بانگهێشت بۆ مانگرتن لە قوتابخانەکان
دوشەممە ۱۱-۰۷-۱۴۰۱   |  03-10-2022
ئەنجومەنی هاوئاهەنگی ڕێکخراوە هاوپیشەکانی فەرهەنگییانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا داوای لە مامۆستایان و قوتابیان کردوە ڕۆژی سێشەممە مان بگرن و نەچنە سەر کلاسی دەرس.
لە بەشێکی بەیاننامەی ئەو ئەنجومەنەدا بە ئاماژە بە ڕووداوەکانی زانکۆی سەنعەتی شەریف هاتووە، کە “دەسەڵات ئەمجارەش لەبری وەڵامی مەنتیقی و ژیرانە، توندوتیژی گرتەبەر و بەداخەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ کەس لە خەڵکی ئێران کوژراون و هەزاران کچ و کوڕ بریندار و دەستگیرکراون.”
ئەنجومەنی هاوئاهەنگی ڕێکخراوە هاوپیشەکانی فەرهەنگییانی ئێران داوای لە قوتابیان و مامۆستایان کردووە بۆ نیشاندانی هاودەنگی و هاوپشتی لە خۆپێشاندەران، رۆژی سێشەممە، ١٢ی ڕەزبەر لە نێو قوتابخانەکان مانبگرن و نەچنە نێو هۆڵەکانی خوێندن.