ئۆرگانی هەواڵنێریی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران، “هێرانا”، ڕاپۆرتێکی لەژێرناوی “نیگایەکی ئاماری بە دیمەنەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ساڵێک کە تێپەڕی” بڵاوکردووەتەوە. لەم ڕاپۆرتەدا حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی دراوەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. هێرانا بەشێک لە نیگا ئامارییەکەی بە منداڵان تەرخان کردووە و چەند دیمەنێکی لە باروودۆخی منداڵان لە ئێران نیشان داوە. لەم ئامارەدا هاتووە کە “هەرچەند بەهۆی کەمتەرخەمی ڕێکخراوە بەرپرسەکان و هەروەها بوونی مافیای بەکارگرتنی منداڵان لە ئێران، ئامارێکی ورد لە ژمارەی منداڵانی کار و شەقام لەلایەن بەرپرسانی پێوەندیدارەوە نادرێتە دەر، بەڵام بەپێی بەرئاوردی ئەنجومەنی زانستیی مەدەدکاریی کۆمەڵایەتیی ئێران لە ساڵی ١٤٠٠دا، لانیکەم ٧ ملیۆن منداڵی کار لە ئێراندا خەریکی چالاکین”. لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە “بەهۆی بێدەنگیی بنەماڵەکان و هەروەها ناوەندە دەوڵەتییەکان ئامارێکی ورد لە ڕێژەی منداڵئازاری لەبەردەستدا نییە بەڵام لانیکەم ٧٧٦٤ حاڵەتی منداڵئازاری و ١٦ حاڵەتی دەستدرێژی و ئازاری سێکسی بۆسەر منداڵان، ١٦ حاڵەتی کوشتنی منداڵان، ٤ قەتڵی نامووسی، ٩٢ حاڵەتی خوکوژیی منداڵان، ٢٩ حاڵەتی فرۆش و قاچاخی منداڵان، هاوسەرگیریی پتر لە ٢٠ هەزار منداڵ و زیاتر لە ٣ ملیۆن منداڵی بێبەری لە خوێندن لەمساڵدا بەپێی ڕاپۆرتەکان تۆمار کراون.”
دیاردەی منداڵانی کار، کە لەم ڕاپۆرتەدا ئامارەکەی ٧ ملیۆن کەس بەرئاورد کراوە یەکێک لە نیشانە دیارەکانی ماهییەتی دژەئینسانی و ستەمکارانەی نیزامی سەرمایەدارییە. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، هەژاری و فەلاکەتی ئابووری کە ئەم ڕژیمە دیکتاتۆر و هارە بەسەر زۆربەی هەرەزۆری خەڵکیدا سەپاندووە، ژمارەی منداڵانی کاری ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر کردووە. ملیۆنان منداڵێک کە بەردەوام بە ژمارەیان زیاد دەبێت، بەهۆی هەژاری و دەستکورتیی دایک و باوکیان لەجیات خونێدن و کایە و سەیران، هەر لە سەرەتای منداڵییەوە، ڕەوانەی بازاڕ دەکرێن و بەناچار، بە ڕیزی چەوساوەکان پەیوەست دەبن. لە کۆماری ئیسلامیدا کە دین و دەوڵەت بەتەواوی تێکهەڵکێشراون، مافی سەرەتایی منداڵان، بەشێوەیەکی توندوتیژتر پێشێل دەکرێت. بەپێی یاسای کاری کۆماری ئیسلامی کار پێکردن بە منداڵانی کەمتر لە ١٥ ساڵ قەدەغەیە. ئەگەرچی ئاستی تەمەن بۆ منداڵان لە ئێران دەبێ ١٨ ساڵ بێت، بەڵام هەر ئەم بەندە ناتەواوەش لەم وڵاتەدا لەلایەن خاوەنکاران و دەوڵەتەوە بەڕێوەناچێت. منداڵانی ژێر تەمەنی ١٥ ساڵ لەبەر چاوی هەمووان، لەوانە کاربەدەستان و بەرپرسانی دەوڵەت، لە کارگە شێدارەکانی تەونکردنەوە بگرە تا کارگە نائەمنەکان و شەقام و گەڕەکەکان خەریکی کارن.
منداڵانی کار و شەقام زۆربەیان منداڵانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشن. کەوابوو کێشەی ئەوان و سەرەنجدان بە گیروگرفتەکانیان ئەمری چینی کرێکارە. چالاکان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری لەم بابەتە ئاگادارن. ئەوان لە بڕیارنامە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا خواستی ڕێگری لە کاری منداڵانیان بەردەوام هێناوەتە گۆڕێ. ئەم کرێکارە پێشڕەوانە لە هەمان حاڵدا دەزانن کۆماری ئیسلامی کە سەدان ملیارد دۆلاری بۆ پڕۆژەی ناوەکی، بردنەسەرەوەی بوودجەی ئۆرگانی نیزامی و ئەمنییەتی و دەزگای ڕووحانییەت و دەستتێوەردان لە ناوەندە قەیراناوییەکان تەرخان کردووە، بەڵام هیچکات بایەخی بە کێشەوگرفتی کۆمەڵایەتیی منداڵانی کار و شەقام نەداوە. ئەم ڕژیمە سەرەڕای پێکهێنانی دەزگای جۆراوجۆری بەناو بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ نەهامەتییەکانی منداڵانی کار، هەرگیز هەنگاوێکی کاریگەری لەپێناو سووککردنی ڕەنجی منداڵان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان هەڵناگرێت.
منداڵهاوسەری کە ڕاپۆرتی هێرانا ئامارەکەی لە ساڵی ١٤٠٠دا بیست هەزار حاڵەت ڕاگەیاندووە، دیاردەیەکی لەمێژینەیە لە کۆمەڵگای ئێراندا کە لەژێر کارگەریی نەریتی دواکەوتووانە و مەزهەبی لە کۆمەڵگای ئێراندا بەرهەم دێتەوە و حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەم باوەڕ و حوکمانە پۆششی یاسایی و مەدەنیی داوە. بەهۆی باروودۆخی نالەباری ئابووری زۆربەی خەڵک و گوشاری گرانی، بێکاری و لەخوارێ بوونی ئاستی داهات، هێندێک لە بنەماڵە هەژار و بێبەشەکان، کچ بە باری ئیزافەی هەزینەی بنەماڵە دەزانن و بۆ کەم کردنەوەی هەزینە، ناچار بە هاوسەرگیریی ئیجبارییان دەکەن. لێکۆڵینەوەی کارناسان نیشانی داوە کە چوونەسەرەوەی منداڵهاوسەری لەگەڵ پەرەسەندنی هەژاری و لەگەڵ گیرۆدەبوونی دایک و باوک بە ماددەی هۆشبەر پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە.
هاوسهرگیریی منداڵان، یهكێك له دیمهنه مهترسیدارهكانی توندوتیژی دژبه منداڵان و نموونهی منداڵ ئازاری و كۆیله كردنی ئهم نهونهمامانه بهئهژمار دێت و پێویسته به تاوانی جهنایی، لهقهڵهم بدرێ. پێویسته ئهو پهیوهنده كۆمهڵایهتیانهی كه لهگهڵ توندبوونهوهی ههژاری و فهلاكهتی ئابووری، بهستێنی پهرهسهندنی هاوسهرگیریی منداڵان دهخوڵقێنن، ئهو شهرع و سوننهتانهی كه ڕێگه بهمجۆره هاوسهرگیریانه دهدهن و بهرههمی دێننهوه، ڕیشهكێش بكرێن. بهڵام له ههمان حاڵدا پێویسته نەریت و سوننهتی دواكهوتوو و پرتووكاوی ئهو سهرپهرستانهی كه كچه منداڵهكانیان ناچار به هاوسهرگیری دهكهن، ببردێته ژێر پرسیارهوه. ئهوان كه زۆرجار بهخاتری ههژاری دهست دهدهنه ئهم كاره، پێویسته نیسبهت به دواهاتی یهكجار زیانباری ئهم كردهوهیهیان، ئاگادار بكرێنهوه. بێگومان ئەوەیکە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای ئێراندا لەئارا دایە چارەنووسی حەتمیی منداڵان نییە. ئەم باروودۆخە دەکرێ و دەبێ بگۆڕدرێ. پێویستە بە پشت بەستن بە خەباتی کرێکاران و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان، لەڕێگەی بەهێزکردنی ڕێکخراوی سەربەخۆی داکۆکیکاری مافی منداڵان، ئیسلاحاتێک لەپێناو باشترکردنی باروودۆخی ژیانی منداڵانی کار و شەقام بەسەر ڕژیمدا بسەپێندرێت. بەڵام بۆ گۆڕینی بنەڕەتیی ئەم باروودۆخە و ڕزگارکردنی منداڵانی ئەم کۆمەڵگەیە لە وەها چارەنووسێکی نگریس، ڕێگایەک بێجگەلە پێشڕەویی بزووتنەوەی سۆسیالیستیی چینی کرێکار و یەکگرتوویی و خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیم بوونی نییە.