ڕێوڕەسمی چلەی گیانبەخت کردووانی ئاخێزە جەماوەریەکانی شاری سنە سارینا ساعدی و محەمەد شەرێعەتی، ڕۆژی پێنج شەممە ١٧ی سەرماوەز، لە گلکۆی بەهشت محەمەدی شاری سنە بەڕێوە چوو.
سارینا ساعدی ١٥ ساڵان، هاوڵاتی شاری سنە لە ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە گەڕەکی نایسەری سنە لە لایەن هیزە چەکدارەکانی ڕژیمەوە بە باتۆم لەسەری دەدرێت و تووشی خوێنبەربوونی مێشك دەبێت، دوای ڕۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانەی “تەوحید”ی ئەم شارە گیانی بەختکرد.
سەرەرای ئەوەی کە لە نەخۆشخانەی “تەوحید”ی سنە بە بنەماڵەی سارینا ساعدیان وتبوو کە کچەکەیان لە ئەنجامی لێدان لە سەری بە باتۆم، تووشی خوێنبەربوونی ناوەوە بووە، ناوەندە ئەمنییەتییەکان، هەر ئەوکاتە بە هەڕەشە و گوشار لەبەر چاوی کامێراکانی سەداو سیما دانپێدانانی زۆرەملێ لە باوکی سارینا واتە هاشم ساعدی دەگرن. هەچەند پیشتر هەڕەشەیان لە باوکی سارینا کردبوو کە ئەگەر ئەم دانپیدانانە ئەنجام نەدات تەرمی کچەکەیان پێنادەنەوە. داوایان لە بنەماڵەی ساعدی کردبوو کە بڵین هۆکاری مەرگی کچەکەیان خۆکوشتن بووە.
محەمەد شەرێعەتی ٢١ ساڵان، هەمان ڕۆژ لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژیمەوە ڕاستەوخۆ بە فیشەکی جنگی تەقەی لێکرا و گیانی بەختکرد. تەرمی محەمەد شەرێعەتی لە ژێر گوشار و هەڕەشەی هێزە ئەمنییەتییەکان هەمان شەو بەبێ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێک ئەسپەردە کرا.