بابەک کەریمی، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن لقی ٢ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئیلامەوە بە ٤ ساڵ و ٩ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.
بەپێی دەنگێک کە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئیلامەوە دەر کراوە، بابەک کەریمی، بە تۆمەتی “کۆبوونەوە دژی تەناهیی نێوخۆیی وڵات” بە سێ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی “بێڕێزی بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی” بە ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.
بەپێی ماددەی ١٣٤ی یاسای ئایینی دادڕەسی کەیفەری، بەرزترین سزا واتە ٣ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی تەعزیری بۆ ئەم هاووڵاتییە جێبەجێ دەکرێ.
خەرمانانی ئەمساڵ، بابەک کەریمی بە تۆمەتی “بێڕێزی بە مەئمووری حکوومەت” و “تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی”، بانگهێشتی لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەیوانغەرب کرا و چاوەڕێ حوکمی دادگایە.
کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم خۆپیشاندەرە ڕۆژی ١٢ی گولانی ئەمساڵ لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیلام بەڕێوە چووبوو.
بابەک کەریمی ڕۆژی ٣٠ ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ئەیوانغەرب، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ڕێبەندان بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەنیی ئیلام ئازاد کرابوو. ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە درێژکرانەوەی ماوەی دەسبەسەرکران و پێڕانەگەیشتن بە دۆسییەکەی دوو جار مانی لە خواردن گرتبوو.