ئێستا کە لە سەروبەندی هاتنی بەهار و ساڵی نوێ داین، کۆمەڵگای ئێران زیاتر لە هەر کاتێک قوتبیتر، بۆشایی چینایەتیی قووڵتر و مەودای هەژاری و سەروەت زیاتر بووە. لەلایەکەوە کەمینەی بچووکی سەرمایەداران و گرووپە قازانجبەرەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی خەریکی کەڵەکەکردنی بەردەوامی سەرمایە و سەروەتی ئەفسانەیی خۆیانن و بۆ جارێکی دیکە بێبەشی و نەهامەتییان بەسەر زۆربەی خەڵکی خواردەستی کۆمەڵگەدا سەپاندووە. لەلایەکی دیکەشەوە، هەژاری و فەلاکەت و بێ خانەولانەیی لە پانتاییەکی بێوێنەدا داوێنگیری زۆربەی خەڵکی کرێکار و بێبەش بووە و ژیانی لێ کردوونەتە جەحەنەخێکی ناخهەژێن.
لە جەرگەی وەها باروودۆخێکی فەلاکەتباردا، ئیبراهیم ڕەئیسی جەلاد بە گرتنەبەری تاکتیکی تەبلیغاتی ڕوو بە ئۆستاندارانی ئێران ڕایگەیاند:
“بۆ ڕیشەکێشکردنی هەژاریی موتڵەق لە هەموو تواناکان کەڵک وەرگرن و ڕێگە مەدەن ئەم بابەتە بگاتە ساڵی ١٤٠١.” ئەم وتە بێناوەرۆکانە ئەگەرچی دەستمایەی گاڵتەی تاڵی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، بەڵام هاوکات خوێ پێداکردن بە برینە قووڵەکانی ملیۆنان کەس لە خەڵکی کۆمەڵگای ئێرانە. ئاشکرایە کە ڕەئیسی و باقیی سەرانی ڕژیمی ئیسلامی کە خۆیان لەسەر دەریایەک لە سەروەت و سەرمایەی مفت دانیشتوون، ناتوانن لە هەژاریی بێسنوور تێ بگەن و لە ژان و ئازاری کرێکاران و زەحمەتکێشان کەم بکەنەوە. هەژاریی تۆخ یان موتڵەق بە باروودۆخێک دەوترێت کە تێیدا مرۆڤەکانی ناو کۆمەڵگا لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی درێژەدانی ژیان لەوانە، ئاو، خۆراک، پۆشاک، سەرپەنا، خزمەتگوزاریی تەندرووستی و هتد بێبەرین.
ڕەئیسی لە حاڵێکدا باس لە ڕیشەکێش کردنی “هەژاریی موتڵەق” دەکات کە سەرۆکی دامەزراوەی باڵای توێژینەوەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠٠ وتبووی: “لەحاڵێکدا کە هەژاریی موتڵەق لە ساڵی ٩٢وە تا ٩٦ گەیشتبووە ١٥ لەسەد، لە ساڵی ٩٦وە تا ٩٨ گەیشتە ٣٠ لەسەد.” واتە نزیک بە یەک لەسەر سێی دانیشتووانی ئێران لە هەژاریی موتڵەقدا دەژین. هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی ئیلنا لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا، لەسەر زاری جێگری وەزارەتی تەعاون، کار و ڕەفاهی ئیجتماعی، تا ساڵی ڕابردوو ٢٦ ملیۆن کەس لە دانیشتووانی ئێران لە هەژاریی موتڵەقدا دەژیان. بەپێی هەر ئەم ڕاپۆرتە، بەسەرەنجدان بە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و بێکاریی نزیک بە دوو ملیۆن کەسی دیکە لە بازاڕی کار، ژمارەی کەسانێک کە لە هەژرایی موتڵەقدا بەسەر دەبەن لە ٢٦ ملیۆنەوە بۆ ٣٠ ملیۆن کەس بەرز بووەتەوە. ئەم ڕاپۆرتانە لەحاڵێکدا باروودۆخی ژیانی دڵتەزێن و ژاناویی خەڵکی هەژار و ڕەنجدیتوو نیشان دەدەن کە پێوەری ناوەندەکانی ڕژیم بۆ هەڵسەنگاندنی دیاردەکانی وەک هەژاری، هێڵی هەژاری و هەژاریی موتڵەق لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکانی هەڵسەنگاندنی هەژاری و فەلاکەتی کۆمەڵگا و ڕاستییەکانی ئەمڕۆی کرێکاران و خەڵکی هەژاری ئێران یەک ناگرێتەوە. هەربۆیە ژمارەی کەسانێک کە نوقمی هەژاری و برسییەتین، یەکجار زیاتر و کارەساتبارترە.
پێوەرێکی دیکە کە لەم ڕێگەوە دەکرێت ئاستی بژێوی خەڵک و بەشوێنیدا بەرینایی نابەرابەریی موتڵەق و بۆشایی هەژاری و سەروەت لە ئێران بدرێتە بەر لێکۆڵینەوە، ڕێژەی فەلاکەتە. پێوەری فەلاکەت بابەتێکی ئابوورییە کە بە کۆی گشتیی “ڕێژەی تەوەرۆم” و “نرخی بێکاری” دەوترێت. دوایین بەراوردەکان نیشانی دەدەن کە ئێران، لە نێوان ١٥٦ وڵاتی دنیادا، لە بورای پێوەری فەلاکەت لە پلەی هەشتەم دایە. واتە ئێران دوای ڤێنێزۆیلا، لۆبنان، زیمبابوە، سوودان، سووریە، ئارژانتین و تورکییە پلەی هەشتەمی بەخۆی تەرخان کردووە. هەر لەم پێوەندەدا بەپێی ڕاپۆرتی وێبسایتی ئێکۆئێران، لەسەر بنەمای ئەنجامی توێژینەوەیەک، نرخی فەلاکەت لە ئێران لە هاوینی ساڵی ١٤٠٠دا گەیشتووەتە ٥٥ و چوار دەهومی لەسەد کە لەماوەی یەک دەیەی ڕابردووی ئابووریی ئێراندا باڵاترین ڕێژەی فەلاکەت بووە. هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی هەمشەهری، تازەترین لێکدانەوەکان نیشانی دەدات کە ڕێژەی فەلاکەت لە مامناوەندی وڵات چووەتە سەرێ. لەو نێوەدا، ناوچە حاشیەیی و هەژارترەکانی ئێران لە باروودۆخێکی یەکجار دڵتەزێنتردا بەسەر دەبەن. ئەم لێکدانەوانە نیشانی دەدەن کە پارێزگاکانی ئیلام، کۆهگیلویە و بویەرئەحمەد، کوردستان، لۆرستان، خووزستان، خوراسانی شوماڵی، چوارمەحاڵ و بەختیاری، کرماشان و هۆرمۆزگان لە وەزعییەتی سووری باڵای ٦٠ لەسەدی ڕێژەی فەلاکەت دان. ئەم ڕێژە بەرزە نیشانەی باروودۆخی فەلاکەتباری کۆمەڵایەتی و بەرینایی بێسەرەوبەرەیی ئابوورییە. بێگومان ڕێژەی فەلاکەت و ئاستی واقعیی ئەم پێورانە یەکجار لەسەرتر و کارەساتبارتر لەو ئامارانەن کە لەلایەن ناوەند و میدیاکانی دەسەڵاتەوە بڵاودەکرێتەوە.
پەندی بەناوبانگی “ساڵی خۆش لە بەهارییەوە دیارە”، هێمای وەزعییەتێکە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی داهاتوودا بۆ خەڵکی ئێرانی بەدیاری دێنێت. لە سەروبەندی بەهار و ساڵی نوێدا، نوێنەرانی مەجلیس ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی ڕەشەممە دراوی تەرجیحیی “واتە دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنیـ”یان لابرد. گومان لەوەدا نییە کە لابردنی دراوی تەرجیحی دەبێتە هۆی گرانتربوونی پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵک و پەرەسەندنی هەژاری و دەستکورتیی زیاتر. یەک نرخی کردنی دراو یەکێک لە نیشانەکانی درێژەی سیاسەتی نیۆلیبرالییە کە ئیبراهیم ڕەئیسی پێشتر وەک “نەشتەریی گەورە” باسی لێکردبوو. ڕاگەیاندنی لانیکەمی حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری بۆ ساڵی داهاتوو و داسەپاندنی باروودۆخی فەلاکەتبارتر بەسەر ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، و هەروەها ئازادکردنی نرخەکان و چوونەسەرەوەی هەوسارپچڕاوی تەوەرۆم و گرانی، هەر هەموویان دەبنە هۆی خراپتربوونی زیاتری باروودۆخی خەڵک. بێگومان ئەم سیاسەتانە بەشێک لەو “شۆکە ئابووریـ”یانەن کە قەرارە باروودۆخەکە بۆ بەهێزکردنی مێکانیسمی بازاڕی ئازاد، قازانجپەرستیی سەرمایەداران و کەڵەکەکردنی سەروەتی ئەفسانەیی لەلایەن ڕانتخۆران و گەندەڵانی حکوومەتەوە ئاسانتر بکاتەوە. بەڵام لە بەرامبەردا، کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و مرۆیی زۆربەی کۆمەڵگای ئێران وەها قورس و تاقەت پڕووکێن دەبێت کە لەگەڵ تەقینەوەی کۆمەڵایەتی و مانگرتن و ناڕەزایەتیی جەماوەری کرێکار و بێبەش بەرەوڕوو دەبێتەوە.
هەموو ئەم فاکتۆرانە ئەو ڕاستییەمان پێ دەڵێن کە ساڵی داهاتوو لە ئێران، ساڵی قووڵتربوونەوەی بۆشایی چینایەتی و چوونەسەرەوەی ئاستی نابەرابەری و بێعەداڵەتی دەبێت. لەلایەکەوە، سیاسەتەکانی ڕژیمی دەسەڵاتدار لەپێناو پێکهێنانی بەهەشتێکی قازانجدەر بۆ سەرمایەداران و بەهارێکی پڕبەرەکەت بۆ قازانجپەرستانی گەندەڵ و دەز دەبێت. لەلایەکی دیکەشەوە برسییەتی، بێکاری، هەژاری و فەلاکەت و باقیی نەهامەتییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، گوشاری سەر هەژاران و بێبەشان سەد هێندە و ژان و ئازاری خەڵک زیاتر دەکات. ئەگەر بمانهەوێ ئەم باروودۆخە بگۆڕین، ڕێگایەکمان بێجگەلە خەباتی یەکگرتووانە و لێبڕاوانە لەبەر نییە. ئەگەر قەرارە نانێک بە سفرەی بێەبشان زیاد بێت، کرێکاران زەحمەتکێشان چارەیەکیان بێجگەلە پشت بەستن بە هێزی سەربەخۆی خۆیان و پەیکاری چینایەتییان نییە. وەدەستهێنانی هەر ئاستێک لە مافە پێشێلکراوەکانی بێبەشانی کۆمەڵ، لە گرەوی یەکگرتوویی و هاپشتیی سەرتاسەریی بزووتنەوە ڕادیکاڵ و پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان دایە. بێگومان ئەم باروودۆخە نامرۆڤانە و دژوارە بێ وڵام نامێنێتەوە. پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە گۆشە و کەناری ئێران و لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا، نیشانەی ئەو کڵوکۆیانەیە کە کۆمەڵگەی ئێران بەرەو ئاڵوگۆڕی بەرین دەبات. سەرەنجام ئەگەر بمانهەوێ بەیەکجاری لە قەیران و دیکتاتۆری و ستەم ڕزگار بین، ئاسۆیەکمان بێجگەلە خەباتی ڕێکخراو لەپێناو شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و سۆسیالیست لەپێش نییە.