ئەوەڵی مانگی مەی بەرابەر لەگەڵ ١٢ی مانگی گوڵان رۆژی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکاران، خۆی بەسەر ڕژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیدا سەپاندوە. ڕژیمی سەرمایەی کۆماری ئیسلامی یەک دوو ساڵی ئەوەڵی دوای ڕاپەڕین، ناچار بوو بە وەجوڵە خستنی لەشکریانی حیزبوڵڵا بە هەراوهوریای” کرێکار، ئیسلام پشتیوانی تۆیە”، بە شێوەیەکی ڕیاکارانە دان بە گرنگی و هەیبەتی ئەوەڵی مەیدا بنێ. سەرانی ڕژیمی ئیسلامی لە ساڵەکانی دواتردا ناچار بوون بە ڕاگرتنی بە کردەوەی کار لە ئەوەڵی مەی لە لایەن بەشێک لە کرێکاران واتە کرێکارانی پیشەسازی و کارخانە دەوڵەتیەکانەوە سەرەڕای یاسای ڕاگەیەندراویان و ئەویش لەوپەڕی هێرشی پۆلیسی بۆسەر بزووتنەوەی کرێکاریدا ڕەسمیەت بدەن. ڕژیمی ئیسلامی لە هەمان ساڵەکانی یەکەمەوە هەوڵیداوە تا لە ڕێگای کۆبوونەوە فەرمایشیەکانەوە، رۆژی جیهانی کرێکار بکاتە مەڕاسمی خەڵەتاندن و ترس و سووکایەتی بە جەماوەری کرێکاران. ڕژیم ساڵانێکە لە هەوڵێکی فریوکارانەدایە، بە جێگای رۆژی کرێکار” حەفتەی کرێکار”ی دیاری کردوە. بەپێی ئەم حیلەگەریە” حەفتەی کرێکار” هەموو ساڵێک لە حەفتەیەک پێش لە یەکی ئایار رۆژی جیهانی کرێكارەوە دەستپێدەکات و لەم رۆژەدا کۆتایی دێت. ڕێکخراوە دژەکرێکارییەکان و ڕێکخراوە زەردە دەوڵەتییەکان هەموو ساڵێ بەپێی بەرنامەیەکی لەپێشترەوە داڕێژراو دیدار لەگەڵ وەلی فەقیە و تازەکردنەوەی پەیمان لەگەڵ ئارمانەکانی خومەینی و موسابقەی قورئان خوێندنی بەناو کۆمەڵگەی کرێکاری لە ڕۆژی ئەوەڵی “حەفتەی کرێکار” و گرتنەوەی وەخت بۆ باسکردنی داخوازی و مەسائیلی کرێکاران لە تریبوونەکانی نوێژی جومعە و گونجاندنی بەرنامە بۆ بەسیجی کرێکاری، گونجاندنی دروشم بۆ ڕەونەق دان بە بەرهەمهێنان و … دەخەنە دەستووری کارەوە.
بەم جۆرە لە هەموو ماوەی ٦ رۆژەکەدا لە ڕێگای ئامرازە دەوڵەتیەکانەوە بۆ بەڕێوەبردنی مەراسمی بە دڵی ڕژیم و خاوەنکاران ئامادەکاری دەکرێت تا رۆژی حەوتەم ئیتر هیچ نیشانەیەک لە تێکۆشان، لە ناڕەزایەتی و لە پێشکەوتنخوازی لە مەڕاسمێکدا کە بەڕێوەدەچێت بەدی نەکرێت. لەم روەوە جەماوەری کرێکاران دەبێ بۆ بایکۆتی قەتعنامەکانی، ئەم بەرنامە و کۆبوونەوە دژی کرێکاریانە تەیار و ئامادە بکرێن. تەحریم کردنی ئەم بەرنامە و کۆبوونەوە زەرد و فەرمایشیانە واتە ئەو کۆبوونەوانەی کە چ ڕاستەوخۆ و لە لایەن کەسانی سەربە ڕژیم و چ بە دروشم لە تەئیدی ڕژیم، لە لایەکەوە و یان بە دخاڵەتی خانەی کارگەری ڕژیم، ئەنجومەن و شوڕا ئیسلامیەکان بەڕێوە ئەچن، بەشێکی جیانەکراون لە بانگەواز و ئاکسیۆنەکانی ئەوەڵی مانگی مەی. ئەوەڵی مەی خاوەن مێژویەکی دەیان ساڵە و سونەتێکە کە خۆی بۆتە هێزێکی مادیی گەورە.
بەڕێوەچوونی مەڕاسم و بەرپا کردنی کۆبونەوەی سەربەخۆی کرێکاری لە رۆژی یەکەمی مانگی مەیدا، مێحوەر و ئەساسی بانگەوازی ئێمەیە بۆ بەڕێوەچوونی ئەم هەمایشە نێونەتەوەییە کرێکاریە. ئەوەی کە ئەم بانگەوازە لە چ شکڵێکی دیاری کراودا ڕێکدەخرێن و بەکردەوە دەردێن، بابەتێکە کە تا ئاستێکی زۆر بەستراوەتەوە بە بارودۆخ و حاڵ و هەوای دیاری کراوی هەر شوێن و ناوچەیەکەوە، فابریک و پلەی ئامادەیی تەشکیلاتی و پێوەندی خەباتکارانە لەنێو هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاریدا بوونی هەیە. لەم بوارەدا ئەوەی کە ئێمە وەک ڕێنماییەکی گشتی و سەرتاسەری دەتوانین جەختی لەسەر بکەینەوە بانگەواز لە هەموو کرێکاران، بنەماڵە کرێکاریەکان و ئینسانە ئازادی خواز و تێکۆشەرەکانە تا مەڕاسم و کۆبوونەوەکانی رۆژی ئەوەڵی مانگی مەی بەرابەر لەگەڵ ١٢ ی مانگی گوڵاندا بەشداری بکەن. نەچن بۆ کارخانە و شوێنی کار و لەهەمان حاڵدا هەوڵ بدەن مەڕاسم و کۆبوونەوەی شکۆدارتر بەڕێوەبەرن.
لە رۆژی یەکی ئایاردا، لەسەر بەستێنی سوننەت و تێکۆشانێکی ئەنترناسیۆنالیستی، کرێکاران هێزی ڕەزمەندە و یەکگرتوی خۆیان بە هێنانەگۆڕی خێراترین داخوازیەکانیان لە بەرانبەر بۆرژوازی و دەسەڵاتی حاکمدا ڕادەگرن. کرێکارانی ئێران لەم رۆژردا و لە قەتعنامەکانی خۆیاندا لەسەر داخوازی زیاد کرانی حەقدەستەکان گونجاو لەگەڵ دابین بوونی ژیانێکی ئینسانی، دابین بوونی بیمەی بێکاری کافی، ئازادی دروست کردنی تەشەکولە کرێکاریەکان و ئازادی زیندانیای سیاسی و هەڵوەساندنەوەی سزای ئێعدام وەک گرینگترین داخوازیەکانیان جەخت دەکەنەوە. پێداگری لەسەر ئەم داخوازیە هەنووکە و خێرایانە نیشانەی ئەوەیە کە چینی کرێکاری ئێران بە هەموو هێزیەوە لەسەر مافی ئینسانی جەماوەری کرێکار و بێبەشی کۆمەڵگا بۆ بەهرەمەند بوون لە ئاسایش و ڕیفاه جەخت دەکاتەوە و ئاڵای خەبات لەدژی ئەم بارودۆخە نەکبەتبارەی لێبڕاوانە لە دەست دایە.
لە لایەکی دیکەوە، جەخت کردنەوە لەسەر ئازادی تەشەکولە کرێکاریەکان و ئازادی زیندانیانی سیاسی نیشانەی پێشڕەو بوونی چینی کرێکارە لە خەباتدا بۆ دەستەبەر کردنی ئازادیە دیموکراتیکەکان. جەخت کردنەوە لەسەر دروست کردنی ڕێکخراوە کرێکاریەکان و داخوازی ئازادی زیندانیانی سیاسی بەشێک لە داخوازی ئازادی بێ شەرت و مەرجی سیاسیە. تەرحی ئەم دروشمانە و چڕ بونەوەی هێزەکانی چینی کرێکار بۆ داسەپاندنی بەسەر ڕژیمدا، هەروەها بەم واتایەیە کە ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری عەزمیان بۆ نواندنی دەور و نەخشی مێژوویی خۆیان لە ڕێبەری کردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ئێران ڕاگەیاندوە. چینی کرێکار ئەو زەرفیەت و پوتانسیەلەی هەیە تا بە پشت بەستن بە هێزی خۆیان لە ڕیزی پێشەوەی چین و توێژە ستەم لێکراوەکانی جەماوری خەڵکی بێبەش، کۆمەڵگا بەرەو ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە بەرن.
بەڕێوەچوونی مەراسمی یەکی مەی ئاکسیۆنێکی چینایەتیە. ئەم جەخت کردنەوەیە لەم روەوە پێویستە کە بەباشی روون بێتەوە، ئێمە بەهیچ شێوەیەک خوازیاری” ئاکسیۆنێکی حیزبی و سازمانی” پەڕاوێز خراو و جیا لە حەرەکەتی چینی کرێکار، ئاکسیۆنێک کە نەک لەسەر بنەمای حەرەکەتێکی وشیارانە و ڕاستەخۆی جەماوەری کرێکاران، بەڵکوو لەسەر بنەمای حەرەکەتێکی جوداگانەی سازمانی پێکهاتووە، نین. لەم ڕوەوە هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری پێویستە سەرەڕای ناکۆکیەکی سیاسی و نەزەری کە بەیەکەوە هەیانە بۆ سازماندەهی نمایشی یەکێتی چینی کرێکار لە یەکی ئایاردا بە یەکەوە هاوکاری و یەکێتی کرداریان هەبێت. بەرژەوەندی چینی کرێکاران لە بەرانبەر سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیاندا ئەم جۆرە یەکێتی کردارییە و هاوکاریانەی زەروری تر کردووە. هەڵسووڕاوانی کومونیست دەبێ نیشانی بدەن کە هیچ بەرژەوەندیەکی جیاواز لە بەرژەوەندی چینی کرێکاریان نییە.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran