فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بۆ کۆتاییهێنان بە جەنایاتی جەنگیی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە پێویستە بزووتنەوەی جیهانی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین بەهێزتر بێتە مەیدان
چوارشەممە ۱۵-۰۹-۱۴۰۲   |  06-12-2023
بۆ کۆتاییهێنان بە جەنایاتی جەنگیی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە پێویستە بزووتنەوەی جیهانی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین بەهێزتر بێتە مەیدان

لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئاگربەستی کاتی و گۆڕینەوەی دیلەکان دەوڵەتی ئیسڕائیل هەڵمەتێکی بێوێنەی بۆمبارانکردنی خەڵکی فەلەستینی لە کەرتی غەززە خستووەتە ڕێ. شایەتحاڵان و هەواڵنێرانێک کە ئاکامەکانی ئەم هەڵمەتە جەنگییە بە دژی خەڵکی غەززە بە قەڵەم و وێنە دەکێشن، هەر هەموویان باس لە بەرینایی جەنایەتی جەنگی و جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل دەکەن. بەپێی ڕاپۆرتەکان بۆمبارانی شاری خان یوونس قورسترین، وێرانگەرترین و پڕتەڵەفاتترین بۆمباران بووە لە دەستپێکی ئەم شەڕەوە. ئەم بۆمبارانە هاوکات لەگەڵ هێرشی بەرینی هێزەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لە باکووری غەززە، ژمارەی قوربانیانی بە شێوەیەکی بێوێنە بردووەتە سەری. دەوڵەتی ئیسڕائیل لە حاڵێکدا بە دانیشتووانی خان یوونس هۆشداری داوە ئەم ناوچەیە جێ بهێڵن کە هیچ خاڵێکی ئەمن لە غەززەدا بوونی نییە. تەنها دوای دوو ڕۆژ لە کۆتایی ئاگربەستی کاتی، جەستەی بێ گیانی زیاتر لە حەوسەد و پەنجا کەس بۆ نەخۆشخانەکان گواستراوەتەوە. سەدان کوژراو و بریندار کەوتوونەتە ژێر ڕووخاوەکان و بۆمبارانی بەردەوام مەجالی هێنانەدەریان نادات. لە دەستپێکی ئەم شەرەوە هەتا ئێستا نزیکەی شازدە هەزار کەس و لە ناویاندا زیاتر لە شەش هەزار منداڵ گیانی خۆیان لە دەست داوە. بەرینایی جەنایەتی دەوڵەتی ئیسرائیل بە دژی خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە هێندە ترسناکە کە تەنانەت ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی فاشیست کە خۆی جەنایاتی جەنگی دژ بە خەڵکی کوردستان لە تورکیا و سووریا و عێراق لە کارنامەکەی دایە، ڕایگەیاندووە کە نەتانیاهۆ وەک تاوانکاری شەڕ پێویستە موحاکمە بکرێت. لە حاڵێکدا کە جەنایاتی جەنگی و جینۆسایدی بنیامین نەتانیاهۆ لە غەززە درێژەی هەیە، گاڵتەجاڕی ئەوەیە کە دادگای ئیسرائیل بەدواداچوون بۆ دۆسیەی گەندەڵی دارایی ئەوی کە لە حەوتی ئۆکتۆبرەوە ڕاگیرابوو دەستپێکردووەتەوە.

لەو جێگەوە کە دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئورووپایی لە ناتۆ بە بۆنەی جۆراوجۆر لەگەڵ ئاگربەستی دایم و ڕاوەستانی بۆمبارانەکان موخالفەت دەکەن، لە ئاست کوشتاری خەڵکی فەلەستین لە غەززە بەرپرسیارن. ئاگربەستی کاتی کە ئیمکانی چوونی ڕۆژنامەوانانی بۆ غەززە فەراهەم کرد ماهیەت و بەرینایی هێرش و بۆمبارانی دەوڵەتی ئیسڕائیل و تاوانەکانی لە غەززە زیاتر ئاشکرا کرد. ئەگەرچی ئاماری تەڵەفات لە کاتی شەڕدا هەرگیز دروست و جێگای متمانە نییە بەڵام ڕاپۆرتێک لە نیویۆرک تایمز لەسەر زاری کارناسانەوە دەڵێت: “ تەنانەت لێکۆڵینەوەیەکی پارێزکارانە لە ئاماری قوربانییان لە غەززە نیشانی دەدات کە خێرایی کوشتن لە جەریانی هەڵمەتی جەنگی ئیسرائیل لە ماوەی ئەم سەدەیەدا بێوێنە بووە. ئەوان دەڵێن کە خەڵک لە غەززە خێراتر لە مەرگبارترین ساتەکانی هێرش بۆ سەر عێراق، سووریا و ئەفغانستان بەڕێبەری ئەمریکا کە لە لایەن گرووپەکانی مافی مرۆڤەوە بە شێوەی بەرین دراوەتە بەر ڕەخنە، دەکوژرێن.

دەوڵەتی ئیسرائیل بە پاساوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ مەترسی تیرۆریزمی حەماس و هەوڵ بۆ نابوودکردنی، لە بۆمبی بەهێز بۆ خاپوور و وێرانکردنی گەڕەکەکان و بیناکان کەڵک وەردەگرێت. ئەم تاکتیکە تەڵەفاتی خەڵکی سڤیل یەکجار دەباتە سەر. یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم بۆمبارانە وێرانکردنی هەموو ژێرخانە مەدەنییەکان و کوشتار و پەرەپێدانی ترسە لە ناو خەڵکی غەززەدا. بەرینایی کوشتار و وێرانکاری دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە هێندە بێ وێنەیە کە دەوڵەتی ئەمریکا و باقی هاوپەیمانانی ڕۆژاوای ناتوانن لە ئاست ئەوەی کە لە غەززەدا ڕوو دەدات خۆ لە بێخەبەری بدەن. دەوڵەتی ئیسڕائیل ئامانجی خۆی نابوودی حەماس وەسف کردووە بەڵام بە کردەوە نیشانی داوە کە کوشتنی زیاتری خەڵکی سڤیل و دەرکردنی بە کۆمەڵی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە هەم تاکتیک و هەم بەشێک لە ستراتێژی جەنگی ئەرتەشی ئیسڕائیلە. دەوڵەتی ئیسڕائیل ئەگەرچی ئامانجی خۆی نابوودی حەماس ڕاگەیاندووە بەڵام بەم تاوانە جەنگیانەی و بە درێژەی داگیرکاری، بەستێنی پەرستاندنی ڕەوتە کۆنەپەرست و تیرۆرستەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی لەوانە حەماس و ڕێکخراوی جەهادی ئیسلامی لە ناو خەڵکی فەلەستیندا زیاتر فەراهەم دەکات.

ئێستا کە جەنایەتی جەنگی دەوڵەتی ئیسرائیل بە دژی خەڵکی فەلەستین لە غەززە لە ئاستێکی بێ وێنەدا درێژەی هەیە خواستی بەپەلەی بزووتنەوەی جیهانی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین ئاگربەست و ڕاگرتنی دەستبەجێ شەڕە. ئاگربەست بەربەستەکانی سەر ڕێگای ئاشتی پایەدار لەناو نابات. بە تایبەت لە بارودۆخی ئێستادا بە هۆکاری ئەوەیکە لە ئیسرائیل دەوڵەتێکی دەستی ڕاستی و فاشیست لەسەر کارە و دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئورووپایی لە ناتۆ بێ شەرت و مەرج لە جەنایاتی پشتیوانی دەکەن ئەگەری گەیشتن بە وەها ڕێککەوتنێک لاوازە. بەڵام ئاگربەست دەتوانێ هەڵمەتی وەحشیانەی کوشتاری بە کۆمەڵ و جینۆساید لە کەرتی غەززە کۆتایی پێبینێ. بۆ داسەپاندنی ئاگربەست و ڕاگرتنی تاوانە جەنگییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە پێویستە بزووتنەوەی جیهانی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین بەهێزێکی زیاترەوە بێتە مەیدان.

سەرەنجام بۆ ڕزگاری لەم جینۆسایدە و جەنایاتی جەنگی ڕێگایەک بوونی نییە بێجگە لە ئەوەیکە کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین و هێزە ئاشتیخواز و پێشکەوتنخوازەکان لە ئیسڕائیل یەکگرتوانە بە دژی ئەم دەوڵەتە دەستی ڕاستییە ڕاپەڕن. دەسەڵاتێک کە مانەوەی خۆی لە پێشێلکردنی مافی خەڵکی فەلەستین و کوشتاری بەردەوامیاندا دەبینێ. خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین تەنها بە یەکگرتن و هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و بە خەباتی یەکگرتووانەی خۆیان و بە ڕاکێشانی پشتیوانی مرۆڤایەتی ئازادیخواز و یەکسانیخواز لە سەرانسەری جیهان و بە سنوربەندی لێبڕاوانە لەگەڵ سیاسەتی دژە یەهوودیی ڕەوتە ئیسلامییەکان دەتوانن ڕێگایەک بۆ دەربازبوون لەم وەزعیەتە نابەسامانە لەپێناو گەڕانەوەی ئاوەرەکان بۆ وڵاتێک کە لێی دەرکراون و لەپێناو پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین لەم وڵاتە بدۆزنەوە. زەمینەکانی ئەم هاوپشتییە فەراهەمە. ڕەوابوونی داخوازی و خەباتی خەڵکی فەلەستین، هۆگرایەتی جیهانی مافی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ، بوونی ناوەند و کۆمەڵێکی بەرین لە کرێکاران و نەوەی لاوی ئاشتیخواز لە ئیسڕائیل و هێزی هاوپشتی جیهانی دەتوانێت پرۆسەی ڕزگاری خەڵکی فەلەستین و پێکەوەژیانی ئینسانی خەڵکی ئیسرائیل و فەلەستین خێراتر بکاتەوە. بۆ وەدیهاتنی خواستە ئەساسی ترەکانی خەڵکی فەلەستین پێکهاتنی دەوڵەتی سەربەخۆ یەکەمین هەنگاوی زەروورییە کە دەبێ هەڵبگیرێت. بە پێکهاتن و بە ڕەسمی ناسینی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین چینی کرێکار و خەڵکی بێ بەشی فەلەستین بۆ وەدیهاتنی خواستی چینایەتی و ئازادیخوازانەیان و خەبات دژ بە گەندەڵی کۆنەپەرستی ناوخۆیی دەکەونە پێگەیەکی گونجاوترەوە.

بەڵام هەڵگرتنی ئەم یەکەمین هەنگاوە و دەستپێکی پرۆسەی ڕاستەقینەی ئاشتی لە ناوچەکە بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی ملیۆنها ئاوارەی فەلەستینی پەراکەندە لەم ناوچەیە، بەبێ ڕاگرتنی سیاسەتی دروستکردنی شارۆچکەی یەهوودی نشین، بەبێ چوونەدەری هێزە داگیرکەرەکان لە وڵاتی فەلەستین، بەبێ وەڕێخستنی پرۆژەی نوێکردنەوەی وێرانکارییەکانی چەندین ساڵە و بەبێ ئازاد کردنی هەموو بەندکراوانی فەلەستینی لە ئیسرائیل نایەتە دی. لە هەمان حاڵدا بە پێکهاتنی دەوڵەتی ڕەسمی و سەربەخۆی فەلەستین مەیدانی مانوڕ و سوئیستفادەی مێژوویی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و ئیرتجاعی ئیسلامی کە لە مەزلومییەتی خەڵکی فەلەستین بۆ درێژەی دەسەڵات لە وڵاتی خۆیان و یان بۆ بەدەستهێنانی نفووز لەناو خەڵکی ناوچەکە کەڵک وەردەگرن سنووردارتر دەبێتەوە.