فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بوودجەی ساڵی ١٤٠١ی کۆماری ئیسلامی، بوودجەی پەرەپێدانی هەژاری و برسییەتی
شەممە ۱۳-۰۹-۱۴۰۰   |  04-12-2021

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی مانگی سەرماوەز ئیبراهیم ڕەئیسیی جەلاد بۆ دیاریکردنی بوودجەی سەرشۆڕانەی ساڵی داهاتوو چوو بۆ مەجلیس تا لە کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان دەوڵەت و مەجلیسدا لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆ بکات. ڕەئیسی لە کۆبوونەوەی هاوبەشی دەوڵەت و مەجلیسدا، بە بێ باسکردنی سەرپەڕ و ڕیزە گشتی و لاوەکییەکانی بوودجە ڕایگەیاند کە: “ئێمە خوازیاری ئەوەین کە بوودجەی ساڵی داهاتوو کەسریی نەبێت و بتوانین تەوەرۆم کۆنتڕۆڵ بکەین و گەشەی ئابوورییەکی قابیلی قەبووڵیش ببیندرێت”. قەرارە بەناو ئەم گەڵاڵەیەی بوودجەبەندییە تا نیوەی مانگی سەرماوەز ڕادەستی مەجلیس بکرێت. گەڵاڵەی گشتیی بوودجەی ساڵی داهاتوو لەڕاستیدا هێرشی دەوڵەتی پادگانیی ڕەئیسییە بۆسەر ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران کە لە لایەن سازمانی بەرنامە و بوودجەی ڕژیمەوە ئامادە کراوە. مەسعوود میر کازمی سەرۆکی ئەم ڕێکخراوە چەند ڕۆژ لەمەوبەر بە مەبەستی ئامادەکاری و پاساوی ئەم بوودجە سەرشۆڕانەیە کە نیشانەی داڕمانی ڕژیمە، بە هێرش کردنە سەر دەوڵەتی ڕووحانی ویستی ئەو تاوانبار نیشان بدات و پاکانە بۆ دەوڵەتی ڕەئیسی بکات.

هەواڵنێریی فارسی سەربە سپای پاسداران هێندێک بواری گشتی و ئاماری بوودجەی ساڵی ١٤٠١ی ئاشکرا کردووە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە دەوڵەت بوودجەی ساڵی داهاتووی بە فەڕزی درێژەی تەحریمەکان و بە فەڕزی ئەوەیکە ڕژیم بتوانێ ڕۆژانە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت ئەویش بە قیمەتی هەر بەرمیل ٥٥ دۆلار  بفرۆشێت و بە فەڕزی ئەوەیکە ئەرزشی دۆلار ٢٣ هەزار تمەن بێت، ئامادە کردووە. شارەزایانی ئابووریی دەوڵەتی ڕەئیسی ئیدیعایان کردووە کە بەم شێوەیە کەسری بوودجەیان نابێت و دەتوانن حەقدەستی کرێکاران و کارمەندان ١٠ لەسەدیش زیاد بکەن. هەروەها ئیدیعای ئەوەشیان کردووە کە ئەم بوودجەبەندییە گەشەی ٨ لەسەدیی ئابووریی ئێرانیشی لێدەکەوێتەوە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە تەنانەت بەو لێکدانەوەیەی کە بەلانی زۆریشەوە ئەنجامیان داوە، سەهمی دەوڵەت لە داهاتی ٢٤ ملیارد دۆلاریی لە فرۆشتنی نەوت کە ئیدیعا دەکەن، بڕی نزیک بە ١١ ملیارد دۆلار دەبێت. 

کارگێڕانی دەوڵەت باسی ئەوە ناکەن کە ئەوەڵەن لە باروودۆخی درێژەی گەمارۆکاندا چۆن ڕۆژانە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی دەور لێدانەوەی گەمارۆکان دەفرۆشن؟ لەحاڵێکدا کە ڕێژەی فرۆشی نەوت لە ساڵی ڕابردوودا لە باشترین حاڵەتی ڕۆژانەدا نزیکەی ٣٠٠ دۆلار فرۆشتراوە. دووەمەن ئەگەر توانای بەرهەمهێنانیشیان هەبێت، چۆن لە بازاڕی ڕەشدا بە قیمەتی ئاسایی ٥٥ ملیارد دۆلار دەیفرۆشن و لە باروودخی گەمارۆ ئابوورییەکاندا چ ڕێگایەک دەتوانێ پارەی ئەوان بۆ ناوخۆی ئێران بگوازێتەوە؟ ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هەتا ئێستا بەهۆی درێژەی گەمارۆکان پارەی بەدەست هاتوو لە فرۆشتنی نەوت نەک بە شێوەی نەغد و ڕاستەوخۆ بەڵکوو بەشێوەی کاڵا بە کاڵا واتە موعامەلەی نەوت لە بەرامبەر کاڵادا بووە و کڕیاریش جۆری کاڵا دیاری دەکات نە کۆماری ئیسلامی. سێیەمەن بەلەبەرچاوگرتنی ئابووریی تاکە بەرهەمیی نەوت، چۆن بە داهاتی ١١ ملیارد دۆلارییەوە دەوڵەت کەسری بوودجەی نابێت ئەوەیش لەحاڵێکدا کە دەوڵەتی ڕەئیسی لە بوودجەی ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ کەسری بوودجەی ٤٥٠ تا ٥٠٠ هەزار ملیارد تمەن بەرەوڕوو بووە. چوارەمەن لە وەها باروودۆخێکی فەلاکەتباردا چۆن تەوەرۆم کۆنتڕۆڵ دەکەن و گەشەی ئابووریی ٨ لەسەدی پێکدێنن؟ لەماوەی ٦ مانگی دەسەڵاتدارییەتیی دەوڵەتی پاسداران، ڕێژەی تەوەرۆم نزیکەی ٥٠ لەسەد بووە، قیمەتی خۆراکییەکان ٦٠ تا ٧٠ لەسەد چوونەتە سەرێ و گەشەی ئابووریی نەرێنی بووە.

ئەم ئیدیعایانە بۆ بوودجەی ساڵی داهاتوو لە حاڵێکدایە کە ماوەیەک لەمەوبەر ڕەئیسی فەرمانی بە ئۆستاندارەکان دا کە هیچ بوودجەیەک لەکار دا نییە و خۆیان دەبێ هەوڵ بدەن بوودجەی پێویست لە ڕێگەی فرۆشتنی ماڵ و کەرەستەی دەوڵەتییەوە دابین بکەن. واتە کارێک کە دەوڵەتی ڕووحانی ئەنجامی دا و بە حوقە و فریو سەهامی بە خەڵک فرۆشت و دوایین پاشەکەوتەکانی خەڵکیشی لەم ڕێگەوە تاڵان کرد. هەڕاجی داراییەکانی دەوڵەت و ئامادەکردنی وەها بوودجەیەک و باس و خواسەکانی دەوروبەری، نیشانەی شکستی ڕژیمی ئیسلامی و درۆنانەوە و فریوکاریی سەرانی ئەم دەسەڵاتەیە. بەپێچەوانەی ئیدیعای پووچی ڕەئیسی و باقیی کارگێڕانی دەوڵەت واتە “سفرەی خەڵک بە وتووێژەکانەوە گرێ نادەن”، دەوڵەتی ڕەئیسی تەنیا هیوای بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئابووری، گەیشتن بە ڕێکەوتن لە وتووێژەکانی بەرجام دەزانێت. لە ماوەی ئەو ٦ مانگەدا کە بەسەر ئەم دەوڵەتە پادگانییەدا تێپەڕبووە، دەوڵەت و خاوەنکاران نەیانتوانیوە حەقدەستی کرێکارانیش بدەن. لە باروودۆخێکدا کە هەموو ڕۆژێ دەیان مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری لەئاست نەدرانی حەقدەستەکان لە ئارا دایە، قیمەتی کاڵا پێویستەکانی خەڵک بە خێراییەکی زیاتر لە ڕابردوو دەڕۆنە سەرێ، دەرفەتە پیشەییەکان بەردەوام لەناوچوون، بێکاری و برسییەتی پتر لە ڕابردوو جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشیان وەتەنگ هێناوە، چۆن بردنەسەرەوەی ١٠ لەسەدیی حەقدەستەکان تازە ئەگەر جێبەجێش بێت، دەتوانێ بۆشایی نێوان هێڵی هەژاری و هەزینەی سەبەدی مەعیشەتی بنەماڵە کرێکارییەکان پڕ بکاتەوە و ژیانی بنەماڵە کرێکار و زەحمەتکێشەکان دابین بکات؟

 کۆماری ئیسلامی کە  کەوتووەتە بەردەم ئیفلاس و داڕمان و هەموو ڕۆژێ لەگەڵ شەپۆلی ئاخێز و ناڕەزایەتیی جەماوەری لەئاست بێکاری، هەژاری و برسییەتی، بێ ئاوی و بێ بەرقی، کارەساتی مەرگی کۆرۆنا، و باقیی کێشەکانی دیکە بەرەوڕوو دەبێتەوە، وڵامێکی بێجگەلە گولـله و سەرکوت بۆ خەڵک پێ نەبووە و ناشیبێت. ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و جەنایەتکارە دەیزانێ کە لەگەڵ وەها شکست و وەها شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی و بزووتنەوەی داخوازیی بەرەوڕوویە. هەربۆیە هەوڵی دا کە گشت دەزگای دەسەڵاتی لە مەجلیس و دەوڵەت و دەزگای قەزایی بسپێرێتە سپای پاسداران، تا بەڵکوو بتوانێ بە کوشتار و زیندان و ئەشکەنجە و دیکتاتۆری و زەبروزەنگ بۆ ماوەیەکی تریش درێژە بە دەسەڵاتە نگریسەکەی بدات. دەوڵەتی ڕەئیسی بەتەمایە کەسریی بوودجەی دەوڵەت لە ڕێگەی داسەپاندنی گوشار بۆ سفرەی بەتاڵی کرێکاران و باقیی توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا دابین بکات. بەڵام بێگومان لەگەڵ ناڕەزایەتی و ئاخێزی گەورەتر و بەرینتر لە ڕابردوو بەرەوڕوو دەبێتەوە و دوور نییە ئەو سەردەمەی کە هەر ئەم ئاخێزانە بارگەوبنەی ئەم دەسەڵاتە تێکەوەپێچن.