ئەمریکا و بریتانیا لە کاردانەوە بە هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل، گەمارۆی نوێیان خستە سەر ناوەندە پێوەندیدارەکانی بەرهەمهێنانی دڕۆن و مووشەک لە ئێران.
وەزارەتی خەزانەداریی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خاکەلێوە، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە کە ١٦ کەس و دوو دامەزراوە کە بوار بۆ بەرهەمهێنانی مۆتۆری دڕۆنی شاهێد بۆ کۆماری ئیسلامی دەڕەخسێنن، خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.
گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکا پیشەسازی فولاد و بەرهەمهێنەرانی ماشین لە ئێرانی گرتووەتەوە کە لەم بوارەدا ڕۆڵیان هەیە.
هەروەها بریتانیا بە گشتی ١٣ دامودەزگا، لەوانە ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان و هێزی دەریایی سپای پاسدارانی خستووەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.
جگە لەوە بریتانیا چەندین ڕێکخراوی نیزامی ، کەسانێک و دامەزراوەی پێوەندیدار بە پیشەسازییەکانی دڕۆن و مووشەکی بالیستیکی ڕژیمی کردووەتە ئامانجی گەمارۆکان.
ڕیشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خاکەلێوە وتبووی گرووپی حەوت کار لەسەر کۆمەلێک لە ڕێوشوێنی هاوئاهەنگ دژی کۆماری ئیسلامی دەکات.
جێگەی ئاماژەیە کە ڕۆژی چوارشەممەش وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیاندا لە بروکسێل بڕیاریان دا کە گەمارۆکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی زیاتر بکەن.