فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئیدیعا بێ ­بنەماکانی لایەنی ئینشعابی سەبارەت بە هەوڵ بۆ پێکهێاننی بەرەی چەپ و سۆسیالیست لە کوردستان وتووێژی هاورێ محەمەد کەماڵی لەگەڵ هاورێیان ڕەحیم عەزیزپور و بارزان حەسەن پوور
پێنجشەممە ۰۷-۱۱-۱۴۰۰   |  27-01-2022

یەکێک لە پەسندکراوەکانی دوایین پلۆنۆمی جەناحی ڕاستی کۆمەڵە کە بەر لە ئینشعاب بەڕێوەچوو، بڕیارنامە “سەبارەت بە درێژەی هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی چەپی سۆسیالیست لە کوردستان” بوو. لەم  بڕیارنامەیەدا وێڕای ئاماژە بە باروودۆخی سیاسیی ئێران و ڕۆڵی کۆمەڵە وەک بەستێنی سەرەکیی ڕەوتی چەپ و سۆسیالیست لە کۆمەڵگای کوردستان، لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی بزووتنەوەی چەپ وەک سەرەکیترین ئەولەوییەت لە دەورەی ئێستادا تەئکید کراوە. ئەم بڕیارنامەیە وێڕای تەئکید لەسەر ڕەوتی “دیالۆگ و گۆڕینەوەی بیروڕا لەنێوان چالاکانی بزووتنەوەی چەپ لەسەر میحوەری یەکیەتیی کردەوە و قەبووڵکردنی فراوانیی بۆچوون”، هەموو ئەو هێز و هەڵسووڕاوانەی کە خۆیان وەک ڕەوتی چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستان پێناسە دەکەن، بانگهێشتی هاوکاری، دیالۆگ و هەوڵی کردەوەیی دەکات.

لایەنی ڕاستی کۆمەڵە لە باروودۆخێکدا بانگهێتشی دیالۆگ و هاوکاری بە هێزە سیاسییەکان و چالاکانی چەپ و کۆمۆنیست دەدات کە ئیبراهیم عەلیزادە لە پلۆنۆمی پێشوودا بەم “دەلیلە” کە “کۆمەڵە بەستێنی سەرەکیی چەپ لە کوردستانە ڕایگەیاندبوو کە: “هێزی چەپ لە کوردستان بوونی نییە”، “کەوابوو خۆمان بەوەوە نەخافڵێنین کە بڕۆین ئەم سازمانانە ڕێک بخەین”. و لە وتووێژی دواتریشدا ڕایگەیاند کە لە کوردستان بێجگەلە کۆمەڵە هیچ سازمانێکی چەپی دیکە بوونی نییە کە لەگەڵیان بەرەی چەپ پێک بێنێت.

ڕەوتی ئینشعابی لە حاڵێکدا دووبارە لەسەر زەروورەتی پێکهێنانی بەرەی چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستان تەئکید دەکات کە لە ٢٧ی ژانوییەی ٢٠١٩دا پاش نزیکەی یەکساڵ باس و دیالۆگ و بەڕێوەچوونی سیمینار بە بەشداریی هەیئەت­گەلێک لە لایەن ڕەوتی سۆسیالیستیی کۆمەڵە، کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران، کۆمیتەی کوردستانی حیزی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست و کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش لە دەوری دوازدە میحوەری جێی تەوافوق، هەوڵی گشتی بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی چەپ و سۆسیالیستییان لە کوردستان ڕاگەیاند. بەیاننامەی کۆنفڕانسی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە کوردستان کە لەژێرناوی “ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆرایی ئەرکی خێرای ئێمەیە” لەئاستی عەلەنیدا بڵاوکراوە، دەیتوانی هەنگاوێکی سەرەتایی و بنەڕەتی بێت بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکان بە حزوور و بەشداریی هەموو کۆمەڵ و ناوەند و کەسایەتییە چەپ و ڕادیکاڵ و کۆمۆنیستە چالاکەکان لە کوردستان. ئەم هەوڵ و زەحمەتانە و ئەم دەستکەوتە سەرەتاییە بە پێداگریی ڕێبەریی جەناحی ڕاستی کۆمەڵە لەسەر حزوور لە کۆمیتەی دیپلۆماسیی “کەنەکە” کە کۆمەڵێک ڕەوتی مەزهەبی و ناسیۆنالیست تێیدا بەشداربوون، بە ڕاگەیەندراوی کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە ناڕەزایەتی بە حزووری کۆمەڵە لە کۆمیتەی دیپلۆماسی و بە کاردانەوەی بەپەلەی ڕێبەریی حەناحی ڕاست بەرامبەر بەم ڕاگەیەندراوە بە بنبەست گەیشت.

ڕێبەریی جەناحی ڕاست نەتەنیا هیچ ڕەخنەیەکی لە کردەوەی سێ ساڵەی خۆی لە وەدواخستنی هەوڵی کردەوەیی بۆ پێکهێنانی بەرەی چەپ نەگرتووە، بەڵکوو هۆکاری ئەمجۆرە ناکامییانەی بۆ بوونی “فەرهەنگێک کە هاوبەشیی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لەبەرچاوناگرێت و بەردەوام لەسەر جیاوازییەکان تەئکید دەکات” و هەروەها بۆ بوونی ” فەرهەنگێک کە حیزب و ڕێکخراوی سیاسی وەک ئامرازی بەرەوپێش بردنی ئەوەیکە ناوی “خەباتی ئیدێئۆلۆژیک”ی لەسەر دادەندرێت”، دەگەڕێنێتەوە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پێکنەهاتنی بەرەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستان بوونی ئاراستەی یەکجار سێکتاریستی بەرەی ڕاستی کۆمەڵەیە کە بوونی حیزبە چەپ و کۆمۆنیستەکانی دیکە لە کوردستان بەڕەسمی ناناسێت.

بەڵام بەندی ئاخری بڕیارنامەی ڕێبەریی جەناحی ڕاست بە شێوەیەکی ئاشکراتر ماهییەتی واقعیی سیاسەتی هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەرەی چەپ و ئەرزشی مەسرەف و کارکردی ئەم بڕیارنامەیە دەردەخات. لە بەندی کۆتایی ئەم بڕیارنامەیەدا، ڕەخنە لە بڕیارێک گیراوە کە لە ساڵی ٢٠٠٩ی زایینیدا بوو بەهۆی جیابوونەوەی ژمارەیەک لە چالاکانی کۆمەڵە کە خۆیان بە “فراکسیۆنی چالاکی لەژێرناوی کۆمەڵە” پێناسە کرد و دواتریش جەریانی “ڕەوتی سۆسیالیستیی کۆمەڵە”یان پێکهێنا. بڕیارنامەی ڕێبەریی جەناحی ڕاست دەنووسێت: “بڕیاری دەرکردنی ئەوان لەپێناو سیاسەت و هەوڵی کۆمەڵە بۆ ڕێکخستنی چالاکانی چەپ نەبوو. ڕەخنە لە شێوازی چالاکیی ئەم هاوڕێیانە دەیتوانی لە چوارچێوەی مەوازینی حیزبی و بەتایبەت تەئکید لەسەر “قەبووڵکردنی فراوانیی بۆچوونی سیاسی و چالاکیی هاوبەشی حیزبی حەل و فەسڵ بکرێت. هەربۆیە وێڕای بە هەڵە پێناسەکردنی ئەم بڕیارە، کە لە فەرهەنگی سیاسیی ناکارامە بەسەر چالاکییەکانی ئێمەوە سەرچاوەی دەگرت، لە چوارچێوەی کردەوەی بەرینی خۆیدا بۆ وڵامدانەوە بە زەروورەتی پێکهێنانی بەرەیەکی چەپی ڕێکخراو، بەشێوەی دیاریکراو لەگەڵ ئەم هاوڕێیانە باس و دیالۆگ دەکات.”

بەڵام مەسەلە چییە؟ بۆچی ڕێبەریی بەرەی ڕاستی کۆمەڵە پاش ١٢ ساڵ و لەوپەڕی کێشمەکێشە ناوخۆییەکانی تەشکیلاتیدا، وەبیری هاتووەتەوە کە ڕەخنە لەخۆی بگرێت، لەحاڵێکدا هیچ بەربەستێک لەسەر ڕێگای بەشداریی ڕەوتی سۆسیالیستیی کۆمەڵە لە پڕۆسەی باس و دیالۆگ بۆ پێکهێنانی بەرەی چەپ بوونی نەبوو. لەڕاستیدا هەم زیندووکردنەوەی دووبارەی باسی پێکهێنانی بەرەی چەپ و ڕاگەیاندنی ئامادەیی بۆ دیالۆگ لەگەڵ هێزەکانی تر بەبێ ئەوەیکە ناویان بهێندرێت و هەم مەسەلەی ڕەخنەگرتن لە خۆ لە پێوەند لەگەڵ ڕاگەیاندنی کۆتاییی چالاکیی هاوبەش لەگەڵ “فراکسۆنی چالاکی لەژێرناوی کۆمەڵە” هەر دووکیان لە خزمەت بەرەوپێش بردنی پڕۆژەیەکی دیکە دان. پڕۆژەی وەرگرتنی ئەو بەرەیە لە “کۆمەڵەیی”یەکانی پێشوو کە لە دوو باڵی سازمانی زەحمەتکێشان دڵسارد بوونەتەوە. ئیبراهیم عەلیزادە زۆر جار ڕایگەیاندووە کە: “هێزی چەپ لە کوردستان بوونی نییە”، “کۆمەڵە بەستێنی سەرەکیی چەپ لە کوردستانە و داوا لەو هێزانەی کە خۆیان بەم ڕەوتەوە پێناسە دەکەن، بێن و لە دەوری کۆمڵە کۆببنەوە”. ئیبراهیم عەلیزادە چەند ساڵە داوا لە کۆمەڵەییەکانی پێشوو دەکات کە “وەرن حیزبی کۆمۆنیست ڕێگری چالاکیی ئێوە لەناو کۆمەڵەدا نییە”. لەڕاستیدا ناوبراو فەراخان بەو  “سۆسیالیست”انە دەدات کە حیزبی کۆمۆنیست بە ڕێگری هاوکاری یان پەیوەست بوونی خۆیان بە کۆمەڵە دەزانن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هەمووان دەزانن کە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هیچکات لە ماوەی حەیاتی خۆیدا نەتەنیا ڕێگری پەیوەست بوون یان هاوکاریی سۆسیالیستەکان بە کۆمەڵە نەبووە، بەڵکوو بەردەوام هاندەری ئەو مرۆڤە خەباتکار و کۆمۆنیستانە بووە کە باوەڕیان بە بەرنامە و ستراتێژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و سوننەتی خەباتکارانە بووە، بەتایبەت هاوڕێیانێک کە ساڵانێکی زۆر لە تەمەنی خۆیان لە ڕیزەکانی ئەم تەشکیلاتەدا تێپەڕ کردووە. بەڵام ئەو بەناو “سۆسیالیست”انەی کە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە ڕێگری پەیوەست بوون یان هاوکاریی خۆیان بە کۆمەڵە دەزانن ئەساسەن بەهۆی پێداگری ئەم حیزبە لەسەر ئامانجی کۆمۆنیستی و چالاکیی سەرتاسەری بووە.  لەڕاستیدا ئامانجی سەرەکیی بڕیارنامەکەی ڕێبەری جەناحی ڕاست وەرگرتنەوەی ئەو “کۆمەڵەیی”یانەی پێشوویە کە دژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانن. ئامانج گۆڕینی پێکهاتەی سیاسیی ئەندامانی کۆمەڵە لەپێناو بەرژەوەندی بەرتەسکی جەناحی دایە. لە حاڵێکدا کە بەپێی ئەساسنامەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پێوەری دوولایەنە بۆ ئەندام وەگرتن لە ناو حیزبدا بوونی نییە. ئەندامانێک کە لە تەشکیلاتی کوردستاندا چالاکی دەکەن بە قەبووڵکردنی بەرنامە و ئەساسنامەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوونەتە ئەندامی ئەم تەشکیلاتە.

خۆ وەبەر ڕەخنەدانی جەناحی ڕاست لەپێوەند لەگەڵ فراکسیۆنی چالاکی لەژێرناوی کۆمەڵە کە لەناو بەرەی “کۆمەڵەیییەکان”دا بە دژایەتی لەگەڵ حیزبی کۆمۆنیست و بەرنامە و ستراتێژی سیاسی ئەم حیزبە پێناسە دەکرێن لەڕاستیدا چاشنیی بەرەوپێش بردنی سیاسەتی وەرگرتنی ئەو کۆمەڵەییانەیە کە دژی حیزبی کۆمۆنیست و بەرنامە و ستراتێژییەکەیین. ئەم سیاسەتە کە لە بڕیارنامەی جەناحی ڕاستدا فۆرمووڵە کراوە و بە تەئکید لەسەر قەبووڵکردنی فراوانیی بۆچوونی سیاسی و چالاکیی هاوبەشی حیزبی تێئۆریزە دەکرێت، سیاسەتێکی یەکجار بەزیان و تێکدەرانەیە. فراوانیی بۆچوونی سیاسی و پێکهێنانی فەزای دیمۆکراتیک بۆ وێککەوتنی بۆچوونەکان لە ئۆرگانەکانی ڕێبەری تەنیا لەناو حیزبێکی سیاسی کە ئەندام و کادرەکانی چوارچێوەی بەرنامە و ستراتێژی سیاسی و مەوازینی ئەساسنامەییان وشیارانە قەبووڵ کردووە دەتوانێ بێتە هۆی گەشە و پشکوتن. بەبێ وەها چوارچێوەیەکی بەرنامەیی و ستراتێژیک و مەوازینی ئەساسنامەیی، حیزب تا ئاستی بەرەیەکی پۆپۆلیست دادەبەزێت. ئەم بادانەوە سیاسییەی جەناحی ڕاست لە باروودۆخێکدایە کە ڕەوتی پێگەیشتنی شۆڕشی ئێران و گەشەی مانگرتنی کرێکاری نیشانی دەدات کە ڕیزبەندیی چینایەتی لە گۆڕانکارییەکانی داهاتووی ئێراندا یەکجار شەفافتر لە شۆڕشی ٥٧ دەبێت و کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران تەنیا بە پشت بەستن بە هەڵوێستی شەفافی کۆمۆنیستی و چینایەتی دەتوانێ مۆری خۆی لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان بدات.

هەڵبەت لەو نێوەدا بەردەنگێکی جیددی و بەئینساف لە ڕێبەریی باڵی ڕاست دەپرسێت: ئێوە کە ئەو هەمووە لەسەر ئەسڵی قەبووڵکردنی فراوانیی بۆچوونی سیاسی و چالاکیی هاوبەشی حیزبی پێداگری دەکەن بۆچی بۆچوونی باڵی بەرامبەری خۆتان کە هەڵوێست، ڕوانگە و ئەم بڕیارنامەیەی ئێوە، بە جەناحی ڕاستی هەڵوێستی بەرنامەیی و ستراتێژیکی حیزب هەڵدەسەنگێنێت، تەحەمولتان نەکرد؟ ئێوە کە ئەو هەمووە لەسەر زەروورەتی هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەرەی چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستان تەئکید دەکەن چۆنە کە بۆ خستنە ژێر گوشاری بەرەی ناو حیزب و کۆمەڵە، حەربەی سانسۆڕ، مەمنووعول تەسویر کردن و تەسوییەی سیاسیتان گرتەبەر و بۆ دەرکردنیان لە ئۆردووگا تەنانەت لە هەڕەشە کردنیش خۆتان نەبوارد؟ چۆنە کە لە بەشداریی گشت ئەندامانی جەناحی چەپ لە کۆنگرە ڕێگریتان کرد و بە بەڕێوەبردنی کۆنگرەیەکی تەواوەن جەناحی ئینشعابی خۆتان لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە وەک ڕێکخراوی کوردستانی ئەم حیزبە ڕاگەیاند؟