فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بانە؛ بەردەوامیی دەسبەسەری و ناڕوونیی چارەنووسی دوو هاووڵاتیی
یەکشەممە ۱۷-۰۲-۱۴۰۲   |  07-05-2023

چارەنووسی دوو هاووڵاتیی بە ناوەکانی “ئەحمەد غولامی” و “ڕەسووڵ عوبەیدی” خەڵکی گوندی “سیوچ” سەر بە شاری بانە پاش دەسبەسەرکرانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ناڕوونە.

ئەم دوو هاووڵاتییە تا ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان هیچ زانییارییەک سەبارەت بە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی گوڵان، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیم بۆ دەسبەسەرکردنی ئەحمەد غولامی، وانەبێژی زمانی کوردی، گەمارۆی  زەوییە کشتوکاڵییەکەیانی ناوبراویان داوە و بە بێ هیچ هۆکارێک دەسبەسەریان کردووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی هێرشکردنە سەر ماڵی ئەحمەد غوڵامی دەستیان بەسەر ماشینەکەی، ماتۆڕەکەی و هەندێ کەرەستەی تاکەکەسیی ناوبراودا گرتووە.

هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی “ڕەسووڵ عوبەیدی” خەڵکی گوندی “سیوچ”ی بانە و پاش پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بەسەر هەندێ کەرەستەی تاکەکەسیی ناوبراودا گرتووە.

پێشتر ئەم هاووڵاتییە بە هۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لەدەست دابوو.

پاش دەسبەسەرکرانی ئەم دوو هاوولاتییە، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی گوڵان ٥ هاووڵاتیی خەڵكی گوندی “سیوچ” بە ناوەکانی “عوسمان مەحموودی. فەرهاد ڕەحمان‌پوور، سەلام عەبدوڵڵاهی، زاهیر ئیسماعیلی و جەعفەر عەبدوڵڵاپەنا” بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە کرابوون و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کرابوون.

تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەحمەد غوڵامی و ڕەسووڵ عوبەیدی زانیارییەک دەست نەکەوتووە.