فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئیقبال پیشکاری و عەبدوڵڵا خەیرئابادی دوو هەڵسووڕاوی کرێکاری خەڵکی سنە، سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا
پێنجشەممە ۲۹-۰۴-۱۴۰۲   |  20-07-2023

ئیقبال پیشکاری و عەبدوڵڵا خەیرئابادی، دوو هەڵسووڕاوی کرێکاریی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە سزای بەندکرانیان بەسەر سەپا. لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری سنە لە ماوەی ڕابردوودا بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان” سزای ساڵێک بەندکردنی بەسەر ئیقبال پیشکاری و بە هەمان تۆمەت سزای ٢٠ مانگی بەندکردنی بەسەر عەبدوڵڵا خەیرئابادی، دوو هەڵسووراوی کرێکاریی خەڵکی شاری سنەدا سەپاندووە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سزای یەک ساڵ بەندکرانەکەی ئیقباڵ پیشکاری بۆ ماوەی ٢ ساڵ هەڵپەسێردراوە و هەروەها سزای ٢٠ مانگی بەندکرانەکەی عەبدوڵڵا خەیرئابادی بۆ ماوەی ٢ ساڵ و ٦ مانگ هەڵپەسێردراوە. ئەم دوو چالاکە کرێکارییانە، شەوی ٢٧ی گوڵان، لە ماڵی بنەماڵەی هوومەن عەبدوڵڵاهی، لاوی گیانبەختکردووی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” و لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر کراون. دواجار ئیقبال پیشکاری، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی جۆزەردان و عەبدوڵڵا خەیرئابادی، ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی هەمان مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ئازاد کراون.