فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی هاوبەشی ڕێکخراوە سەربەخۆکان: لە مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکارانی گرووپی میللیی فوولادی ئەهواز پشتیوانی بکەین!
چوارشەممە ۱۱-۱۱-۱۴۰۲   |  31-01-2024

کرێکارانی گرووپی میللیی فوولادی ئەهواز دووبارە دەستیان داوەتەوە ناڕەزایەتی. ئەوان بە ڕاگەیاندنی دووبارەی خواستە جێبەجێ نەکراوەکانیان لە لایەن خاوەنکار و بەڕێوەبەرایەتی، ڕق و تووڕەیی خۆیان لەئاست بەڕێوەبەر و خاوەنکار و دەوڵەتی پشتیوانیان نیشان دا. کرێکاران لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە، لە کارخانە و لە جادەی خورەمشار کە لە باشووری ڕۆژئاوای شیرکەتە، هەروەها لە مەیدانی بەقاییەوە کە لە درێژەی ئوتوبانی گوڵستاندایە، بە هەنگاوی قورس و قایم ڕێپێوانی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن. کرێکاران لەم ڕێپێوانە ئیعتڕازییەدا ئەم دروشمە دەڵێنەوە: “ئێمە کرێکاران لە چەشنی ئاسنین، ڕیشەی زوڵم هەڵدەکەنین”. هاوڕێیانی کرێکاری ئێمە کە دەنگی ڕەسایان دەگاتە ئاسمان، بە بێ ترس لە ڕیزی چەکمەپۆشانی سەرکوتگەر، مافە ڕەواکانیان گەڵاڵە دەکەن.

گرینگترین خواستەکانی کرێکاران بریتین لە:

  • لابردنی قەدەغەی چوونەژووری کرێکارانی تەعلیقکراو بۆ ناو شیرکەت و گەڕانەوە سەر کاری کرێکارانی دەرکراوی پێشوو.
  • هاوسانسازیی حەقدەستەکان بەپێی حەقدەستی کرێکارانی شیرکەتەکانی فوولادی دەوروبەر و بەپێی خەرجی ژیانی بنەماڵەیکی چوار کەسی کە بۆ ساڵی ١٤٠٢ نابێ لە ٣٠ ملیۆن تمەن کەمتر بێت.
  • بەڕێوەبردنی کامڵ و دەستبەجێی ڕیزبەندیی پیشەکان.
  • قەراردادی بوونی سەرجەم کرێکارانی شەفەق.
  • لەسەرکارلاچوونی بەڕێوەبەری گشتیی گەندەڵ و ئەستاندنەوەی خاوەنداریەتی لە بانکی میللی.
  • بەشداریی کرێکاران لە بەڕێوەبردنی شیرکەت و شەفافیەتی تەرازنامەی ماڵیی شیرکەت کە هی خەڵک و هەموو کۆمەڵگایە.

ئەم خواستانە ساڵەهایە کە لەلایەن خاوەنکار و بەڕێوەبەرایەتیی شیرکەتەوە بێدەنگەیان لێکراوە و هەرگیز وڵامێکی ڕوونیان بە کرێکاران نەداوەتەوە. زۆرێک لەم کرێکارانە کە ئێستا بوێرانە لە بەرامبەر محەممەدی بەڕێوەبەری گەندەڵی گرووپی میللیی فوولاد و بانکی میللی کە خاوەنداریەتیی کارخانەی پێ ئەسپێردراوە، ڕادەوەستن و خوازیاری بێدەسەڵاتکردنی بەڕێوەبەرایەتین، لە نەسلی کرێکارانێکی لاون کە دەرسی خەبات لە کرێکارانی تێکۆشەر و خەباتکاری پێش خۆیانەوە فێربوون. لەیادمانە لە دەیەی حەفتادا لوولەسازیی ئەهواز لەلایەن دەوڵەت و بەشی خسووسییەوە داخرا و کرێکارانی دەرکران. کرێکاران بۆ ڕێگری لە چارەنووسێک کە دەیانویست بەسەریاندا بسەپێنن، چەندین مانگ لەسەر شەقامەکان لە حاڵی ناڕەزایەتیدا بوون. لەم ناڕەزایەتییانەدا بەهۆی نابەرپرسبوونی مەسئوولان و وڵام نەدانەوەیان، کرێکاران دەرگای ئۆستانداریی خووزستانیان دەرهێنا و چوونە ناو ساختمانی ئۆستاندارییەوە.

کارخانەی لوولەسازی یەکێک لە کارخانەکانی ناوەندی سەنعەتیی گرووپی میللیی فوولادی ئەهواز بوو کە دوای داخرانی، ماشێن ئاڵاتی ئەم کارخانەیان هاوشێوەی ئاسنی کۆنە و خراپ فرۆشت. هەروەها لەبیرمانە ساڵی ٩٦ کرێکارانی گرووپی میللیی فوولاد، خەیابانی نادری و خەیابانی “ئیمام” کە لە ناوەڕاستی شارن، کردیانە مەیدانی خەباتی خۆیان و تەنانەت ناڕەزایەتییەکانیان بەرەو شوێنی نوێژی جومعە برد و ئیمامی جومعەی ئەهوازیان دایە بەر ناڕەزایەتی و بە دوژمن وەسفیان کرد. ئێستاش ئەم نەسلە لە کرێکارانی گرووپی میللی مافی خۆیانە کە بە ناڕەزایەتی و مانگرتنی خۆیان بەرهەمهێنان ڕابگرن و بەڕێوەبەرایەتی، گەندەڵ و دوژمنی خۆیان خەتاب بکەن. چونکە دەزانن بەهۆی نابەرپرسبوون و قازانجپەرستیی خاوەنکار و مودیریەت، ئەگەر بۆ خواستەکانیان تێنەکۆشن، بێگومان چارەنووسی کرێکارانی لوولەسازییان بەسەر دێت. ئیعتڕازی ئەمڕۆی کرێکاران داکۆکیکردن لە ناسنامەی چینایەتی و مافی ژیانی خۆیانە. درێژەی ئەم ناڕەزایەتییانە نەتەنها خوێندنگەی خەباتە بۆ کرێکارانێک کە لە گرووپی میللی فوولاددا کار دەکەن، بەڵکوو دەرس و ئەزموونێکی کردەوەییە بۆ کرێکارانی ناوەندی فوولادی خووزستان، میللی حەفاری، شیرکەتی نەوت، شیرکەتی گاز و پێترۆشیمی و کرێکارانی هەموو کارخانە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان کە لە موناسباتی سەرمایەداری و لە نیزامی سیاسی و ئابووریی زاڵدا لە مافە ڕەواکانیان بێبەرین. کرێکارانی وشیار و بوێری گرووپی میللی لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خۆیان کە کۆمەڵێک لە هاوکاران تێیدا بەشداربوون سەبارەت بە چارەنووسی خۆیان هاوفکرییان کرد و بۆ بەیانی ئامانجەکانی خۆیان و ناڕەزایەتییەکانیان وتاریان پێشکەش کرد و بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد. ئەم تەبادولی نەزەرانە لەپێناو پێشخستنی خەبات بابەتێکی زۆر شایستە و پێویستە. بەڵام شایستەتر ئەوەیە کە هاوڕێیانی کرێکار ئەم دۆخە بە غەنیمەت بزانن و لە حزووری ئەم کۆمەڵە مەزنەی خەباتکاران کە لەڕاستیدا مەجمەعی عموومی ئەوان بەحیساب دێت، خواستی پێکهێنانی سەندیکا یان یەکیەتیی کرێکارانی گرووپی میللیی فوولاد گەڵاڵە بکەن. چونکە ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری ئامرازی دەسەڵاتی دەستەجەمعی کرێکارانە.

ئێمە واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە لە ناڕەزایەتی و مانگرتنی ئێوە پشتیوانی دەکەین و بۆ پاراستنی هاوپشتی لەگەڵ هاوچینەکانمان لە هیچ هەوڵ و تێکۆشانێک دەریغ ناکەین.

٧ی بەفرانباری ١٤٠٢

سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە

گرووپی یەکیەتیی خانەنشینان

کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان

کرێکارانی خانەنشینی خووزستان