بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەممە، مەنسوور عەزیزی، کۆڵبەری خەڵکی شاری سەوڵاوا، بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایییەکانی تەتەی هەورامان بە سەختی بریندار بووە.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو کۆڵبەرە بەهۆی سەختی برینەکانییەوە بە ئۆرژانسی هەوایی بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە گواستراوەتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەشەممە، زانیار ئیسماعیلپوور، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی سەردەشت، لە سنووری هەنگەژاڵی بانە لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوور (حرسالحدود) ی عێراقەوە دەستبەسەرکراوە و دراوەتە بەر لێدان و کوتانی ئەو هێزانە و دەستی ڕاستی بریندارکراوە.
هەروەها و هەر لەو ڕۆژەدا، لە ڕەوتی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە سنووری هەنگەژاڵی بانە لە ژمارەیەک لە کۆڵبەرەکان، سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی ئەنوەر هاشمی تەمەن ٤٠ ساڵ، لەتیف ڕەشیدی و ئەنوەر قەدەمی تەمەن ٤٢ ساڵ، هەر سێ خەڵکی بەشی زێویەی سەر بە شاری سەقز بریندار بوون.