ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی نوامبر بەرابەر لەگەڵ ٨ی مانگی سەرماوەز، ڕۆژی جیهانیی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستینە. ڕۆژی فەلەستین لە ساڵی ١٩٧٧ لەلایەن کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەژێر فشاری خەباتی مافخوازانەی خەڵکی فەلەستین و بیروڕای گشتیی خەڵکی ئازادیخواز لە جیهان دیاری کرا. ئامانج ئەوە بوو تا هەموو ساڵێ لەم ڕۆژەدا بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی تایبەت، لەسەر مافە پێشێلکراوەکانی خەڵکی فەلەستین پێداگری بکرێت. لەم ڕۆژەوە هەتا ئێستا نەتەنها ڕەنج و ئازارەکانی خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین کەم نەبووەتەوە، بەڵکوو جینۆساید و وێرانکاری زیاتر، هەژاری و بێبەشی بەرینتر، زیندانیکردنی لاوان و ئاوارەیی زیاتر بەسەر خەڵکی فەلەستیندا سەپاوە.
ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا ڕۆژی هاوپشتیی جیهانی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین دێت کە مرۆڤایەتی شایەدی شەپۆلێکی تازە لە جینوساید و تاوانی جەنگیی دەوڵەتی ئیسرائیل بەدژی خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززەیە. دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل بە پاساوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ مەترسیی تیرۆریزمی حەماس زیاتر لە ٤٧ شەو و ڕۆژە خەڵکی فەلەستینی لە گەورەترین زیندانی سەرئاواڵەی جیهان بەردەوام لە زەوی و ئاسمان و دەریاوە بۆردومان کردووە. لەئاکامی ئەم هێرشەدا هەتا ئێستا زیاتر لە ١٤ هەزار کەس کە پتر لە ٥ هەزار کەسیان منداڵ بوون گیانیان لەدەست داوە. دەیان هەزار کەس بریندار و زیاتر لە یەک ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون. دەوڵەتی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە دوای چوار ڕۆژ ڕاوەستان دووبارە بۆمبارانەکان دەستپێدەکاتەوە. بەم حاڵەوە خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە بە خۆڕاگرییان لەژێر ئاگری بۆمبارانی بەردەوام و وێرانکاری، بە تەحەمولی برسیەتی، توونیەتی و تاریکی، بە هەوڵ بۆ دەربازکردنی کەسوکاریان لە ژێر ڕووخاوەکان، بە تەحەمولی غەم و ماتەمی لەدەستدانی ئازیزانیان، پزیشکان و پەرستاران و کادری پزیشکی بە گیانفیدایی لەپێناو نەجاتدانی بریندار و نەخۆشەکان نەتەنها دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل بەڵکوو دەوڵەتانی ئەمریکا، بریتانیا، ئاڵمان، ئیتالیا و فەڕانسە و باقیی دەسەڵاتەکانی تر کە بەبێ شەرت و مەرج لەم جەنایەتە پشتیوانی دەکەن، لە بواری ئەخلافیەوە تێکیانشکاندن. خەڵکی فەلەستین لە غەززە بە خۆڕاگریی خۆیان سرووشتی درۆیین و فریوکارانەی دیموکراسییە بورژواییەکانیان لە دیفاع لە مافی مرۆڤ زیاتر لە هەموو کاتێک ڕسوا کرد. بیروڕای مرۆڤایەتیی ئازادیخواز و بەرابەریتەڵەبیان لە سەرانسەری جیهان بەرەو پشتیوانی لە خەڵکی فەلەستین هاندا. ئاگربەستی چوار ڕۆژە و گۆڕینەوەی دیلەکان لەڕاستیدا بەرهەمی ئەم شکستە ئەخلافییەی دەوڵەتی ئیسرائیل و هاوپەیمانی و دەستکەوتی ئەو بزووتنەوە جەماوەرییەیە کە لە ڕۆژ یەکەمەوە بە خواستی ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ هاتە مەیدان.
ئەمڕۆ لە بارودۆخێکدا ڕۆژی جیهانیی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین دێت کە ئەگەرچی ئاڵای حکوومەتی خودموختاری فەلەستین لە پەنا ئاڵای ١٣٦ وڵاتی جیهانە و ئەم حکوومەتە بەڕەسمی ناسراوە، بەڵام تەنانەت ئەم پێگە دووفاکتۆیەش نەیتوانیوە گرێیەک لە ڕەنجی بێ پایانی ئەم نەتەوە ستەمدیدەیە بکاتەوە. لەماوەی ئەم ساڵانەدا و سەرەڕای بەرزکردنەوەی فۆرماڵی ئەم ئاڵایە، شاروچکە یەهوودی نشینەکان زیاتر پەرەیان سەندووە و ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵکی فەلەستین لە ماڵی خۆیان دەرکراون. لێواری ڕۆژئاوای ڕووباری ئۆردۆن کە بەشێک لە خەڵکی فەلەستین لەوێ نیشتەجێن، بە کێشانی دیواری بێتۆنی و تەلدڕوو بووەتە زیندان بۆ ئەم خەڵکە. کەرتی غەززە شوێنی ژیانی بەشێکی دیکە لەم خەڵکە، لە بەشی سەرەکی جیا بووەتەوە و بەتەواوی گەمارۆ دراوە و بە گەورەترین زیندانی سەرئاوڵەی جیهان ناوبانگی دەرکردووە. تەنانەت دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ وڵاتی میسریش لەسەریان داخران. سەرەڕای هەموو ئەمانە، لەماوەی ئەم ساڵانەدا، دەیان جار لەلایەن ئەرتەشی ئسیرائیلەوە هێرشی وێرانکەر و مەرگباری هەوایی و زەمینییان کرایە سەر و هەزاران کەس لە دانیشتووانی کوژران و ماڵەکانیان بەسەریاندا ڕووخا. لە هەمان کاتدا هەزاران تازەلاو و گەنجی فەلەستینی لە لێواری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردۆن لەلایەن سەربازانی ئەرتەشی ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج و کوژران یان بریندار بوون. زیندانەکانی ئیسرائیل هەزاران فەلەستینیی خەباتکاری تێدا ڕاگیراوە.
دەسەڵاتی ئیسرائیل بۆ درێژەدان بە چەوساندنەوە و داگیرکردنی خاکی فەلەستین بە پشتیوانیی بێ بێدەریغی دەسەڵاتی ئەمریکا پشتی بەستووە. چونکە تا حکوومەتێکی ڕەگەزپەرست و ئایینی لەم وڵاتەدا لەسەر کار بێت، بە ناچار لە بەرەی ئەمریکادا دەبێت. لە ڕوانگەی حکوومەتی ئەمریکا و ئەندامانی ئورووپایی ناتۆ، ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک لە دیمەنی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبدات، حکوومەتی ئیسرائیل وەک هێزێکی یەدەگ دەمێنێتەوە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئەم وڵاتە و هەموو جیهانی ڕۆژئاوا. بۆیە لە ڕوانگەی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکاوە، وڵاتی ئیسرائیل دەبێت خاوەنی حکومەتێکی سەقامگیر و بەهێز بێت. دەسەڵاتی ئیسرائیل بە ئاگاداربوون لەم پێگە بابەتییەی خۆی، سەرسەختانە لەحاڵی سەرکوتکردنی نەتەوەی مافخوازی فەلەستیندایە.
بەڵام تا ئەو جێیەی پەیوەندی بە کرێکاران و خەڵکی ئیسرائیل و فەلەستینەوە هەیە، ئەوان هیچ بەرژەوەندییەکیان لە درێژەی ئەم دوژمنایەتی و ڕق و کینەی ئایینی و جینۆسایدەدا نییە. لەو نێوەدا پێویستە حیسابی چەند هەزار فالانژیستی یەهوودی کە بوونەتە ئامرازی دەستی دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل، لە کرێکاران و خەڵکی ئیسرائیل جیا بکرێتەوە. دەسەڵاتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل ئاگاهانە هەوڵ دەدات ڕق و نەفرەت دژبە خەڵکی فەلەستین بەردەوام بەرهەم بێنێتەوە. ئەوە دەوڵەتی ئیسرائیلە کە بە داگیرکاری، سەرکوتگەری و جەنایاتی خۆی، زەمینەی بۆ پەرەسەندنی ڕەوتە کۆنەپەرستە تیرۆریستەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی بۆ نموونە حەماس و ڕێکخراوی جەهادی ئیسلامی لەناو خەڵکی فەلەستین و زەمینەی بۆ دەخاڵەتەکانی ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامیی لە مەسەلەی فەلەستیندا فەراهەم کردووە.
بۆ ڕزگاری لەم جینۆساید و جەنایاتە جەنگییە ڕێگایەک بوونی نییە بێجگەلە ئەوەیکە کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین و و کرێکاران و خەڵکی ئاشتیخواز و پشکەوتنخواز لە ئیسرائیل یەکگرتووانە دژبەم دەوڵەتە دەستی ڕاستییە کە مانەوەی خۆی لە پێشێلکردنی مافی خەڵکی فەلەستین و کوشتنی بەردەوامیاندا دەبێنێت، بێنە مەیدان. خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین تەنها بە یەکگرتوویی و هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئیسرائیل، بە درێژەی خەباتی یەکگرتووانەی خۆیان و بە ڕاکێشانی پشتیوانیی مرۆڤایەتیی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب لە سەرتاسەری جیهان و بە سنووربەندنی لێبڕاوانە لەگەڵ ئاراستەی دژەیەهوودیی ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان دەتوانن ڕێگایەک بۆ ڕزگاری لەم وەزعیەتە نابەسامانە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ وڵاتێک کە لێی دەرکراون و ڕێگایەک بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین بدۆزنەوە. بەستێنەکانی ئەم هاوپشتییە ئامادەیە. ڕەوابوونی داخوازی و خەباتی خەڵکی فەلەستین، هۆگرایەتیی جیهانی مافی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ، بوونی ناوەندەکان و ژمارەیەکی بەرین لە کرێکاران و نەوەی لاوی ئاشتیخواز لە ئیسرائیل و هێزی هاوپشتیی جیهانی دەتوانێ پڕۆسەی ڕزگاریی خەڵکی فەلەستین و پێگەوەژیانی ئینسانی خەڵکی ئیسرائیل و فەلەستین خێراتر بکاتەوە. بۆ وەدیهێنانی خواستە ئەساسیترەکانی خەڵکی فەلەستین، پێکهێنانی دەوڵەتی ڕەسمی و سەربەخۆ یەکەمین هەنگاوی زەروورییە کە پێویستە هەڵبگیرێت. لەگەڵ پێکهێنان و بەڕەسمی ناسینی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین، چینی کرێکار و خەڵکی بێبەشی فەلەستین بۆ بەدواداچوونی خواستی چینایەتی و ئازادیخوازانەیان و بۆ خەبات دژبە گەندەڵی و کۆنەپەرستیی ناوخۆ دەکەونە پێگەیەکی گونجاوترەوە.
بەڵام هەڵگرتنی ئەم یەکەمین هەنگاوە و دەستپێکی پڕۆسەی ڕاستەقینەی ئاشتی لە ناوچەکە، بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی ملیۆنها ئاوارەی فەلەستینی پڕژوبڵاو لە ناوچەکە و سەرانسەری جهان، بەبێ ڕاگرتنی سیاسەتی دروستکردنی شارۆچکەی یەهوودی نشین، بەبێ چوونەدەری هێزە داگیرکەرەکان لە ناوچەکانی فەلەستین، لە دەستووردانانی پڕۆژەی نوێژنکردنەوەی وێرانییەکانی شەڕی چەندین ساڵە و بە بێ ئازادیی سەرجەم بەندکراوانی ناو زیندانەکانی ئیسرائیل، وەدی نایە. لە هەمان حاڵدا بە پێکهێنانی دەوڵەتی فەرمی و سەربەخۆی فەلەستین، مەیدانی مانۆر و ستەمی مێژوویی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و ئیرتجاعی ئیسلامی، کە لە مەزلوومیەتی خەڵکی فەلەستین بۆ درێژەدانی دەسەڵات لە وڵاتەکەیان و یان بۆ بەدەستهێنانی نفووز لەناو خەڵکی ناوچەکە کەڵک وەردەگرن، سنووردارتر دەبێتەوە.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە