ئێعدامی بەندکراوێک لە زیندانی ناوەندی ئەردەبیل
دوشەممە ۳۰-۱۱-۱۴۰۲   |  19-02-2024
بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی ڕێبەندان، سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی “ئیرەج پاکی” خەڵکی گوندی “ستوونڕەش”ی سەر بە شاری سەڵماس، لە زیندانی ناوەندی ئەردەبیل جێبەجێ کرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیرەج پاکی شەش ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی “پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان” دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. جێگای ئاماژەیە، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لە سێدارەدرانی ئەو بەندکراوە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دادوەری ڕژیمەوە بڵاونەکراوەتەوە.