لە درێژەی ڕەوتی دابەزینی بەهای ڕیاڵدا ڕۆژی یەکشەممە ٧ی مانگی ڕەشەممە نرخی دۆلار سنووری ٦٠ هەزار تمەنی تێپەڕاند. دابەزینی لەناکاوی بەهای ڕیاڵ ڕۆژی سێشەممە دووی ڕەشەممە کە تیمی ئابووریی دەوڵەتی ڕەئیسی “ناوەندی ئاڵوگۆڕی دراو و زێڕ”ی دامەزراند، خێراییەکی زیاتری بەخۆوە گرت. ئەم ناوەندە بەو تەسەورە دامەزرا کە سەرچاوەکانی دراوی بەدەستهاتوو لە هەناردەی بەرهەمی پێترۆشیمی و مەعدەن دەخرێتە ئەوێوە و بەمجۆرە دەتوانن بەشێکی بێننە ناو بازاڕی دراوەوە و بەربە دابەزینی زیاتری بەهای ڕیاڵ بگرن. بەڵام نوسخەی دەوڵەتی پادگانی نەتەنیا بەرەوڕووی شکست بووەوە بەڵکوو بوو بەهۆی ئەوەیکە لەماوەی چوار ڕۆژدا نرخی دۆلار لە ٤٤ هەزارەوە بگاتە ٦٠ هەزار تمەن لە ڕۆژی یەکشەممەدا.
لەگەڵ درێژەی ڕەوتی دابەزینی بەهای ڕیاڵ و شکستی ئەم سیاسەتە، ڕۆژی شەممە شەشی ڕەشەممە تیمی ئابووریی دەوڵەتی ڕەئیسیی قاتڵ پێکهاتوو لە محەممەد موخبێر جێگری ڕەئیسی، فەرزین ڕەئیسی بانکی مەرکەزی و خاندوزی وەزیری ئابووری و دارایی ڕژیم لە هەوڵێکی تردا لە کۆبوونەوەی غەیری عەلەنی مەجلیسی کۆنەپەرستدا بەشداریان کرد تا وێڕای ئەمنیەتی بەحیساب هێنانی ئەم مەسەلەیە، بێ کەفایەتی و بێتوانایی دەوڵەت بەرامبەر بەم قەیران و داڕمانە ئابوورییە پاساو بکەن. بەڵام ئەم کۆبوونەوەش بێ ئاکام مایەوە و لە کۆتاییدا دەرکەوت کە موخبێر بە نوێنەرانی وتووە کە: “ئێمە ڕێگاچارەیەکیی باشترمان بۆ مودیریەتی بازاڕ نییە و هەر ئەوەیە و هیچی تر”. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە پاسدار قالیبافیش لە کۆتایی ئەم کۆبوونەوەیەدا بێشەرمانە ئیدیعای کرد کە: “سەبارەت بە بازاڕی دراو بە جەمعبەندییەکی باش گەیشتین”. حسێن شەریعەتمەداری نوێنەری وشک مێشک و دم شڕی خامنەیی لە کەیهاندا، ڕۆژی یەکشەممە وێڕای دان پێدانان بە شکست و زەبوونی و دیفاع لە دەوڵەتی ڕەئیسی نووسیی: “دەستەیەک ئینسان نەمای بێ سەر و پێ بە شێواندنی سیستمی دراو توانیویانە مودیریەتی دراوی وڵات لە دەست مودیرانی شایستە و دڵسۆزی دەوڵەت دەربێنن و گرانییەکی بەرین بەسەر خەڵکی ئێرانی ئیسلامیدا بسەپێنن و ژیان و ئارامشی خەڵک بخەنە مەترسییەوە”. باقیی مەقاماتی دەوڵەت لەوانە پاسدار وەحیدی وەزیری ناوخۆ وێڕای قەبووڵکردنی شکست و بێتوانایی ڕژیم لە کۆنتڕۆڵکردنی قەیران و گرانی و دابەزینی بەهای ڕیاڵ، پاساوی ئەمنییەتیی واتە “پیلانگێڕیی دوژمنی دەرەکی” و تەبلیغاتی میدیاکانی دەەرەوە و درێژەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکیان کردە بیانوو. هەڵبەت هێندێک لە نەشریاتی ئۆسولگەرا توندڕەوەکان لەوانە “سێڕات نیوز”یش وێڕای ڕەخنە لە دەوڵەت، قەتاری ڕەئیسییان لەحاڵی بەربوونەوە بۆناو دەرە وەسف کرد.
بەڵام شەریعەتمەداری و باقیی بەرپرسانی ئەم دەسەڵاتە دز و گەندەڵە لەئانقەست خۆ لە نەزانی دەدەن و دەیانهەوێ جەنبەی ئەمنییەتی بدەن بە قەیرانی ئابووری و ژمارەیەک دەڵاڵی ورد بە هۆکاری گرانی و دابەزینی بەهای ڕیاڵ بناسێنن. ئەوان دەزانن کە بەهای ڕیاڵیش وەک هەموو کاڵایەکی تر لە مێکانیزمی عەرزە و تەقازای بازاڕ تەبەعیەت دەکات. یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونی دۆلار و چوونەسەرەوەی لە بازاڕی ناسەقامگیر و قەیران لێدراوی ئێران، بردنە دەری دۆلارە لەئاستی ملیاردیدا لەلایەن خودی بەرپرسانی سپای پاسداران و کەسانی وابەستە بە حکوومەت و ڕەوانە کردنی بۆ ناو حیسابە شەخسیەکانیانە لە بانکەکانی دەرەوەی وڵات. هەڵبەت هۆکاری دیکەی وەک قەیرانی پێکهاتەی ئابووریی سەرمایەداری، ڕکوودی بازاڕ، چوونەسەرەوەی ڕێژەی تەوەرۆم، دزی و گەندەڵیی جێکەوتوو لەناو هەموو دەزگاکانی ڕژیم، ئابووریی ڕانتی و قەبزەکردنی زیاتر لە ٦٠ لەسەدی ئابووریی وڵات لەناو دەستی سپای پاسداران و تەحریمی ئابووری پێویستە بە هۆکارە جۆراوجۆرەکانی وەرشکستەیی حکوومەتی ئیسلامی و هاتنە خواری بەهای ڕیاڵ بەحیساب بێت کە بووەتە هۆی گرانیی بەرین و بەرزبوونەوەی تەورەۆم بۆ زیاتر لە ٥٣ لەسەد لە مانگی ڕێبەنداندا.
بەڵام بەدەر لەوانە، هۆکارێکی گرینگی دیکەی دابەزینی لەناکاوی بەهای ڕیاڵ، قەتعکردنی دزینی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران لەڕێگەی بانکە وابەستەکانەوە بووە. ڕۆژنامەی فیگارۆی چاپی پاریس لە مانگی ژانویەدا بەسەرنجدان بە تەحریمی زیاتر لە ١٥ بانک و ژمارەیەک ناوەندی وابەستە لەلایەن ئەمریکا کە بەدەستی عەواملی عێراقیی ڕژیمی ئیسلامی وەک پۆششێک بۆ دزینی دۆلار لە عێراق دامەزرابوون، پێشبینیی کردبوو کە بازاڕی ئێران بەرەوووی کەمبوونی دۆلار و دابەزینی بەهای ڕیاڵ دەبێتەوە. واقعییەت ئەوەیە کە ساڵەهایە کۆماری ئیسلامی بەشێکی زۆر لە پێداویستییە دراوییەکانی خۆی لەڕێگەی دزینی سەروەت و سامانی خەڵکی عێراقەوە دابین کردووە و دەوڵەتی گەندەڵی عێراق ئیمکاناتی ئەم تاڵانەی بۆ ڕژیمی ئیسلامی فەراهەم کردووە. ڕۆژنامەی فیگارۆ ئاشکرای کرد کە خاوەنانی ئەم بانکانە سەرانی ناسراوی دەوڵەتی عێراق و وابەستە بە ڕژیمی ئیسلامین کە هەتا ئێستا هەموو هەفتەیەک زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆلاریان بەشێوەی قاچاغ لە وڵات بردووەتە دەر. ئەم ڕۆژنامەیە لەسەر زاری دیپلۆماتێکی عێراقی نووسیویەتی کە بانکی ناوەندیی عێراق ڕۆژانە دۆلار دەخاتە ئیختیار بانکە خسووسییەکان تا ڕەوانەی ئێرانی بکەن. تەحریمی بانکەکانی عێراق لەلایەن ئەمریکا و کۆنتڕۆڵی بانکی ناوەندیی عێراق لەڕێگەی دامەزراندنی ناوەندێک لەم وڵاتە، بەئامانجی داسەپاندنی گوشاری زیاتر بۆسەر کۆماری ئیسلامی و هێنانی بۆسەر مێزی دانوستانە بەدەستی بەتاڵەوە.
تاڵانکردنی دارایی خەڵکی ستەمدیدەی عێراق لەڕێگەی ڕەوانە کردنی دۆلار بۆ بانکەکانی کۆماری ئیسلامی و بۆ حیسابی ڕێبەرانی سپای پاسداران و باقیی ناوەندە حکوومەتییەکان، بووەتە هۆی پەرەسەندنی هەژاری و فەلاکەتی کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی عێراقیش. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا خەڵکی وەگیان هاتوو لە دەخاڵەتەکانی کۆماری ئیسلامی و وابەستەبوونی ئەحزاب و جەریاناتی سیاسی، گەلێک جار دژبە بەرپرسانی گەندەڵ و دزی دەسەڵاتەکەیان دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی بەڵام لەلایەن جەریاناتی چەکداری ئیسلامیی سەربە کۆماری ئیسلامی لە عێراق و بە هاوکاریی سپای قۆدس سەرکوت و خەڵتانی خوێن کراون. ئێستا کە چوونی دۆلاری عێراقی بۆ ناو حیسابی ڕێبەران و بەرپرسانی باڵای سپا و ناوەندە مەزهەبییەکان ڕاگیراوە، ڕژیمی دژەئینسانی کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ بە دەستبردن بۆناو سفرەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران و داسەپاندنی هەژاری و برسییەتیی زیاتر لەڕێگەی دەزگا ئەمنییەتی و سەرکوت، دەسەڵاتی نگرسی درێژە پێبدات. گەشەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی سەرانسەریی خانەنشینان و باقیی توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو نیشانەی بەردەوامبوونی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا بەئامانجی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی حکوومەتێکە کە دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە بەڕێوەبردن و دیاریکردنی چارەنووسی کۆمەڵگە دابین بکات و بتوانێ لەسەر وێرانەکانی کۆماری ئیسلامی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بەرابەر و ئینسانی دامەزرێنێت.
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە