فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بنەما سیاسییەکانی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
سێشەممە ۲۰-۱۰-۱۴۰۱   |  10-01-2023
بنەما سیاسییەکانی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان

تێکشکاندن و تێکەوەپێچانی کۆماری ئیسلامی یەکەمین هەنگاوی ئێمە دەبێت لەپێناو دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆرایی لە کوردستان!

کۆمەڵگەی ئێران لەبەردەم ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەی گەورەدایە. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران دژبە کۆماری ئیسلامی هەتا کۆتایی هێنان بە تەمەنی ئەم دەسەڵاتە ڕاناوەستێ. ئەم واقعییەتە شۆڕشگێڕانەیە لە جەرگەی قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی و لەسەر بەستێنی گەشە و پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان و باقیی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگە پێکهاتووە و خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بردووەتە قۆناغێکی نوێوە. ڕەوتی ڕووداوەکان لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا نیشانی دا کە قەتڵی دەوڵەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینی تەنیا چەخماخەیەک بوو کە تووڕەیی و ناڕەزایەتیی گشتیی دژبە هەژاری و فەلاکەتی ئابووری، بێ مافیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، توندوتیژیی جنسییەتی بەرامبەربە ژنان و سەرکوتگەرییەکانی ڕژیمی ئیسلامی گەیاندە ئاستی تەقینەوە و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی هاتنە سەر شەقام و ئێستاش ئەم ئاخێزە گشت کۆمەڵگەی ئێرانی داگرتووە. بەشداریی پڕگوڕوتینی خەڵکی خەباتکاری کوردستان دژبە قەتڵی دەوڵەتیی ژینا، لەلایەن هەموو خەڵکی ناڕازیی ئێرانەوە هاوپشتیی لێ کرا. لەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیەدا دەورونەخشی لاوانی خەباتکار بە پێشەنگایەتیی ژنان لە بەرەنگاربوونەوە دژبە هێزی سەرکوتگەر، ئاڵوگۆڕی مێژوویی لێ کەوتەوە. ئەم گۆڕانکارییانە بە هاتنە مەیدانی ناوەندە جۆراوجۆرەکانی کرێکاری و پشتیوانییان لەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە، ڕووخاندنی ئەم ڕژیمەی لە ڕێگەی شۆڕشێکی جەماوەرییەوە کردووەتە ئیمکانێکی واقعی. ئەم بزووتنەوەیە ڕەوتی لاوازبوونی دەسەڵاتی ئیسلامیی خێراتر کردووەتەوە و چارەنووسی دەسەڵاتی سیاسیی کردەووتە بابەتێکی بەپەلە. بۆ وڵامدانەوە بە پرسە سەرەکییەکانی پڕۆسەی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و ئەگەرەکانی بەردەم، ڕیزبەندیی هێزی چەپ و ڕاستی کۆمەڵگە لە ئێران و کوردستان زیاتر لە ڕابردوو شەفافتر بووەتەوە. لە وەها بارودۆخێکدا هێزە جۆراجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی، بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسیی ئێران لە سەرەوە و بەدوور لە دەخاڵەتی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش هەوڵ دەدەن.

تێکۆشان بۆ پێکهێناین ئاڵتێرناتیڤێکی چەپ و سۆسیالیستی بەتایبەت لە بارودۆخی پڕ لە ئاڵوگۆڕی ئێستای ئێران ئەرکی سەرەکیی هەموو ئینسانێکی خەباتکار و ئازادیخوازە. ئێمە لە هەموو ئازادیخوازان و چالاکان و ئەحزابی چەپ و سۆسیالیست کە خۆیان لەگەڵ ئەم بنەمایانە بە هاوئاراستە دەزانن داوا دەکەن کە لەم بابەتە گرینگەدا هاوڕێمان بن.

لەم پێناوەدا و بۆ وڵامدانەوە بەم پێداویستییە، ئێمە بەشداربووانی (کۆنفڕانسی هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان)، چووینە ناو هاوکاری و تێکۆشانێکی هاوبەشەوە بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستان.

١ – هەوڵ و خەباتی هەمەلایەنە بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی ئیسلامی، یارمەتیدانی ڕێکخستنی جەماوەری و چینایەتیی کرێکاران، پێکهێنانی شۆرای گەڕەکەکان، پێکهێنانی ڕێکخراوی جەماوەریی ژنان، مامۆستایان، خوێندکاران، خانەنشینان، پەرستاران و بەشەکانی تری خەڵکی ژێر ستەم و هەوڵی کاریگەر بۆ تێکشکاندنی هێز و دامودەزگاکانی ڕژیم و ڕاماڵینی دەسەڵاتی نامرۆڤانەی لە کوردستان کە ئەڵقەیەکی کاریگەرە لە بزووتنەوەی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەری، بە ئەرک و ئەولەوییەتی سەرەکیمانی دەزانین لەم قۆناغەدا. ئاسانترین و کەم دەردیسەرترین ڕێگای پاراستنی دەستکەوتەکانی خەباتی خەڵک لە کوردستان پەیوەنددرانی لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیە لە ئاستی سەرانسەری ئێراندا.

٢ – ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە بارگەوبنەی حکوومەت لە کوردستان بەرلە شوێنەکانی تری ئێران تێکەوەپێچرێت. بەڵام تێکشکاندنی هێز و ناوەندەکانی دەسەڵاتی ناوەندی و پاشەکشەکردن پێیان کۆتایی کار نییە. ئێمە لەم بارودۆخەدا بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگە بەدەستی خودی خەڵک و بۆ پێکهێنانی ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی جەماوەری لە شار و دێ، لەسەر دەسەڵاتی شۆرایی و داسەپاندنی ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵک لە کوردستان تەئکید دەکەین. ڕێکخستنی شۆراکان لەئێستادا وەک ئامرازی خەبات، و لەدوای ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی وەک ئۆرگانی داسەپاندنی ئیرادەی ڕاستەوخۆی جەماوەر، بە ئەرکی بەپەلەی خۆمان و بە ئەرکی هەموو هەڵسووڕاوێکی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشڕەوەکان و بە ئەرکی خێرای هەموو حیزب و ڕەوتێکی چەپ و کۆمۆنیستی دەزانین.

٣ – حیزبە بورژوا و ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان هەوڵ دەدەن ستراتێژی سیاسیی خۆیان بەشێوەی پێکهاتەیەکی فێدرالیستیی لەسەر بنەمای سیستەمی پەرلەمانی لەدوای ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەبەرن و بەسەر خەڵکیدا بسەپێنن. وەها سێناریۆیەک نەتەنیا کۆتایی بە بێبەشی و بێمافیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستان ناهێنێت، بەڵکوو ئەزموون نیشانی داوە کە گەڵاڵەی فێدرالیزم بۆ چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی و مەسەلەی کوردیش ڕێگاچارە نییە. فێدرالیزم مەسەلەی نەتەوەیی وەک ئێسقانی لای برین دەهێڵێتەوە و هەموو کات ئەگەری خوێنڕێژی لەسەری لەئارادایە. ئێمە هەرجۆرە گەڵاڵە و تەرحێک کە ستەم لەسەر خەڵک دەهێڵێتەوە و پەرە بە دووبەرەکایەتی و تەفرەقە دەدات، ڕەت دەکەینەوە و بە پشتن بەستن بە وشیاری و بەشداریی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسی لەبەرامبەریدا ڕادەوەستین.

٤ – ئێمە بەرامبەر بەو هێزانەی کە هەوڵ دەدەن چارەنووسی خەڵکی کوردستان بە سیاسەتی دەوڵەتانی ئیمپریالیستییەوە گرێ بدەن، لەسەر خەبات و هاوچارەنووسیی خەڵکی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی پێشڕەوی کۆمەڵایەتی و جەماوەریی خەڵک لە سەرانسەری ئێران تەئکید دەکەین. خەباتی کرێکاران و جەماوەری خەڵک لە کوردستان پەیوەندییەکی نزیکی هەیە لەگەڵ خەباتی سەرانسەری خەڵکی ئێران و سەرەنجام بە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بە سەرکەوتن دەگات. ئێمە لە بەرامبەر سیاسەتی دەخاڵەتگەرانەی زلهێزەکانی جیهان و هاوپەیمانانیان لە ناوچەکە بۆ داسەپاندنی بەدیلی ڕاست بەسەر ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکان لە ئێران و کوردستان، هەر جۆرە پڕۆژە و ئاڵتێرناتیڤێک لەسەر سەری خەڵکەوە ڕەت دەکەینەوە و بەشێوەی جیددی بۆ پەراوێزخستنی تێدەکۆشین.

٥ – بەسەرەنجدان بەوەیکە ستەمی نەتەوەیی وێڕای دڕندانەترین شێوەکانی سەرکوت لەلایەن ڕژیمە سەرکوتگەرەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی، نەهامەتیی فراوانی بەسەر خەڵکی کوردستاندا هێناوە، ئێمە خوازیاری چارەسەرکردنی دەستبەجێی ستەمی نەتەوەیی و مەسەلەی کوردین. بۆ ئەم بابەتە گرنگە، ئاکامی بڕیاری ئازادانەی خەڵکی کوردستان بە مانای جیایی یان مانەوە لە چوارچێوەی ئێران وێڕای دابین و زەمانەت کردنی مافی یەکسان، بەڕەسمی دەناسین. ئێمە هەرجۆرە کردەوەیەکی زۆرەملی و نیزامی بۆ ڕێگری لە بڕیاری خەڵکی کوردستان و یان بەڕەسمی ناسینی ئاکامەکەی لەژێرناوی “پاراستنی یەکپارچەیی خاک” و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ “جیایی خوازی” و یان هەر پاساوێکی تر بەتوندی مەحکووم دەکەین و ڕەتی دەکەینەوە. لە هەمان حاڵیشدا لەسەر هاوپشتی و هاوچارەنووسیی خەباتی خەڵکی کوردستان لەگەڵ خەڵکی ئازادیخواز و ستەملێکراو لە سەرانسەری ئێران تەئکید دەکەین.

٦ – لەو جێگەوە کە دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکانی سەڵتەنەتی و ئیسلامی، ماف و ئازادییە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستانیان بە لەشکرکێشی و زۆر و سەرکوت پێشێل کردووە، خەڵک مافی خۆیانە بۆ دیفاع لە خۆیان دەست بۆ چەک ببەن و لە ماف و حورمەت و کەرامەتی ئینسانیی خۆیان بەرامبەر بە هەر هێزێکی سەرکوتگەر دیفاع بکەن. مافی خۆیانە چەکدار بن و هێزی چەکداری خۆیان لەژێر هیدایەتی ناوەند و شۆراکانی خەڵکیدا ڕێک بخەن.

داوا لە کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز و بەرابەریخواز لە کوردستان دەکەین کە ئاخێزی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی هاوهەنگاو و هاوڕێ لەگەڵ خەڵکی ئێران لێبڕاوانە بەرەوپێش بەرن و لەم ڕێگایەدا بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆرایی لە کوردستان و سەرانسەری ئێران تێبکۆشین. ئێمە هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، پارت و ڕێکخراو و هەڵسووڕاوانی چەپ و سۆسیالیست بانگەشەی پەیوەست بوونیان بەم هاوکاری و هەوڵە هاوبەشە دەکەین.

بڕووخێ کۆماری ئیسلامی!

بەرقەرار بێ دەسەڵاتی شۆرایی!

بژی سۆسیالیزم

٨ی ژانویەی ٢٠٢٣