هەفتەی رابردوو خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاساکە کرا کە تێیدا پێشنیازی سەپاندنی سزای (لەسێدارەدان یان زیندانی هەتا هەتایی) کراوە، بەسەر ئەو کەسەی کە پەیوەندیەکی هاورەگەزبازی لەگەڵ کەسێکی دیکەدا هەبێت.
هەروەها لەنێو پرۆژەیاساکەدا هاتووە، هەر کەسێک “برەو بە هاوڕەگەزخوازی بدات” یان هانی ئەو بابەتە بدات، ئەوا سزای زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێنرێت کە ماوەی زیندانییەکەی کەمتر نەبێت لە حەوت ساڵ.
سەعد ئەلساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی “حقوق” لەوبارەیەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، یاساکە “هێشتا لە پرۆسەی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕادایە”، روونیشیکردەوە، هەموارکردنەوەی یاساکە بۆ پڕکردنەوەی هەموو بۆشاییەکی یاساییە.
ئاماژەی بەوەشدا، کە چەند جارێکی دیکە خوێندنەوەی بۆ رەشنووسی یاساکە دەکرێت، بەڵام دوا وادەی خوێندنەوەی پرۆژەیاساکەی ئاشکرا نەکرد.
عێراق یەکەم وڵات نییە کە بیەوێت رێوشوێنەکان لە دژی هاوڕەگەزخوازی توندتر بکات، هەریەک لە وڵاتانی: ئێران، رووسیا و ئۆگەندا، لەو وڵاتانەن کە بە توندترین شێوە رووبەڕووی ئەو جۆرە کەسانە دەبنەوە.