لە ڕۆژانی کۆتایی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، دوای قەتڵی حکوومەتیی مەهسا/ژینای ئازیزمان شەپۆلێکی مەزن کەوتە ڕێ و سەرتاسەری ئێرانی لە کەمتر لە یەک حەفتە و گشت جیهانی لە کەمتر لە مانگێکدا داگرت. “ژن ژیان ئازادی” بوو بە سێ وشەی سەمبۆلیک و پڕمانا بۆ دەیان ملیۆن ئینسانی ژێر ستەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و بوو بە دەستپێکی شۆڕشێک لەژێرناوی “شۆڕشی ژن ژیان ئازادی”.
شۆڕشێک کە هەر لە سەرەتاوە بەهۆی ئاستی بەرزی مۆدێرنیسم و ئینسانگەرایی، سەرەنجی هەموو جیهانی بەرەو خۆی ڕاکێشا. شۆڕشێک کە دروشمەکانی هەر لە ڕۆژانی سەرەتاوە، لەلایەن هەموو گرووپ و بزووتنەوە و ناوەند و ڕێکخراو و لایەنێکی سیاسیی پێشڕەو و مۆدێرنەوە دووپات دەکرایەوە. شۆڕشێک کە نەتەنیا کۆمەڵگای ناڕازیی ئێرانی یەکدەنگ کرد، بەڵکوو مانای ژیانی ملیۆنان ئینسانیشی بەیەکجاری گۆڕی. شۆڕشێک کە لەلایەکەوە بە هاواری “ژن” و بە پێشەنگایەتیی ژنان، بێ حیجابی و حیجابسووتاندنی کردە ئاڵا و هێمای سیاسی خەباتی خۆی و لەلایەکی دیکەوە ناڕەزایەتیی ڕۆژانەی بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگاشی گەشەپێدا.
شۆڕشێک کە بە وشەی “ژیان” چووە شەڕ بەرامبەر بە وەحشیترین حکوومەتی دنیا، ئەو حکوومەتەی ڕێکۆردداری جێبەجێکردنی حوکمی نامرۆڤانەی ئێعدامە. شۆڕشێک کە زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگای بەرەو ڕیزی دادخوازی بردووە، دادخوازی لەئاست تاک بە تاکی گیانبەختکردووانی شۆڕش. ئەو ڕێزەی کە تێیدا بەردەوام دروشمی “ڕاوەستاوین هەتا کۆتایی” هاوار دەکرێت.
دووهەمین ساڵی ئەم شۆڕشە، ئاوێنەی باڵانوێنی خەباتی لێبڕاوانەی نەسلی ئێمەیە لەدژی حکوومەتی زۆر و تەحمیل و سانسۆڕ. ئێمەی کە مانای ڕاستەقینەی “ئازادی” لە ئازادیی بێ شەرت و مەرجی سیاسی، لە ئازادیی ڕادەربڕین و بیروباوەڕ و تەحەزوبدا دەبینین. ئێمەی کە بۆ ئازادی و ڕزگاریی ئینسان لە هەموو بوارێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریدا خەبات دەکەین.
بەڵێ ئەم شۆڕشە تەنانەت دوو ساڵ دوای لەدایکبوونیشی، لەدژی کۆماری ئیسلامی هەروا بەردەوام لە شەڕی سەنگەر بە سەنگەردایە.
هەر لەم ڕۆژانەدا کە کۆماری ئیسلامی بۆ پاشەکشەپێکردن بە شۆڕشی ئێران، ئاگری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرداوە، شایەدی ئەوەین کە “زیندان، ئەشکەنجە، ئێعدام” هەرگیز کاریگەر نەبووە. دەسەڵات لە هەموو لایەکەوە بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵکە. کرێکاران، خانەنشینان، پەرستاران کۆبوونەوە و مانگرتنی گەورەیان لەدژی ڕژیم ڕێکخستووە. ژنان بەقەد سەرە دەرزییەک پاشەکشەیان نەکردووە و نەبەرد بەرامبەر بە دەسەڵاتی دژەژن و خەبات و خۆڕاگرییان لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی خۆیان پەیوەند داوە. بزووتنەوەی دژی ئێعدام لەئاستی جۆراوجۆردا بەڕێوە دەچێت و پێشەنگانی ئەم بزووتنەوە مەزنە، بەندکراوانی ئێڤین و دەیان زیندانی جۆراوجۆرن کە تەنانەت لە قووڵایی سیاچاڵەکانی حکوومەتی ئێعدامدا، هاواری “مەرگ بۆ حکوومەتی ئێعدام” و مانگرتنی ڕوو لە گەشەیان، بە گوێی هەموو جیهان گەیشتووە.
ئەمانە و دەیان نموونەی تر لە خەباتی ئێمە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی درەنگ یان زوو، بە زەبری هێزی ئێمە دەڕووخێت و ئەم ڕووخانەشی دەبێتە هۆی سەرکەوتنی شۆڕشێک کە هەر ئەمڕۆ لەناو ڕەگی کۆمەڵگای ئێراندا لە جەریاندایە. ئێمە خوێندکاران وەک بزووتنەوەیەکی سیاسیی چارەنووسساز و کاریگەر لە “شۆڕشی ژن ژیان ئازادی”، بە پێویستی دەزانین کە لە سەروبەندی دووهەمین ساڵیادی سەرهەڵدانی ئەم شۆڕشە مەزنەدا، بۆ جارێکی تر وێڕای پێداگری لەسەر بنەما سیاسییەکانی ئەم شۆڕشە کە لە دوو “مەنشووری داخوازییە لانیکەمەکان” و “مەنشووری داخوازییە پێشڕەوەکانی ژنانی ئێران”دا گونجاوە، ڕایگەیەنین کە لە بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە دژەئینسانەدا وەستاوین و پڕتوانا و بەهێز بۆ خستنە ژێر پرسیار و ڕیشەکێشکردنی، خەباتمان درێژە دەدەین.
هەروەها، لەو جێگەوە کە زۆربەی بەستێنە پێویستەکانمان بۆ پەیوەست بوونی بەرین و هەرچی زیاتری ئێوە خوێندکاران، ژنان، لاوان، پەلکەزێڕینەکان، جەماوەری ناڕازی و لە یەک کەلامدا “خەباتکارانی شۆڕشگێڕ” بە “تۆڕی سەرتاسەریی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی” و ڕێکخراو و ناوەند و گرووپە خەباتکارە چالاکەکان لە سەرتاسەری وڵات پێکهێناوە، لە ئێوە هاوڕێیان و تێکۆشەران چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە بە پەیوەست بوونی بەرینترتان بەم خەباتە ڕێکخراو و بەکۆمەڵە، لە مەسیری گەیشتن بە ئامانجی نیهایی کە سەرکەوتنی شۆڕشەکەمان دژبە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد، بەرابەر، سێکۆلار، خۆشبژێو، مۆدێرن و موتەکەسرە، هاوڕێمان بن.
قسەی کۆتاییمان ئەوەیە: نە دەبەخشین و نە فەرامۆش دەکەین، نە پەشیمانی دەردەبڕین، نە دەترسێین و نە لە ڕێگای ڕۆیشتوو دەگەڕێینەوە. ئێمە بەردەوامین لەسەر ڕێگاکەمان و داواش لە هەموو لایەک دەکەین کە بەشێوەیەکی هاوئاهەنگ و سەرتاسەری و هاوکات لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لەدژی دەسەڵاتی تاوانکاران و دڕندە ئیسلامییەکان، دووهەمین ساڵیادی سەرهەڵدانی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” بەڕێوەبەرن.
کۆماری ئیسلامی دەبێ بڕووخێ
سەرکەوێ شۆڕشی ژن ژیان ئازادی
پیرۆز بێ یادی مەهسا/ژینا ئەمینی و هەموو گیانبەختکردووانی ئەم خەباتە
ڕێکخراوە خوێندکارییەکان:
ڕێکخراوی خوێندکارانی پێشڕەو
ناوەندی ئازادیخوازانی زانکۆی تاران شۆماڵ
ڕێکخراوی ئازادئەندیشانی جۆندی شاپوور
ئەنجومەنی ئازادیخوازانی بەهەشتی
کۆمیتەی سەرتاسەریی خوێندکارانی کوردستان
ناوەندی خوێندکارانی ئازادی خوراسگان
ڕێکخراوی خوێندکارانی زانکۆی ئەلزەهرا
یەکیەتیی خوێندکارانی سەنعەتی ئیسفەهان
ناوەندی دەنگی ئازادی زانکۆ (هونەری ئیسفەهان)
کۆمەڵێک لە خوێندکاران و چالاکانی:
زانکۆی ئیسفەهان
زانکۆی علوومی پزیشکیی ئیسفەهان
زانکۆی خاڕەزمیی کەرەج
زانکۆی ئازادی شاری قۆدس
زانکۆی شیراز
زانکۆی علوومی پزیشکیی ورمێ
زانکۆی سنە
زانکۆی فەنی موهاجری ئیسفەهان
زانکۆی فەنی یەزدان پەنای سنە
زانکۆی فەنی کچانەی سنە