کاتێک ئێمە کۆمۆنیستەکان باس لە یه‌كسانیی هەموو کەسێک، به‌بێ لەبەرچاوگرتنی جنسییەت، ڕه‌گه‌ز، نەتەوە و … دەکەن، مه‌به‌ستمان یەکسانییەکی واقعیی و کۆمەڵایەتییه، نەک هه‌ر یه‌كسانییه‌كی حقوقیی. یەکسانیی حقوقی لە کۆمەڵگه‌یەکی چینایەتیدا کە کەسەکان تێیدا لە هەمان سەرەتای لەدایکبوونیانەوە لە بارودۆخێکی نایەکساندان و خاوەنی مەوقعیەتێکن، ناتوانێ یەکسانیی ڕاستەقینەی کەسەکان دابین بکات. ئێمە وێڕای داكۆكییكردن لە یه‌كسانیی و به‌رابه‌ریی حقوقیی تێكڕای کۆمەڵگە و خەبات لەپێناو دەستەبەرکردنی ئەم مافانه‌دا، بەمشێوە یهکسانییە ڕازی نابین و بۆ دامەزراندنی وەها نیزامێک خەبات دەکەن کە ئیمکانات و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری، به شێوه‌یه‌كی یەکسان بۆ گشت تاكه‌كانی فەراهەم كرابێت. لەڕوانگەی ئێمەوە یەکسانیی یاسایی و حقووقیی هه‌ر تاكێكی کۆمەڵگە به‌بێ لەبەرچاوگیرانی جنسییەت و ڕه‌گه‌ز و مەرام و …، تاكه مەرجێکی پێویستە بۆ گەیشتن بە بەرابەریی کامڵی کۆمەڵایەتی. ئێمە وەک ئامرازێك بۆ گەیشتن بە یەکسانیی حقوقیی دەڕوانینە یەکسانیی واقعی، نەک هه‌ر به ته‌نها وه‌ك ئامانجێک. ئێستا با بزانین له‌سه‌ر یه‌كسانیی نێوان ژن و پیاو، ئەم باسە بەشێوەی دیاریکراو چ واتایەکی هەیە: لە ڕوانگه‌ی ئێمە کۆمۆنیستەکانەوە ژن و پیاو لە هه‌موو کاروبارێكی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی‌دا، نەك هه‌ر ده‌بێ ده‌ستیان بە بەرابەریی حقوقی، بەڵکوو بە بەرابەریی ڕاستەقینەش ڕابگات. ئه‌مه به‌و واتایه دێت کە له پله‌ی یه‌كه‌مدا تێكڕای ئەو یاسایانەی كه جیاوازیی دەخەنە نێوان ژن و پیاو، هەڵوەشێنەوە. بۆ نموونە ژن هەروەک پیاو ماف و ئیمکانی کارکردن و دەستڕاگەیشتنی بە هەموو پیشەکان هەبێت. لە کاروباری پێوەندیدار بە بنەماڵە ژن و پیاو لە مافی یەکسان بەهرەمەند بن. بۆ نموونە لە بواری هاوسەرگیری، جیابوونه‌وه‌ی ژیانی هاوبه‌ش و سەرپەره‌ستیکردنی منداڵ؛ وه هەروەها هه‌موو ئەو ئیمتیازه تایبەتانەی لەژێر ناوی “سەرۆکی خێزان” بە شێوەی یاسایی دراوەتە پیاو، هەڵوەشێنەوە؛ وه لە کاروباری سیاسیش‌دا، ژنان ههروەک پیاوان مافی هەڵبژاردن و هەڵبژێردرانیان، لە هه‌ر بوارێكدا هەبێت.
له پله‌ی دووهه‌مدا و وەکوو مەرجێكی پێویست بۆ هاتنه‌دی ئه‌م مافه یه‌كسانه، ئێمە خوازیاری ئەوەین کە ئیمکانی یه‌كسانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و ئاموزشی، بۆ تێكڕای ژنان به ئاراسته‌ی پەروەردەکردنی ئیستێعداد و تواناییەکانیان و هه‌روه‌ها بردنەسەرێی ئاستی وشیاریی و شعوریان، فەراهەم بكرێت. بەڵام بۆ ئەوەیکە ئەم ئیمکاناتە بەواتای ڕاسته‌قینه‌ی وشە فەراهەم بێت و ژنان به‌کردەوە ئیمکانی دەستڕاگەیشتیان بە یەکسانی هەبێت، پێویستە هەموو کۆسپێکی فەرهەنگی و مەزهەبیش لەسه‌ر ڕێی گه‌شه‌ی ژنان هەڵبگیرێت. کەواتە پێویستە خەباتێکی بەرین و بەربڵاو لەدژی ڕا و بۆچوون و بیروباوه‌ڕی پیاوسالارانە ڕێكبخرێت. واتە ئەو باوەڕەی کە پێگەی خوارتر و ژێردەستەبوونی ژن بە ڕەوا دەزانێت و بەداخەوە ڕەخنەی کردووەتە قووڵایی کۆمەڵگاوە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، ژنان بەهۆی ده‌ور و نه‌قشێكی تایبەت کە وەک دایک لەئەستۆیانە، لە نیزامی سەرمایەداریدا بەرەوڕووی گەلێک مەحدودییەت و ئاسته‌نگی دەبنەوە. لەبەر ئەوەیکە نیزامی سەرمایەداریی لە ئاست ئەم كێشه‌یه و به‌رامبه‌ر به منداڵانی کۆمەڵگە، هیچ چەشنە مه‌سئولییه‌تێك وەئەستۆ ناگرێت و بەتەواویی دەیخاتە ئەستۆی خێزان و بنه‌ماڵه. هه‌ر بەم هۆیەوە گەلێک ژن بەهۆی هەژاریی دارایی یاخود تەنانەت فەرهەنگیشەوە، لەو کاته‌دا كه منداڵیان ده‌بێت، یان گیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن یان تووشی کۆمەڵیک ده‌رده‌سه‌ری و ناڕەحەتی دێن کە كاریگه‌رییه‌كه‌ی بۆ هەمیشە بەسەر ژیانیانەوە قورسایی دەکات. وه ئەمە بەکردەوە بەو مانایەیە کە زۆربەی ژنان تەنانەت لە بواری درێژەدان بە ژیانیشه‌وه، لەگەڵ پیاوان یەکسان نین. لە ڕوانگەی ئێمەوە، کۆمەڵگه دەبێ لەئاست ڕۆڵی دایکایەتی ژناندا، بەکردەوە بەرپرس بێت و تەعەهۆد قبووڵ بكات، ئەم به‌رپرسایه‌تییه كه ده‌بێ له ئه‌ستۆی كۆمه‌ڵگه بێت، بە ئه‌ركی تایبەتی ژنان نه‌داته قه‌ڵه‌م و له‌ڕێگه‌ی ڕه‌خساندنی ئیمکاناتێكی بەرین و بەخۆڕایی بێهداشتی، دەرمانی و کۆمەڵایەتییه‌وه، ئەم ئاسته‌نگ و مهحدودییەتانە و سته‌مێك کە لە کۆمەڵگه‌دا بەسەر ژناندا دەسەپێت، لەناو ببات. لەگەڵ ئەوەدا لەناو کۆمەڵگه‌ی سەرمایەداریدا ڕۆڵی دایکایەتی و پەروەردەکردنی منداڵ، گەلێک مەحدودییەتی کۆمەڵایەتیی و ئابووریشی بەسەر ژناندا سه‌پاندووه و کۆسپی خستووه‌ته سه‌رڕێی گەشەکردنیان؛ نیزامی سەرمایەداری له‌ڕێگه‌ی داسەپاندنی ئەم ڕۆڵ و مه‌سئولییه‌ته بەسەر ژنان، لە زۆرێک لە ماف و ئیمکاناتیش بێبەرییان دەکات. لەناو کۆمەڵگه‌ی سەرمایەداریدا بوون به دایک، دەبێتە کۆسپێک لەسه‌ر ڕێی ژنان بۆ دەستڕاگەیشتنیان بە یەکسانیی حقوقی و کۆمەڵایەتی. وه ئەمانە بەگشتیی لەبەر ئەوەیه كه نیزامی چینایەتیی و چەوسێنەرانەی سەرمایەداری، مەسەلەی دایکایەتی و پەروەردەکردنی منداڵ، بە ئه‌رك و بابه‌تێكی خسوسی و تایبه‌ت پێناسە دەکات. بەڵام ئێمە ئەم پرسه بەتەواوی بە ئەركێكی کۆمەڵایەتیی ده‌زانین و ڕێگه‌چارەی کۆمەڵایەتیشمان بۆی هەیە. هه‌ر بەم مەبەستە بەردوام بۆ مسۆگه‌ركردنی ئیمکانات و مافی تایبەت بۆ دایکان و ژنانی دووگیان، تێدەکۆشین.
ئەوەی باسمان کرد بە کورتی بریتییە لە: یەکه‌م، ژنانی دووگیان بتوانن لە مۆرەخەسیی پێویست و ته‌واوی قۆناغی بەر لە منداڵبوون و دوای منداڵبوون بەهرەمەند بن، به‌بێ ئەوەیکە لە حقوق و مهزایاکەیان بێبەش بكرێن، لە هەمانحاڵدا لەسه‌ر ئاستی کۆمەڵگه، لەسه‌ر ئاستی شار و شارۆچکە و گەڕەکیشدا، باخچەی ساوایان بە ڕاده‌ی پێویست دابین بكرێت، بۆ ئه‌وه‌یكه ژنان بتوانن کۆرپە و منداڵانی پێ بسپێرن و خۆیان به کار و په‌روه‌رده‌كردنی خۆیانه‌وه خه‌ریك بن؛ بۆ ئەو ژنانەی کە منداڵی ساوایان هه‌یه، بەبێ ئه‌وه‌یكه حقووقیان کەم و کەسر بكرێت، ده‌بێ سه‌عاته‌كانی كاریان کەم بکرێتەوە، بۆ ئه‌وه‌ی ئەم دایکانە بتوانن خۆراک بدەن بە منداڵەکەیان؛ کۆمەڵگه ببێتە خاوەنی وەها ئاستێک لە ئیمکانات و ڕیفاه کە باری کاری بێزاركه‌ر و تاقەتپڕووکێنی ناوماڵ، له‌وانه چێشت لێنان و جل شۆردن، لە سەرشانی ژنان سووك بێت و هاوكات لەم ڕێگه‌یەوە به‌ستێنی هەموو پاساو و بیانوویەک کە بوورژوازی لەبەر خاتری بوونە دایک، ژنانی پێ لە مافی یەکسان لەگەڵ پیاوان بێبەش كردووه، لەناو بچێت.
بەکورتی: ئێمە کۆمۆنیستەکان خوازیاری ئەوەین کە ژن و پیاو ئیمکانات، هه‌لومه‌رج و مافی یەکسانیان هه‌بێت بۆ گەشە و پەروەردەکردنی ئیستێعداد و تواناییەکانیان و وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ، لە چوارچێوەی بارودۆخ و مافی کۆمەڵایەتیدا، ئیمکاناتی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان دەستەبەر بکەن. ئێمە خوازیاری ئەوەین کە هەر چەشنە کۆسپێکی کۆمەڵایەتیی، ئابووری و سیاسی کە ڕه‌وتی گەشەكردنی ژنان و ئیمکانی بوونیان بە مرۆڤێکی سەربەخۆ و یەکسان ڕادەگرێت یاخود خاو دەکاتەوە، لەناو بچێت.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran