پاش شەش مانگ لە ئاخێزە جەماوەریەکان دوای کوژرانی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە گرتووخانەی گەشتی ئیرشاد، پاش نیوەڕۆی رۆژی پێنج شەممە ۲٥ی ڕەشەمه بە هەزاران کەس لە خەڵکی ناڕازی لە دەیان شاری ئێران سەرەڕای کەشی قورسی ئەمنییەتی، بە ئامادەبوون لەسەر گڵکۆی گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییەکان، جگە لە گوڵباران کردن و بەرز ڕاگرتنی یادی گیانبەختکردووانی ناڕەزایتییەکانی ئەم دواییانە، لە دژی ڕژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی دروشمیان وتەوە.
لە ئارامگەی ئایچی سەقز و مەزاری ژینا (مەهسا) ئەمینی، بگرە تا بەهەشتی زەهرای تاران، لە بەهەشتی سەکینەەوە تا گۆڕستانی حەیاتەلغەیبی خۆڕەم ئاباد، لە ئیزە، زاهێدان، سنە، ئەراک و بەهەشتی زەهرای مەشهەد، ناڕازیان بە بەرز ڕاگرتنی یادی گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە، لەسەر بەردەوام بوونی شۆڕشی ژینا جەختیان کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان و ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بە سایتی کۆمەلە گەیشتووە، ئارامگەی شارەکانی کرماشان، ڕەشت، ئەنزەلی، ئەهواز، تەورێز، جوانڕۆ، مهاباد، ئەسفەهان، سەمیرۆم، دیواندەرە، شاهین شەهر، فوومەن، لاهیجان، شیراز، ئێشتێهارد، جوونەقان، کامیاران، دیولان، سنە و سەقز و زۆربەی شارەکانی دیکە شایەتی ئامادەیی بەرینی خەڵک و بنەماڵەی گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییەکان، لەسەر گڵکۆی ئازیزانیان بوو.
لەو ڕێوڕەسمانەدا کە لە بەهەشتی زەهرای تاران، بەهەشتی ڕەزای مەشهەد، ئارامگەی ئایچی سەقز، بەهەشتی محەمەدی سنە، ئارامگەی ئەراک و لە بەهەشتی سەکینەی کەرەج بەڕێوەچووە تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیم ڕووی داوە.