ژمارەیەک لە بنەماڵەی گیانبەختکردووانی فڕۆکەی پی ئێس ۷٥۲ کە بە مووشەکەکانی سپای پاسداران خرایە خوارەوە، ڕایانگەیاند بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر ڕەوتی پێڕاگەیەشتن بە دۆسیەکانیان، سکاڵاکەی خۆیان لە دادگای نیزامی ڕژیم وەردەگرنەوە.
پێشتر ئەنجومەنی بنەماڵەی کوژراوانی فڕۆکەی ئۆکراینی هۆشداریان دابوو “کۆماری ئیسلامی بە نیازە وەک “پرۆسەیەکی نایاسایی و گاڵتەجاڕانە، دادگایەکی فەرمایشی” لە دادگای نیزامیدا بەدواداچوونی بۆ بکات.
دەزگای دادی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ۱۰ کەسی وەک تۆمەتبارانی “هەڵەی مرۆیی” لە دۆسیەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی ناساندووە کە هیچ کام لە فەرماندە باڵاکان یان ناوەڕاستەکانی سپای پاسداران لە نێویاندا ئامادە نەبوون.
بنەماڵەی قوربانیانی فڕۆکەی ئۆکراینی، عەلی خامنەیی و فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران و بەتایبەت ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سپای پاسداران، بە بەرپرسیار دەزانن لە خستنە خوارەوەی فڕکەی ئۆکراینی و گیانبەخت کردنی ئازیزانیان.