فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان لەدژی کەشوهەوای شەڕی جەمسەرە تیرۆریستییەکان
یەکشەممە ۱۳-۰۸-۱۴۰۳   |  03-11-2024

هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆسەر کۆماری ئیسلامی لە بەرەبەیانیی ٢٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤ بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە ئەم دوو جەمسەرە تیرۆریستە هێرشی نیزامی لەدژی یەکتر دادەڕێژن. کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا (کە کۆنتڕۆڵی ڕژیمی ئیسرائیلی لە دەست دایە) خوازیاری پەرەسەندنی شەڕ نین. ئەمەش بەهۆی سنوورداربوون و ئامادەنەبوونی لایەنەکانی شەڕە. بەڵام لە هەمان کاتدا، ڕاگرتن و ڕێگری لە پەرەسەندنی شەڕ هیوا و خواستی ملیۆنان مرۆڤی ئازادیخواز و مرۆڤدۆستی ناوچەکە و هەموو جیهانە.

ئەو بەربەریەتەی کە لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لەلایەن بەرە تیرۆریستەکانەوە نیشان دراوە، پەڵەیەکی شەرمەزاریی گەورەی لە نێوچاوانی نیزامی تاوانکار و دژەئینسانی سەرمایەداری داوە. کە هەر ئەمە بەتەنیا پێویستیی لەگۆڕنانی ئەم سیستەمە کۆیلەئاسایەی لەبەرچاوی هەمووان سەلماندووە. تاوانی وەحشیانە و پاکتاوکردنی ڕەگەزیی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل دەرهەق بە پیر و گەنج و منداڵی فەلەستینی لە کەرتی غەززە، کە بە بیانوو و لە “وڵام” بە هێرشی تاقمی تیرۆریستیی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبری ساڵی ڕابردوو ئەنجام درا، خەوی لە چاوی ملیۆنان تاکی مرۆڤدۆست و ئازادیخواز لە سەرتاسەری جیهان پەڕاند. هەواڵی لەت و پەت بوونی ٥٠ منداڵ لە کاتی کوشتنی حەسن نەسڕوڵڵا، لای سەرۆک کۆماری ئەمریکا بزەیەکی ڕەزایەت بەخش و تەئکیدی دووبارە لەسەر مافی ئیسرائل لە بەرگریکردن لەخۆی بوو.

بەم حاڵەوە و سەرەڕای کۆمەڵکوژکردنی ٤٢ هەزار کەس لە غەززە و لەناوبردنی ژێرخانەکانی ئەم کەرتە و برسی ڕاگرتنی ملیۆنیی خەڵکی بێ تاوان، دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل نەیتوانیوە بە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی بگات. نە توانیویەتی بۆ کەمکردنەوەی فشارە ناوخۆییەکان بەدیلگیراوان ئازاد بکات و نە توانیویەتی ئەوجۆرەی ئیدیعای دەکرد حەماس نابوود بکات. هەروەها سیاسەتی دەوڵەتی نەتانیاهۆ بۆ پەرەپێدانی شەڕ لەگەڵ ئێران، بەهۆکاری ئاستەنگەکانی دەوڵەتی ئەمریکا بەرەوڕووی بەربەست بووەتەوە. چەند نموونە لەم ئاستەنگانەی دەسەڵاتی ئەمریکا بەریتین لە: لاوازبوونی ئابوورییەکەی، ئەزموونی زیانباری شەڕەکانی پێشوو لە ناوچەکە، ترس لە چوونەسەری نرخی نەوت، تێبینی هاوپەیمانانی لە وڵاتانی عەرەبی و ناڕوونبوونی شەڕ لە ئۆکراین.

لە هەڵسووکەوت لەگەڵ ئەم شەڕەدا، ڕەوتە ڕاستەکانی لایەنگری ڕۆژئاوا و تەنانەت بەشێک لە چەپ ئاوات و ئامانجەکانیان لە هێرشی نیزامیی ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لەم ڕێگەوە دەبینن. بابەتێک کە ڕەوتی ڕووداوەکانی هەتا ئێستا باتڵ بوونی نیشان داوە. لەلایەکی دیکەوە بەرەی ئیسلاح تەڵەب و توودەیی – ئەکسەرییەتییەکان و دەوروبەرییەکانیان و تەنانەت بەشێک لە چەپ بە بیانووی دیفاع لە خەڵکی فەلەستین و بە نادیدەگرتنی ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی لە شەڕی ئەم دواییەدا، هەوڵ دەدەن بەشێک لە کۆمەڵگا بەلاڕێدا بەرن و بەکردەوە دەکەونە ڕیزی هێزەکانی “میحوەری موقاومەت”ەوە.

بەڵام کۆماری ئیسلامی کە بە بێ شەڕ و فەزای جەنگیی ئێستاش لە مەنگەی ئەنواعی قەیرانەکان و بەرەنگاربوونەوەی جەماوەریی خەڵکدا گرفتار بوو، لە کێشمەکێشەکانی ئێستادا بەرەوڕووی شکست و پاشەکشە بووەتەوە. هەموو نیشانەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە ڕژیم ناچار بە تەسلیمبوون و نۆشینی جامی ژەهرێکی تر دەبێت. لاوازبوونی هێزە نیابەتی و تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی ئەم دواییەدا، سیاسەتی پێشگرانەی کۆماری ئیسلامیی بەرانبەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل بەرەوڕووی شکست کردووەتەوە. هەروەها باڵادەستبوونی ئیسرائیل لە چەرخەی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی بەرامبەردا، کۆماری ئیسلامیی خستووەتە پێگەی دیفاعی و تەبلیغاتی بێناوەرۆکەوە.

هەموو ئەمانە بەگشتی کۆماری ئیسلامی زیاتر لاواز کردووە. کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی هەوڵ دەدات بە بیانووی هەڕەشەی شەڕ و دیفاع لە خەڵکی فەلەستین کەشوهەوای شەڕ بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بکات و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان سنووردار بکات و قەیرانە جۆراوجۆرەکانی خۆی پەردەپۆش بکات. بەڵام ئەم هەوڵەشی سەرکەوتوو نەبووە. شەپۆلی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران و بزووتنەوە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان بەرانبەر بە داسەپاندن و پەرەپێدانی گرانی و هەژاری و سەرکوت و زەبروزەنگ بە بێ بایەخدان بە پڕوپاگەندەی شەڕی ڕژیم هەروا لەئارادایە.

کرێکاران! جەماوەری وەگیانهاتوو! با دەرفەت بە کۆماری ئیسلامی نەدەین!

کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخی ئێستادا زیاتر لە هەموو کاتێک لاواز و بێتوانایە. فشارە هەمەلایەنە ناوخۆییەکان بەتایبەت بێزاری و بەرەنگاربوونەوەی ملیۆنیی خەڵک، ڕژیمی ئیسلامیی خستووەتە پێگەیەکی یەکجار لاوازەوە. نابێ دەرفەت بە کۆماری ئیسلامی بدەین. شەڕی ئەم دوو بەرە تیرۆریستە شەڕی ئێمە نییە. شەڕی ڕاستەقینەی ئێمە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش، خەباتی یەکگرتووانە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە.

پێویستە لاوازیی دوژمن بۆ چڕتر کردن و فراوانکردنی خەباتمان بەکار بهێنین. پێویستە بە پەرەپێدان و گەشەی خەباتمان کەشوهەوا و پڕوپاگەندەی شەڕ پووچەڵ بکەینەوە. گەشەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ڕێگای ڕزگاربوونی کۆمەڵگا لەو جەحەنەمەیە کە ٤٥ ساڵە بەسەر ئێمەدا سەپاوە.

دەورونەخشی بزووتنەوەی کرێکاری وەک بڕبڕەی پشتی ئەم بزووتنەوەیە لە پشتیوانی لە خواستی ڕۆژانە و بەردەوامی بزووتنەوە جۆراوجۆرەکان لەوانە هەڵوەشاندنەوەی حیجاب، ئازادیی بەندکراوانی سیاسی، هەڵوەشاندنەوەی ئێعدام، لەدژی هەژاری و گرانی لە سەرکەوتنی ئەم ناڕەزایەتییانەدا چارەنووسسازە. ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی بە هاتنە مەیدانی چینی کرێکار و بە ڕێبەریکردنی مانگرتنی کرێکاری و گشتی و بە پشتیوانیکردنی لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی تر دێتە دی.

دابینکردنی ڕێبەریی سەرتاسەری بۆ بزووتنەوەی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی فاکتۆرێکی چارەنووسسازە لە ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتە کۆنەپەرستەدا. کاتی ئەوە هاتووە بە پەرەپێدانی ناڕەزایەتیی سەرتاسەری و مانگرتن لە ناوەندە گەورەکانی بەرهەمهێنان، لەدژی کەشوهەوای شەڕی ئێستا و بۆ وەدیهاتنی خواستەکانمان بێینە مەیدان.

کرێکاران، خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

ئێوە لە ئاڵوگۆڕەکان و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لەدژی کۆماری ئیسلامی بەسەرنجدان بە مێژووی خەباتی چوار دەیەی ڕابردوو لە کوردستان، گەلێک جار هاوپشتیی شکۆدارتان نواندووە و کاریگەریی بەرچاوتان داوە. لە بارودۆخی لاوازیی کۆماری ئیسلامی و گەشەی خەباتی جەماوەریدا دەتوانن لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیدا دەورونەخشێکی درەوشاوەتان هەبێت. بە ڕێکخستن و یەکگرتووکردنی خەڵکی ناڕازی و بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونەکانی هەتا ئێستا، ڕۆڵی هەمیشەیی خۆتان لە بزووتنەوەی سەرتاسەری بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی بەجێبێنن. ئەزموونی ئاخێزی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی نیشانی دا کە ڕیزی شۆڕش لە کوردستان دەتوانێ کاریگەریی گرنگی هەبێت لە ڕیشەکێشکردنی کۆماری ئیسلامیدا. پێویستە بۆ ساتێکیش لە ئاشکراکردن و لەقاودانی سیاسەتی ڕاستڕەوانە و شەڕخوازانەی حیزبە ناسیۆنالیستەکان غافڵ نەبین.

حیزبە و لایەنە ناسۆنالیستەکان لە کوردستان کە بە درێژایی تەمەنیان لە وەهم و چاوەڕوانیی سازش لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بوون، ئێستا ئاسۆی بەدەسەڵات گەیشتنیان لە هێرشی نیزامیی ئیسرائیل و ئەمریکادا دەبینن. ئەوان خەونی دەسەڵاتێکی فیدڕاڵیی دیکە لە کوردستانی ئێران بە قیمەتی شەڕ و کوشتن و ئاوارەیی خەڵک دەبینن.

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی دەسەڵاتی شۆرایی

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان

١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣

٣١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤