فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

برینداربوویەکی ناڕەزایەتییەکان بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانەوە کوردستانی بەجێ هێشت
دوشەممە ۲۰-۰۹-۱۴۰۲   |  11-12-2023

“دیاکۆ ئاکووش ئاڵبڵاغی” هاووڵاتییەکی برینداربووی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” کە چاوێکی خۆی لەدەست داوە، دوای ساڵێک لە گوشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم ناچار بوو زێدی خۆی بەجێ بهێڵێت و ڕوو لە تاراوگە بکات.
ئەو لاوە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری مەهاباد ٨٠ لەسەدی بینایی چاوی چەپی لەدەست داوە و چاوی ڕاستیشی مەترسی لەسەرە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٩ی خەزەڵوەری پارەکە، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە گۆڕەپانی “مەنبەع”ی شاری مەهاباد، لە لایەن هێزە ئەمنییەکان و لە مەودای ٦٠ مەترییەوە بە چەکی ساچمەییەوە لێدراوە و چاوی چەپی بەسەختی بریندار بووە. دێاکۆ ئاکووش ئاڵبڵاغی لەم پێوەندەدا ڕایگەیاندووە: ماوەی دوو ڕۆژ دوای برینداربوونم، لە ترسی ئەوەی کە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر نەکرێم، لە ماڵەوە خۆم شاردەوە و دواتر بەهۆی خراپیی تەندروستیی چاوم چوومەتە نەخۆشخانەی “نیکووکاران” لە شاری تەورێز. لەوێش دکتۆرەکان پەردەی چاوی چەپیمیان دووریوەتەوە و ١٨ تەقەڵی لێ داوە، بەڵام هیچ هیوایەکیان بە کرانەوەی بیناییم و ڕووناکیی چاوم نەمابوو. شایانی باسە، پاش دەستنیشان کردنی ئەو لاوە بریندارە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، چەند جارێک بانگ و لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێکراوە و دواجار لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەناچار ئێرانی بەجێهێشتووە.