فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئیسڕائیل داوا لە دانیشتووانی غەززه دەکات کە شارەکە جێبهێڵن
شەممە ۲۲-۰۷-۱۴۰۲   |  14-10-2023

بەیانی روژی شەممە ٢٢ی ڕەزبەر، “ئاڤیغای ئادراعی”، وتەبێژی سپای ئیسرائیل لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، داوای لە دانیشتووانی کەرتی غەززە کرد بە زووترین کات شارەکە بەجێبهێڵن و بەرەو باشووری شارەکە بڕۆن بۆ ئەوەی بەر بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان نەکەون و ژیانیان نەکەوێتە مەترسییەوە.
لە پەیامەکەی وتەبێژی سپای ئیسرائیلدا هاتووە، “سپای ئیسرائیل لە نێوان کاتژمێر ١٠ بۆ ٤ی دوانیوەڕۆ، رێگە بە چوونی هاووڵاتییان لەسەر هەردوو شەقامی بەحر و سەڵاحەددین بەرەو باشووری غەززە دەدات بەبێ ئەوەی زیانیانیان پێ بگەیەنێت. ئاماژە بەوەش کراوە، “هەروەها رێگە بە دانیشتووانی رۆژئاوای زەیتوون دەدرێت لەسەر هەردوو شەقامی دەلدوول و سەنا بەرەو شەقامەکانی سەڵاحەددین و بەحر بڕۆن. ئەمە لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ شەممە، میدیاكانی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بڵاویانكردووەتەوە، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی حەماس بە ناوی “مۆراد ئەبو مۆراد” لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراوە. هاوکات وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، هەزار و ٩٠٠ کەسی تێپەڕاندووە. لەنێویاندا ٦١٤ منداڵ و ٣٧٠ ژن هەن، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە نزیکەی هەشت هەزار کەس. لەبەرامبەردا بە گوێرەی راگەیەندراوێکی سپای ئیسرائیل، ئەو کەسانەی لەو وڵاتە بەهۆی هێرشی حەماس و گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە سەرووی هەزار و ٤٠٠ کەس.