فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، دەبێ چی بکرێت؟
سێشەممە ۲۳-۰۸-۱۴۰۲   |  14-11-2023

زەمانەتکردنی پێشڕەوی و سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیە لە گرەوی پەرەپێدان بە ستراتێژی و ئاسۆی سیاسیی ڕوون و شۆڕشگێڕانە، ڕێکخستن و پێکهێنانی ڕێبەریدایە. کەوابوو نابێ بەڵێنی سەرکەوتنی سەهل و ئاسان بە جەماوەر بدرێ، بەڵکوو پێویستە بەکردەوە بەرەو وڵامدانەوە بە پێداویستییە واقعییەکانی ئەم بزووتنەوەیە و دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی ئیسلامی هەنگاو هەڵبگیرێت و کۆمەڵانی خەڵک لە دژوارییەکانی ئەم ڕێگا پڕ لە کۆسپ و بەربەستە ئاگادار بکرێنەوە. ئەم بزووتنەوەیە تەنها بزووتنەوەیەکی سەلبی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نییە. جەماوەری ڕاپەڕیو دژبە هەژاری و نەهامەتیی ئابووری، دژبەو نابەرابەری و بێبەشی و هەڵاواردنانە هاتوونەتە مەیدانی ناڕەزایەتی و خەباتەوە کە سەرچاوەکەیان نیزامی سەرمایەداریی ئێرانە. بەم ئیعتبارە ئەم بزووتنەوەیە نەتەنها ئامانجی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە، بەڵکوو خەسڵەتی دژە سەرمایەداریشی هەیە. خەڵک بەدروست بۆ وەدیهێنان و بەرپاکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بەرابەر و خۆشبژێو چاویان لە ئیمکاناتی بەرینی ئێران بڕیوە. کەوابوو پێویستە ئاسۆی سۆسیالیستی، ئاسۆی دەسەڵاتی شۆرایی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بخرێتە بەردەم ئەم بزووتنەوەیە. پێویستە هەوڵ بدرێت دروشمەکانی وەک “نان، کار، ئازادی، ئیدارەی شۆرایی”، “ئازادی، بەرابەری، ئیدارەی شۆرایی” کە لەلایەن خودی جەماوەری خەڵکەوە لەم بزووتنەوەیەدا گەڵاڵە کراون، بە هەڵمەتی سیاسی و تەبلیغی جەماوەریتر ببنەوە. پێویستە بۆچوونمان دەربارەی ئەم دروشمانە ببەینە ناو جەماوەرەوە. پێویستە لێبڕوانە و بەردەوام هەڵوێست و ستراتێژی سیاسیی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێران بۆ تێکشکاندنی ئەم بزووتنەوەیە بۆ خەڵک ڕوون بکرێتەوە. پێویستە بەڕوونی نیشانی بدەین کە بەرنامەی ئابوورییان، کە هەمان سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد و نیۆلیبرالیسمە بە مودیریەتی غەیری ئیسلامییەوە، لەگەڵ پلاتفۆرمی داخوازییەکانیان و ئەو وادە و بەڵێنانەی کە بە خەڵکی دەدەن چەندە ناتەبایە. ئەوان کە بەدیلیان سەمایەدارییە بە مودیریەتی غەیری ئیسلامییەوە ناتوانن وادەی ڕەفاه بە خەڵک بدەن. لە ئێران لەپێناو دابینکردنی هێزی کاری هەرزان، سەرمایەداری بە مودیریەت و بەڕێوەبەریی غەیری ئیسلامیشەوە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری دەبێت.

هاتنە مەیدانی چینی کرێکار بە مانگرتنی یەکپارچە وسەرانسەری، فاکتۆری سەرەکییە لە پێشڕەوی و سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەدا. چینی کرێکار ئەگەرچی کۆسپ و بەربەستەکانی سەر ڕێگای زۆرن، بەڵام دەتوانێ بە پێشت بەستن بە دەستکەوتی خەباتکارانەی هەتا ئێستای، بە پشت بەستن بە ڕێبەرانی لێهاتووی، بە ئەزموونی پێکهێنانی کۆمیتەکانی مانگرتن و کۆمیتەکانی کارخانە کە بناغەی شۆرا کرێکارییەکانن، بەسەر ئەم بەربەستانەدا زاڵ بێت. بە زاڵبوون بەسەر ئەم مەوانعە و بە تەحەزوبی کۆمۆنیستی دەتوانین یارمەتیدەری دابینکردنی هێژمۆنی چینی کرێکار بەسەر بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا بین. دەرسێکی گرینگی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە بۆ چینی کرێکار ئەوە بووە کە تەنها لاوازبوون و سنوورداربوونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەس نییە، ئەم دەسەڵاتە دەبێ بڕووخێت و بۆ ڕووخاندنی ئەم دەوڵەتە بورژوازییە پێویستە پێشڕەوان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری لە حیزبی کۆمۆنیستیی خۆیاندا سازمان بدرێن. چینی کرێکار بەبێ حیزبی سیاسی کۆمۆنیستی ناتوانێ لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خەباتی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی دیفاع بکات و لە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە و کێشمەکێشە چینایەتییەکان پێویستە بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت بزووتنەوەی ژنان لەگەڵ خۆی بخات و بەرەو ڕێکخستنی شۆڕشی کرێکاری و گرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی هەنگاو هەڵگرێت.

بەشداریی بەرین و پێشەنگی ژنان یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بووە و بۆ جارێکی دیکە کاریگەری و ڕۆڵی ژنانی لە هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی زیاتر لە ڕابردوو نیشان دا. بزووتنەوەی ژنان بە پێشینە و پێگەیەک کە هەیەتی تەنها بە گرتنەبەری ستراتێژی سیاسیی سۆسیالیستی دەتوانێ هەر ئاستێک کە پاشەکشەی ڕژیمی ئیسلامی و کرانەوە لە کەشوهەوای سیاسی کۆمەڵگا بخاتە خزمەت پێشڕەویی خۆی لەپێناو وەدیهێنانی خواستە بنەڕەتییەکانی. یه‌كێك له‌ پایه‌كانی ستراتێژی سۆسیالیستیی بزووتنه‌وه‌ی ژنان كه‌ له‌ ڕاستیدا پێش مه‌رجی پێشڕه‌ویی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌شه‌، جه‌ماوه‌ری بوون و كۆمه‌ڵایه‌تی بوونیه‌تی. بۆ ئه‌وه‌یكه‌ بزووتنه‌وه‌ی ژنان ببێته‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی، پێویسته‌ جه‌ماوه‌ری ژنانی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش له‌ پانتایی ملیۆنیدا بێنه‌ مه‌یدانی خه‌باته‌وه‌. هه‌ڵسووڕاوانی سۆسیالیست له‌ ئێران پێویسته‌ كار و چالاكی له‌ناو جه‌ماوه‌ری ملیۆنیی ژنانی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش بكه‌نه‌ میحوه‌ری چالاكییه‌كانی خۆیان. پێویستە لە شوێنی کار و ژیانی کۆمەڵی بەرینی ژناندا نیشان بدرێ کە بەبێ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ نیزامی چینایەتی سەرمایەداری و بە بێ کردنە ئامانجی سۆسیالیسم ناکرێ خەباتێکی کاریگەر دژبە پیاوسالاری و یاسا دژەژنەکانی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەبچێت.

پێداویستییەکی دیکەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی جەماوەری بوونەوەی ئەم بزووتنەوەیە. پێویستە بەربەستە زەینییەکانی سەر ڕێگای پەیوەست بوونی جەماوەر بەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە لابەرین. بێگومان ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە لەلایەن جەماوەری ملیۆنیی خەڵکەوە پشتیوانی لێ دەکرێت. خۆڕاگریی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بەرانبەربە هێزە سەرکوتگەرەکان، بوێریی ژنانی بێ حیجاب لە بەرابەر هێرشی بەرینی ڕژیم، گوڕوتینی خەباتکارانەی بەندکراوانی سیاسی لە ئەشکەنجەخانەکان لەبواری دەروونناسیی کۆمەڵایەتییەوە دەرخەری ئەوەیە کە ئەم خۆڕاگری و شەوقە خەباتکارانەیە لەئاستی ملیۆنیدا خاوەنی هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتییە. هەربۆیە پێویستە ڕێگای بەشداربوونی ئەم جەماوەرە ملیۆنییە لە ناڕەزایەتییەکانی شەقامدا هەموار بکرێ. ئەگەر سەرکوتی بەردەوام و خوێناوی ئەوانی لە بەشداریی چالاکانە لە مەیدانی سیاسیدا پارێزکار کردووە، پێویستە نیشان بدرێت کە تەنها بە هاتنە مەیدانی کۆمەڵانی خەڵک لەئاستی ملیۆنیدا دەکرێ ماشێنی سەرکوتی ڕژیم زەمینگیر بکرێت. ئەگەر جەماوەری خەڵک لەئاست شەڕی ناوخۆیی و سووریەیی بوونی ئێران نیگەرانن، پێویستە وەبیریان بێنینەوە کە لە سووریە و لیبی تەنها کاتێک چالاکیی چەکدارانەی پێشوەخت بەپێی نەخشەی دەسەڵاتداران، جەماوەری خستە پەراوێزی خەباتەوە، ئەم وڵاتانە کەوتنە داوی شەڕی ناوخۆیی و نیابەتییەوە. کەوابوو تەنها بەشداریی خەڵک لە گۆڕەپانی سیاسییە کە دەتوانێ ئەم بابەتە زەمانەت بکات کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا چارەنووسی ئاخێزە جەماوەرییەکانی سووریە و لیبی بەسەر نەیە.

پێداویستییەکی تری پێشڕەویی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە بەهێزکردنی بواری سازماندانە. گومان لەوەدا نییە کە لەم بزووتنەوەیەدا ئاستێک لە ڕێکخستن و سازماندان بوونی هەیە. تۆڕی لاوانی شۆڕشگێڕ لە گەڕەکی شارە جۆراوجۆرەکان، ناوەند و ڕێکخراوەی خوێندکاری کە لەم دەورەیەدا پەرەیان سەندووە، ڕێکخراوەکانی مامۆستایان و خانەنشینان کە چەندین مانگرتن و ناڕەزایەتییان سازمانداوە، تۆڕەکانی مەحافلی کرێکاری و کۆمیتەکانی مانگرتن لەناو بزووتنەوەی کرێکاری، هەر هەموویان نیشانەی بوونی دەرەجەیەک لە سازماندان و کاری ڕێکخراوە. ئاشکرایە کە ئەم ئاستە لە سازماندان لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەم بزووتنەوە مەزنە یەک ناگرێتەوە. بەڵام پێویستە هەوڵ بدرێ کە لە جەرگەی ئەم بزووتنەوەیەدا بواری سازماندان و ڕێکخستن بەهێز بکرێت.

پێشمەرجێکی دیکەی پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا پێکهێنانی ڕێبەریی سەرانسەرییە. دیاردەی ڕێبەری لە بابەتی سازماندان جیا نییە. ئەم بزووتنەوەیە بەپێی ئاستی سازماندان و ڕێکخستن، خاوەنی ڕێبەری بووە. ئاخێز و ناڕەزایەتییە جەماوەری و مانگرتنە کرێکارییەکان لە ساڵانی ڕابروودا ڕێبەرانی خۆی پەروەردە کردووە. ئاشکرایە کە ڕێبەریی ئێستای بزووتنەوەکە زیاتر خەسڵەتی مەحەلیی هەیە و وڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی بزووتنەوەیەکی سەرانسەریی نییە. بەڵام پێکەوە پەیوەنددانی ئەم ڕێبەرە مەحەلییانە دەتوانێ هەنگاوێک بێت لەپێناو پێکهێنانی ڕێبەریی سەرانسەریدا. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پێویستە بتوانێ یارمەتیدەری ئەم ڕەوتانە بێت. لە مەسیری هەوڵ بۆ وڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە دەکرێ لەگەڵ ئەم ڕێبەرانەش پەیوەندی بگیرێت. ئەحزاب و سازمانەکانی ئێستای ناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئێران پێویستە لەگەڵ تۆڕی ڕێبەرانی مەحەلی تێکەڵ بن. پێکهاتنی ئاڵتێرناتیڤێکی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی بە پایەکی کۆمەڵایەتیی بەهێزەوە، لەم مەسیرەوە تێدەپەڕێت.

بەرپاکردن و بەشداریی چالاکانە لە ئاکسیۆنەکانی دەرەوەی وڵات بۆ پشتیوانی لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و حزوور لە میدیاکان بۆ ناساندنی ئامانجەکانی، لە ئەولەوییەتەکانی کار و چالاکیی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانە لەم قۆناغەدا. زۆرێک لە پەنابەران و کۆچبەرانێک کە خۆیان لە ناڕەزایەتی دژبە سیاسەتی سەرکوتگەرانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پەنایان بردووەتە دەرەوەی وڵات ئەمڕۆ لە ڕیزی ناڕەزایەتیی گشتی دژبە ڕژیم و بە نیشانەی هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە ئێران دێنە سەر شەقام. ئێمە لە هاوکاری لەگەڵ باقیی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان پێویستە بەشێوەی بەرین هەوڵ بدەین کە هەموو ئەو ئینسانە ئازادیخوازانەی کە لە ناڕەزایەتی دژبە دیکتاتۆری و زەبروزەنگ لە ئێران و بۆ ڕزگاریی کرێکاران، ژنان، لاوان، نەتەوە ژێر ستەمەکان و هەموو خەڵکی ستەملێکراو و وەگیانهاتووی ئێران دێنە مەیدان، لە ڕێزێکی بەهێزدا بەرەنگاری کۆماری ئیسلامی بکەینەوە. بۆ کۆکردنەوەی ئەم هێزە بەرینە پێویستە شێوەکارێکی نوێ و فەراسازمانی کە لەگەڵ ئەم بارودۆخە تازەیە گونجاوبێت بگرینە بەر. لەم بوارەدا پێویستە لەسەر پێکهێنانی شۆراکانی هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێران یان هەر ناوەندێکی خەباتکارانەی دیکە کە بتوانێ هەموو ئەم پۆتانسیەلە ناڕەزایەتییە دژبە کۆماری ئیسلامی چالاک بکات، تەئکید بکەین.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە