سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی گەلاوێژ، حوکمی ئێعدامی چوار بەندکراوی خەڵکی بەلوچستان، لە زیندانی ناوەندیی زاهێدان بەکردەوە دەرهات.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، “عەبدولسەمەد خادم” ٢٩ ساڵ تەمەن و خەڵکی شاری “زەهەک”ی سیستان و بەلوچستان، “یەعقووب ئێجباری” خەڵکی گوندی “قەرەقرووک”ی زاهێدان و دوو بەندکراوی دیکەی خەڵکی زاهێدان بە ناوەکانی “محەممەدئەنوەر بەراهوویی” و “قەنبەرزێهی”، بە تۆمەتی “تاوانەکانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان” لە زیندانی ناوەندیی زاهێدان ئێعدام کران. هەروەها زیندانیەکی تر بە ناوی عەبدولرەزا قلاوەند خەلکی ئەندیمشک و باوکی منداڵێک بە هەمان تۆمەت لە زیندانی شیبانی ئەهواز لەسێدارە درا. جێگای ئاماژەیە، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی ئێعدامی ئەم پێنج بەندکراوە لە لایەن ڕاگەیەنەرەکانی ڕژیم بە تایبەت ڕاگەیەنەرەکانی نزیک لە دەسەڵاتی دادپەروەری بڵاونەکراوەتەوە.