وەزارەتی تەندرووستی ئیسڕائیل ڕایگەیاندووە، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی کە بە هۆی ئۆپڕاسیۆنی “زریانی ئەقسا”ی گرووپە فەلستینییەکان گیانیان لەدەستداوە، ٣٠٠ کەسی تێپەڕاندوە و نزیکەی هەزار و ٦٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
لەبەرانبەردا سپای ئیسرائیل بەچڕی بۆردومانی بۆسەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون دەستپێکردووە و دەیان باڵەخانەی لەکەرتی غەززە وێران کردووە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ئاماژەی بەوەدا، تەنها لە یەک بۆردوومانی سپای ئیسرائیل بۆسەر ناوچەی بەیت حەنون لە باکووری غەززە، ١٩ کەس گیانیان لەدەستداوە. ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەی کوژراوە فەڵەستینییەکان بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەزە ٢٥٦ کەسی تێپەڕاندووە. لە لایەکی دیکەوە، رادیۆی سپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی ڕەزبەر، چەند مووشەکێک لە باشووری لوبنانەوە ئاڕاستەی ئۆردوگا جونشینەکانی سەر سنووری ئیسرائیل و لوبنان کراون، داواشی لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە کرد، پەنا بۆ شوێنە پارێزراوەکان ببەن. جێگای ئاماژەیە، کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٥ی ڕەزبەر،، باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی (زریانی ئەقسا)یان بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد.
دوێنێ باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی. جگە لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، هەمان رۆژ ژمارەیەک چەکداری حەماسیش چوونە نێو سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە شەڕی کۆڵان بە کۆڵانیان کردووە.