ئەوەڵی مانگی مەی لە چ باروودۆخێکدا بەڕێوەچوو
ئەوەڵی مانگی مەی ئەمساڵ لە سەرتاسەری جیهان مۆری باروودۆخێکی پێوە دیار بوو کە تێیدا لەلایەکەوە ملیۆنان مرۆڤ هێستا لە دواهاتەکانی پەتای کۆرۆنا ڕەنج دەبەن و لەلایەکی دیکەشەوە شەڕ لە ئۆکراین کێبەرکێی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکانی بردووەتە قۆناغێکی نوێوە و تێچوویەکی بەرینی بەسەر کرێکاران و خەڵکی جیهاندا سەپاندووە. ئەگەرچی ڕێژەی قوربانییانی پەتای کۆرۆنا تا ڕادەیەک کەم بووەتەوە بەڵام هێشتا بەسەختی دەکرێت باس لە قۆناغی دوای کۆرۆنا بکرێت. ملیۆنان کەس لە خەڵک هێشتا تازیەباری لەدەستدانی ئازیزانیانن. هێشتا ملیۆنان کەس لە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش کە بەهۆی پەتای کۆرۆنا پیشەکانیان لەدەست داوە هەروا بەشوێن ڕێگایەکەوەن بۆ دابینکردنی بژێوی خۆیان و بنەماڵەکانیان. هێستاش سەرانی دەوڵەتانی سەرمایەداری وادەی گەڕانەوە بۆ باروودۆخی بەناو ئاسایی دەدەن. لە هەموو شوێنێک دەوڵەتان و خاوەنکاران لە بەرامبەر شەپۆلی هەڵاوسان و گرانیدا باس لە بردنەسەرەوەی حەقدەست و یارمەتیی دەوڵەتی دەکەن. بەڵام هەر ئەم جەماوەرە، واقعییەتی چوونەسەرەوەی نرخی کاڵا ئەساسییەکان دەبینن. چوونەسەرەوەی نرخی نەوت و گاز لە هەموو شوێنێک وای لێکردوون کە لە نێوان گەرمبوونی ماڵ یان تێرکردنی زگی برسییان یەکیان هەڵبژێرن. هەڵبەت هاوکات ڕاپۆرتی قازانجی ملیاردیی ناوەند و کۆمپانیاکانی درووستکردنی دەرمان ڕادەگەیەندرێت. هێستاش دەسەڵاتداران هاواری ئەوە دەکەن کە چەرخەی بەرهەمهێنان نەگەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی تا بەستێنی وەپشت گوێدانی داخوازیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش ئامادە بکەن.
لە هەموو شوێنێک تەپڵی شەڕ دەکوترێت. کێبەرکێیەکی خۆفناک لەسەر ناردنی چەکی سووک و قورس بۆ ئۆکراین لە ئارا دایە. خەڵک دەبێت باوەڕ بکەن کە بە ناردنی یارمەتیی نیزامی بۆ ئۆکراین دەکرێت بەر بەم شەڕە بگیرێت. هەرجۆرە ناڕەزایەتییەک لەدژی ئەم شەڕە ئیمپریالیستییە مۆری دیفاع لە ڕووسیەی لێدەدرێت و دەبێت دەستبەجێ کپ بکرێت. لە هەموو شوێنێک دەلیل دێننەوە کە ئەم شەڕە دژبە دیکتاتۆری و داگیرکاریی ڕووسیەیە و بۆ دیفاع لە دیموکراسی و دنیای ئازاد ئەنجام دەدرێت. سەرۆکی مەجلیسی سێنای ئەمریکا لە حیزبی دیموکرات لە دیداری لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئۆکراین بە بێشەرمییەکی بێوێنەوە وتی “ئێمە لێرەین تا بەخاتری دیفاعتان لە دیموکراسی سپاستان بکەین. جیهان شانازی بە ئێوەوە دەکات کە بۆ دیفاع لە دیموکراسی هاتوونەتە مەیدان”. هەموو کەرەستەیەکی میدیایی دەگرنە ئیختیاریان تا ملیۆنان کەس لە خەڵک لە ماهییەتی واقعیی ئەم شەڕە بێ خەبەر بهێڵنەوە. بەڵام لە جەرگەی ئەم هەرواوهوریایەدا، جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دەڕژێنە سەر شەقامەکان تا بە مارشی مەزنی خۆیان ڕۆژی خەباتی کرێکاران ڕێز لێ بنێن. لە وڵاتانی گەورەی سەرمایەداری، ئەو شوێنەی کە یەکیەتییە کرێکارییەکان بەناو بوونەتە هاوبەشی کۆمەڵایەتیی خاوەنکاران، لە دەرفەتی ئەوەڵی مانگی مەی کەڵکیان وەرگرت تا هاوئاراستەیی خۆیان لەگەڵ سیاسەتی شەڕخوازانەی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی ڕاگەیەنن. سەرانی ئەم یەکیەتییە ڕێفۆرمیستانە بەناوی چینی کرێکارەوە پشتی دەوڵەتەکانیان گرت. لە بەرامبەردا هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان و چالاکانی چەپی یەکیەتییە کرێکارییەکان بە ئاڵای سووری خۆیانەوە هاتنە سەر شەقامەکان تا وێڕای ڕێز لێنان لە هاوپشتیی ئەنترناسیۆنالیستیی کرێکاران دژبەم شەڕە ئیمپریالیستییە دەنگ هەڵبڕن.
ڕاوێژکاری ئاڵمان لە وتاری ڕێوڕەسمی یەکی مەی خۆیدا لە شاری دۆسێلدۆرفی ئاڵمان کە بە هیمەتی یەکیەتییە کرێکارییەکان ڕێکخرابوو، هاواری کرد کە ” ئێمە لەگەڵ دوژمنی دیموکراسی، بەرەنگاربوونەوەیەکی دژوارمان دەبێت”. بەڵام لە هەمان خۆپیشانداندا، دژبەرانی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە دەنگیان هەڵبڕی و مۆری شەرخوازییان لەناوچاوانی دا. سەرەڕای هەموو ئەم تەبلیغاتانە لە شارەکانی بێرلین و هامبوورگ دەیان هەزار کەس ڕێوڕەسمی تایبەتی “ئەوەڵی مانگی مەی”یان بەرپا کرد و دەوڵەتی ئاڵمان تەنیا لە بێرلین پێنج هەزار و ٥٠٠ هێزی ئینتزامی و سەرکوتگەری بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم ڕێپێوانە هێنابووە مەیدان. لە ڕووسیە یەکیەتییە کرێکارییەکان لە دیفاع لە دەوڵەت هاتبوونە سەر شەقام و بە تەواو مانا پشتیوانیی خۆیان لە پوتین ڕاگەیاند. لە فەڕانسە بەبۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی نزیک بە ٢٥٠ خۆپیشاندان و کۆبوونەوە لە سەرانسەری ئەم وڵاتە بەڕێوەچوو. لە هەموو ئەم کۆبوونەوانەدا دژبە ماکرۆن درووشم وترایەوە و خۆپیشاندەران خوازیاری ئەوە بوون تا بەرژەوەندی خەڵک ببێتە ئەولەوییەت. لەم ڕێپێوانانەدا گەڵاڵەی ماکرۆن بۆ بردنەسەرەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ جارێکی دیکە مەحکووم کرا.
بەڵام ئەوەڵی مانگی مەی لە ئێران کەشوهەوایەکی تری بوو. چینی کرێکاری ئێران ساڵێکی پڕ لە مانگرتن و ناڕەزایەتیی وەپشت سەر نابوو. زیاتر لە دوو هەزار مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، ئەو کارنامە درەوشاوەیە بوو کە بە فیداکاری، بوێری، خۆڕاگری و دانی بەهای گران بەدەست هاتبوو. چینی کرێکاری ئێران بە وەها کارنامەیەکی درەوشاوەوە بەرەوپیری ئەوەڵی مانگی مەیەوە چوو. هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم لە سەروبەندی ئەوەڵی مانگی مەیدا بە بانگکردنی هەڵسووڕاوانی کرێکاری، ناردنی پەیامی هەڕەشەئامێز و پاشان دەستبەسەرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە هەڵسووڕاوانی کرێکاری، مامۆستایان و خانەنشینکراوان، ترس و سەرلێشێواویی خۆیان نیشان دا. بەڵام ئەم هەڕەشە و ڕەشبگیرییانە نەیتوانی کرێکاران چاوترسێن بکات.
لە سەروبەندی ئەوەڵی مانگی مەیدا ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراو و ناوەندە سەربەخۆ کرێکارییەکان بە بڵاوکردنەوەی بانگهێشت ڕایانگەیاندبوو کە ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار بەڕێوەدەبەن. لە سەندیکای شیرکەتی واحیدەوە تا کرێکارانی حەوت تەپە، لە کرێکارانی فوولادی ئەهوازەوە تا شۆرای مانگرتنی کرێکارانی پڕۆژەیی نەوت و گاز و پێترۆشیمی، لە یەکیەتیی ئازادی کرێکارانەوە تا شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی مامۆستایان و ڕێکخراوی خانەنشینکراوان لە بەیاننامە و بڕیارنامەکانیاندا، داخوازییەکانی کرێکارانیان ڕاگەیاندبوو. ئەم بانگهێشت و بڕیارنامانە ماهییەتی ئاشکرای دژە سەرمایەداری و دژە مەزهەبییان هەبوو. لە ڕۆژی ئەوەڵی مانگی مەیدا سەرەڕای توندبوونەوەی فەزای پۆلیسی و درێژەی ڕەشبگیرییەکان لە پتر لە پەنجا شار و ناوەندی کرێکاریی ئێران، کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەشێوەیەکی بەرین بەڕێوەچوون. لەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانەدا مامۆستایان و باقیی بەشەکانی بزووتنەوەی کرێکاری وێڕای تەئکید لەسەر هاوپشتیی بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران لەسەر درێژەی خەبات بۆ وەدیهاتنی خواست و داخوازییەکانیان پێداگرییان کرد.