ئێمەی تێکۆشەران و شۆڕشگێڕانی “ژن، ژیان، ئازادی” بەتوندی دژی سزای ئێعدامین و ڕایدەگەیەنین کە لە هیچ بارودۆخێکدا، لە بەرابەر ئێعدام، ئەم “قەتڵە بەئەنقەستە حکوومەتییە” بێدەنگ نابین.
بەلەبەرچاوگرتنی پەرەسەندنی شەپۆلی ئێعدامەکان لە ڕۆژان و هەفتەکانی ڕابردوو لەچوار گۆشەی ئێران و تەئیدی حوکمی ئێعدامی ڕەزا ڕەسایی، موجاهد کوکور، مەنسوور دهمردە، فەرشید حسێن زهی، وەفا ئازەربار، محەممەد فەرامەرزی، پژمان فاتحی و موحسین مەزلووم، پێویستە ناڕەزایەتیی سەرانسەری بەدژی ئەم شەپۆلەی تەوەحوش و ئینسانکوژی، بە هەڵمەت و هەوڵی مەیدانی پەرەپێبدەین.
بنەماڵەی مەحکوومکراوان و قوربانییانی حوکمی دژەئینسانیی ئێعدام لەماوەی ڕابردوودا، گەلێک جار ڕایانگەیاند کە ئازیزانیان، لەژێر ئەشکەنجە و وەحشیگەریی جەلادانی حکوومەتیدا ناچار بە دانپێدانان بەدژی خۆیان بوون و پەروەندەکانیان یەکسەر ناتەبا و بێبنەمایە.
بەڵام حکوومەت بە پێکهێنانی فەزای ترس و تۆقاندن لەڕێگەی جێبەجێکردنی ئەحکامی ئێعدام، دەیهەوێ خۆی لەو قەیرانانە دەباز بکات کە لە بواری سیاسی، کلتووری، ئابووری و نێونەتەوەییەوە تێیانکەوتووە و ڕۆژ بە ڕۆژیش توندتر دەبنەوە. کۆماری ئیسلامی لای وایە کە بە ئێعدامی ناڕازییان و نەیارانی دەتوانێ کۆمەڵگا چاوترسێن بکات و شۆڕش و ئیعتڕازمان کۆنتڕۆڵ بکات و ڕایبگرێت. بەڵام ئەمە تەوەهومە و هیچی تر. ئێمە کۆماری ئیسلامی لەناو دەبەین.
لەئێستادا پێویستە یەکگرتوو و سەراسەری هاوشانی خانەوادەی مەحکوومکراوان بە ئێعدام، بەدژی ئەم ئێعدامانە بوەستین. دەبێ بە ئێعتڕاز کردن، بەربە تاکتیکی ئێعدامی ئەم دەسەڵاتە بگرین. ئێمە خوێندکاران و ڕێکخراوە خوێندکارییەکان بۆ جارێکی تر وەک هەمیشە ڕایدەگەیەنین کە لەم نەبەردەدا، لە بەرەی ئەو خانەوادانەداین کە بۆ ئازیزانیان حوکمی ئێعدام دەرکراوە و یان مەترسیی ئێعدامیان لەسەرە.
ئێمە، هەروەک لە درووشمی شۆڕشەکەمان، “ژن، ژیان، ئازادی”ییەوە دیارە، “ژیان، لەم درووشمە مێژووییەدا بەواتای “هەقی حەیات”، بەواتای مافی بەهرەمەندبوون لە ئەمنیەت و ئاسایش و بەختەوەریی تاک بە تاکی ئینسانەکان دەزانین و لەم پێناوەدا تێدەکۆشین.
ئامانجی ئێمە سەرکەوتنی شۆڕشەکەمان، ڕووخاندنی ڕژیمی جەلاد و قاتڵ و نابوودکردنی یاسای کۆنەپەرستانە و یاسای سەدەکانی ناوەڕاستی ئیسلامییە و لەو مەسیرەدا هەتا گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ئینسانی، ئازاد، بەرابەر، مۆدێرن و مورەفە، کۆمەڵگایەکی بێ ئێعدام، سێکۆلار و ئەمن بۆ هەمووان، دەست لە خەبات هەڵناگرین.
واژۆکان:
– ڕێکخراوی خوێندکارانی پێشڕەو
– ناوەندی ئازادیخوازانی زانکۆی تاران شوماڵ
– کۆمیتەی سەرانسەریی خوێندکارانی کوردستان
– ناوەندی سەربەخۆی خوێندکارانی زانکۆی ئازادی ئیسفەهان
– ناوەندی ئازادئەندیشانی جۆندی شاپوور
– خوێندکارانی سەربەخۆی زانکۆی خواجە نەسیر
– جەمعیەتی دەنگی ئازادی زانکۆ(هونەری ئیسفەهان)
– یەکیەتیی زانکۆی سەنعەتیی ئیسفەهان
– یەکیەتیی خوێندکارانی زانکۆی ئەلزەهرا
کۆمەڵێک لە خوێندکاران و چالاکانی:
– زانکۆی ئیسفەهان
– زانکۆی علوومی پزیشکیی ئیسفەهان
– زانکۆی کوردستان
– زانکۆی فەنی حرفەیی کچانەی سنە
– زانکۆی فەنی یەزدان پەنای کوردستان
– زانکۆی فەنی موهاجری ئیسفەهان
– زانکۆی علوومی پزیشکی ورمێ
– زانکۆی شیراز
حکوومەتی ئێعدام دەبێ نابوود بێت
سەرکەوێ شۆڕشی ژن ژیان ئازادی
بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی