بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی گوڵان، حوکمی ئیعدامی لانیکەم ٤ هاووڵاتی بە ناوەکانی “مەسعوود ئەستەکی، جەعفەر حەسەنزادە، مەجید ڕەزایی و مستەفا ئاقامحەممەدی” لە زیندانی ناوەندیی ئیسفەهان جێبەجێ کرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چوار بەندکراوە کە هەموویان لە هاووڵاتییانی لوڕی بەختیاری و خەڵکی زەینەبیەی ئیسفەهان بوون، ١٠ ساڵ لەمەوبەر لە پەروەندەیەکی هاوبەش بە تۆمەتی “کوشتنی بەئەنقەستی ئامۆزای مەسعوود ئەستەکی” دەستبەسەر کرابوون و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندرابوو. شایانی باسە، ئەو چوار هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ١٧ی گوڵان، لەگەڵ تۆمەتبارێکی دیکە بەناوی “مەحموود عەتایی نیکوویی ئابادی” بەمەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی سێدارەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوونەوە.