لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم سەد و شەست هاووڵاتیی خەڵکی شاباد کە زۆرترینیان دانیشتووی گوندی “لوڕ” بوون ، لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بانگکراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا ناوەندە حکوومەتییەکان نزیکەی سەد و شەست هاووڵاتییان لە شاری شاباد بانگکردووە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کردوون. ئەم بانگکرانانە لەدوای هێرشی هێزەکانی ڕژیم بۆ سەر گوندی لوڕ لەم شارە دەستی پێکردووە، کە لەم هێرشەدا هێزەکانی ڕژیم بەبێ هیچ ئامانجێکی دیار خانووەکانی ئەم گوندەیان داوەتە بەر دەستڕێژ. ئەمە لەحاڵێکدایە کە میدیاکانی ڕژیم لەبارەی ئەم هێرشەوە بانگەشەی ئەوەیان بڵاوکردبووەوە کە ئەم چالاکیانە بۆ دەستبەسەرکردنی بکوژانی سەجاد ئەمیری، ئەندامی کوژراوی سپای پاسداران ئەنجامدراوە کە لە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی جۆزەردان لە کرماشان کوژرابوو.