لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا و لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، چەند کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.
ڕۆژی سێشەممە ٢١ی سەرماوەز کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی کشوەری و تەئمین ئێجتماعی لە شارەکانی کرماشان، سنە، ئەهواز، قەزوێن، ئەردەبێڵ و ئەراک بە وتنەوەی دروشم و بەرزکردنەوەی پلاکارد، لە بەردەم سندووقی خانەنشینکراوان لەو پارێزگایانە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و خوازیاری پێڕاگەیشتن بە مافە پێشێلکراوەکانیان بوون.
هەروەها کۆمەڵێک لە هاووڵاتییان و بازاڕییان لە بەندەری گناوە لە شەقامێکی ئەو شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و خوازیاری وەدی هاتنی خواستەکانیان بوون.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی سەرماوەز بەشێک لە کرێکارانی کارخانەی “فوولادی ئارمان شەفەق” دەستیان لە کار کێشایەوە و لە شوێنی کارەکەیان کۆ بوونەوە و ناڕەزاتیان دەربڕی.