بە دوای بانگەوازی شۆرای سێنفی مامۆستایان بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی سەرتاسەریی سەبارەت بە ژهراویکردنی بەئەنقەستی قوتابیان لە ڕێگەی هێرشی کیمیائیەوە، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەشەمە، لە دەیان شاری ئێران و کوردستان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە بە سایتی کۆمەڵە گەیشتووە؛ لە شارەکانی سنە، مەریوان، سەقز، ڕەشت، شیراز، ئەلبۆرز، کاشمەر، ئەهواز، بابۆل، کەرج، تاران، مەشهەد، نیشاپوور، لاهیجان، ئەردەبیل، نووراوای مەمەسەنی، زەنجان و ئیسفەهان و چەندین شاری دیکە مامۆستایان و بنەماڵەی قوتابیان لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕژیم کۆبوونەتەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
ناڕازییان لە هێندێک لە شارەکان بە دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دروشمیان داوە و وتوویانە: ”نەمان بۆ حکوومەتی منداڵکوژ و نەمان بۆ دیکتاتۆر.” منداڵ مافی ئازادی ڕادەربرینی هەیە، سپایی، بەسیجی، داعیشی ئیمە ئێوەن، ئەمنییەتی قوتابخانە مافی ئێمەیە، هێرشی کیماوی دەبێ مەحکووم بکرێ.
بەپێی زانیاریەکان هێزەکانی ڕژیم لە چەندین شوێن هێرشیان کردووەتە سەر ئەم کۆبوونەوانە و چەندین مامۆستایان دەستبەسەر کردووە. هەروەها لە چەندین شار هێزەکانی ڕژیم لە ترسی کۆبوونەوەی خەڵک کەشێکی ئەمنییان پێک هێناوە.