فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆچکردن بە هۆی گوشارە سیاسییەکان لە ئێران
چوارشەممە ۰۱-۰۹-۱۴۰۲   |  22-11-2023

ڕۆژنامەی فایننشاڵ تایمز لە ڕاپۆڕتێکدا وێڕای ئاماژە بە گوشارە ئابووری و سیاسییەکان لە ئێران و ترسی خەڵک لە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ، نووسیویەتی ئەو هۆکارانە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆچکردن لە ئێران.
لەو ڕاپۆڕتەدا هاتووە کە بەپێی داتاکانی ڕێکخراوەی گەشە و هاوکاریی ئابووری، وڵاتی ئێران لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢٠ تا ٢٠٢١ زایینیدا، خێراترین ڕێژەی کۆچبەریی لە جیهاندا تۆمار کردووە.
ئەم ڕیژەیە لە ساڵی ٢٠٢٠، ٤٨ هەزار کەس بووە کە لە ساڵی ٢٠٢١ دا گەیشتووەتە ١١٥ هەزار کەس  و بەم پێیە بەرزبوونەوەیەکی ١٤١ لەسەدیی بەخۆ بینیوە.
هاوکات لەگەڵ ئەمانە ژمارەی داواکاریی نوێ بۆ پەنابەری لەلایەن ئێرانییەکانەوە لە ساڵی ٢٠٢٢ زایینی بەنیسبەت ساڵێک پێشتر، ٤٤٪ زیادی کردووە.
لەلایەکی دیکەوە ڕێژەی خوێندکارانی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات، لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٣ تا ٢٠٢١ زایینی لە ٤٩ هەزار کەسەوە بۆ ٧٠ هەزار کەس لە ساڵێکدا بەرز بووەتەوە.
ئەم ڕۆژنامە بریتانیاییە لە کۆتایی ڕاپۆڕتەکەیدا نووسیویەتی: ڕێژەی هەڵاوسانی ئێران لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لە سەرووی ٤٠٪ بووە و ئابووریی ئێرانیش لەژێر گەمارۆکانی ئامریکادا زیانی بەرکەوتووە.
هەروەها سەرکوتی ناڕازییان لە دوای شۆڕشی ژینا و مەترسیی تێوەگلانی ئێران لە شەڕ پاش دەسپێکی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، نیگەرانیی خەڵکی زیاتر کردووە.