فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

برینداربوونی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم لە سنووری نەوسوود
دوشەممە ۱۸-۰۴-۱۴۰۳   |  08-07-2024

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی پووشپەڕ، سینا نادری تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی پاوە، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم بریندار کرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە چەکدارەکان بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لەو کۆڵبەرە لاوە کردووە و ناوبراویان بریندار کردووە. شایەنی باسە، سینا نادری ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠١ و لە حاڵێکدا کە تەنیا ١٦ ساڵی تەمەن بوو بەهۆی ڕاوەدوونانی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە سنووری نەوسوود هاوسەنگیی خۆی لەدەستدا و دوای بەربوونەوە لە بەرزاییەکان، هەر دوو دەست، سەر و ددانی بە سەختی شکابوو. جێگای ئاماژەیە، ناوبراو یەکێک لە منداڵانی دەستبەسەرکراوی ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بوو کە مانگی ڕەزبەری ١٤٠١ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری پاوە دەستبەسەر کرابوو.