنی بەربەست لەبەردەم هاتنە ژوورەوەی هاوڕێیانمان بۆ ماڵەکانیان یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە. دەتوانین ڕێکبکەوین کە بە چوونەدەری هاوڕێینمان لە ئوردوگا گفتوگۆ بۆ دابەشکردنی ئیمکاناتی چالاکی سیاسی ئەم ڕێکخراوە دەست پي بکەین.

لە كۆتاییدا داوا لە سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی حیزب دەكەین بە مەندی و سەبری تەواوەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو قەیرانە بكەن و نەكەونە داوی پڕوپاگەندەی هیستریکی ڕەوتی ئینشعاب و خۆیان بەدوور بگرن لە هەر چەشنە پڕوپاگەندە و سەرنجێك كە زیان بە کەش و هەوا و کولتوری سیاسی تەندروست و پێشکەوتوو دەگەینێ. ئەگەر پێویستیش بۆو، لە چوارچێوەی هەڵوێستە فەرمییەکانی کوملە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا ڕوونکردنەوە پێشکەش کەن.

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١٨ی ئابی ١٤٠١

٩ی ئابی ٢٠٢٢