لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، محەممەد عەباسزادە، هونەرمەندی ناسراوی خەڵکی شاری ئیلام بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە گۆرانی وتنی هەندێ لە گۆرانیبێژە حکوومەتییەکان بۆ پشتیوانی لە هەڵبژاردنەکان، لە لایەن ئەماکنی ئیلامەوە بانگ کراوە و پاش هەڕەشە و وەرگرتنی بەڵێنی زۆرەملێ ئازاد بووە.
محەممەد عەباسزادە بە بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا، سەبارەت بە پشتیوانیی ئەم گۆرانیبێژانە لە هەڵبژاردنەکانی حکوومەت ناڕەزایەتیی دەربڕیبوو. جێگای ئاماژەیە، لە مانگی گوڵانی ئەمساڵیش، ئەم هونەرمەندە لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئیلامەوە بە تۆمەتەکانی “بێڕێزی بە ئیمامەکان و بڵاوکردنەوەی درۆ”، بە ٦ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران، پیبژاردنی ٢٤ میلیۆن سزای نەختی و سزای تەکمیلی سزا درابوو. ناوبراو هەروەها بە نووسینی ٥٠٠ لاپەڕە وتار بە دەستوخەتی خۆی سەبارەت بە “ئەنجامی بێڕێزی بە پیرۆزییەکان لە قیامەت” مەحکووم کراوە. محەممەد عەباسزادە، پێشتریش لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیلامەوە بە تۆمەتی “بەشداری لە کۆبوونەوە و نائارامییەکان، خوێندنی سروود بۆ ژینا ئەمینی”، “تێکدانی بیروڕای گشتی و پێوەندی لەگەڵ دوژمنان” بە یەک ساڵ زیندانی تەعلیقی و دانی ٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی و لێدانی ٧٤ زەربە شەلاق مەحکووم کرابوو. محەممەد عەباسزادە، ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەری پارەکە، لە ماڵەکەی خۆیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و پاش چەند ڕۆژ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی، بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام ڕاگوێزرابوو. ئەم هونەرمەندە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، لە ڕێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی ئیلام ئازاد کرابوو.