ڕۆژی ئەوەڵی مانگی مەی (١١ی گوڵان)، لە سەرتاسەری جیهان سەدان هەزار کرێکار هاوڕێ لەگەڵ هێزە چەپ و کۆمۆنیست و پێشکەوتووخوازەکان دژبە نیزامی سەرمایەداری و هێرشی بەرینی بۆسەر ئاستی ژیان وگوزەرانی کرێکاران و چەوساندنەوەی هێزی کار و هەروەها دژبە شەڕخوازی و میلیتاریزمی ئەم نیزامە ماڵوێرانکەرە هاتنە سەر شەقامەکان. لە ئێرانیش هەزاران کرێکار بە شێوازی جۆراوجۆر دەنگی ناڕەزایەتییان دژبە ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی ڕەساتر کرد و بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خۆیان پەرە پێدا و بەم هۆیەوە ژمارەیەک لە هەڵسووڕاوانی کرێکاری و مامۆستایان دەستبەسەکر کران.
ئەمساڵ بزووتنەوەی سەرتاسەریی مامۆستایان بەشێوەیەکی بەرچاو لەم ڕۆژەدا بەشداربوون و سەرەڕای سیاسەتی پۆلیسی و ئەمنییەتیی بەرین و دەسبەسەرکردنی چالاکان و ڕێکخەرانیان، پاشەکشەیان نەکرد و بۆ گەڵاڵەکردنی خواستەکانیان لەوانە یەکسانکردن و ڕیزبەندیی پیشە (وێڕای مووچەی گونجاو بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی ژیان)، پەروەردەی بەخۆڕایی، ئازادیی کۆبوونەوە و ڕێکخستن، فێرکردنی زمانی دایک، ئازادیی مامۆستایانی بەندکراو و گەلێک خواستی تر، لە زۆربەی شارەکانی ئێران هاتنە سەر شەقامەکان. ڕژیم بەئامانجی تۆقاندن و لەترسی پەرەسەندنی زیاتری ناڕەزایەتییەکان، پتر لە سی کەسی لە چالاکانی شۆرای پیشەیی مامۆستایان لە شارەکانی: بووشێهر، سەقز، تاران، مەشهەد، هەرسین، ئەهواز، ناوچەی ئەلبۆرز، جۆلفا، ئەلیگوودەرز، هەمەدان، ئەراک، لەنگروود و چەند شاری دیکە دەستبەسەر کرد. ئاستی ئەم دەستگیرییانە، نیشانەیەکی ڕوونە لە بوونی بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری و سەرهەڵدانی کادر و چالاکانی پێشڕەو. ناڕەزایەتیی مامۆستایان لەلایەن خانەنشینکراوان، ڕێکخراوە کرێکارییەکان، هێزە چەپ و کۆمۆنیست و پێشڕەوەکان و هەموو مرۆڤە شەریف ئازادیخوازەکان پشتیوانیی لێدەکرێت.
نیشانەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە لەگەڵ گەشەی ناڕەزایەتی و خەباتی ئێستا لەئاستی کۆمەڵگەدا، بەستێنی ڕێکخستنی بزووتنەوەیەکی سەرتاسەریی بەهێز لەدەوری خواستی هاوبەش، و بۆ نان و ئازادی و خۆشبژێوی و هەروەها کردنە ئامانجی کۆماری ئیسلامی، زیاتر لە ڕابردوو ئامادە بووە. هەوڵی ڕێکخراو بۆ ئازادیی مامۆستایانی بەندکراو، هەڵسووڕاوانی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هەنگاوێکی گرینگە لەم پێناوەدا. پێویستە هەر ئێستا لە هەر ڕێگەیەکەوە کە دەتوانین، لە ناوەوە و دەرەوەی کۆمەڵگە، بۆ ئازادییان تێبکۆشین. شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان وێڕای ئیدانەکردنی ئەم گوشارانە، خوازیاری ئازادیی بێ شەرت و مەرجی هەموو دەستبەسەرکراوانە.
بەندکراوی سیاسی دەبێت ئازاد بکرێت
بڕووخێت ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی – بژی سۆسیالیسم
چوارەمی مانگی مەی ٢٠٢٢ – ١٤ی گوڵانی ١٤٠١
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
واژۆکان: ئیتحادی فەداییانی کۆمۆنیست، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کاریگەری-حێکمەتیست، سازمانی راهی کاریگەر، سازمانی فەداییان(ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت