شەریفە محەممەدی کە ١٤ی مانگی سەرماوەز بەخاتری چالاکییە کرێکاری و مەدەنییەکانی دەستبەسەرکرابوو دوای حەوت مانگ لەوپەڕی ناباوەڕیدا دوای پەروەندەسازییەکی ساختە، بە تۆمەتی بەغی (چالاکیی چەکداری لەدژی حکوومەت) بە ئێعدام مەحکووم کرا.
بە شایەدیی هەموو ئەو کەسانەی کە لەگەڵ شەریفە محەممەدی لە پەیوەندیدا بوون، شەریفە تەنها چالاکێکی کرێکاریی سەربەخۆیە کە لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکی کرێکاران و چالاکانی کرێکاری بەناوی “کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان”، کۆمەکی بە ئەمری ڕێکخستن و سازماندانی کرێکاران دەکرد. ئەو بەو بیانوویە یان لەڕاستیدا بەو تاکتیکەی کە ئەم ڕێکخراوە واتە (کۆمیتەی هاوئاهەنگی …) سەربە لایەنێکی سیاسیی چەکدارە کە لەگەڵ حکوومەت لە حاڵی شەڕدایە بە “باغی” ناسراوە و بە تۆمەتی ناڕاست و ساختەی “بەغی” بە ئێعدام مەحکووم کراوە. پەخشان عەزیزی، ئەم ژنە تێکۆشەر و شەریفەش هەر ئەم ڕەفتارەیان لەگەڵ ئەنجام داوە. ئەویش کە یارمەتیدەری ژنانی زیاندیتووی ڕەوتی کۆنەپەرستی داعش بوو، بە هەمان تۆمەت بە ئێعدام مەحکووم کراوە. هەروەها وریشە مۆرادی و نەسیم غوڵامیش هەر بەم تۆمەتە چاوەڕوانی دەرکرانی حوکمەکانیانن.
گوشارەکانی حکوومەت و دەزگای قەزایی لەدژی چالاکانی کرێکاری و مەدەنی، تەنها بەم چەند نموونەیە سنووردار نابێتەوە. ئەم گوشارانە بەتایبەت لەدوای بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” پەرەیان سەندووە و تا هاتووە توندتر بوونەتەوە. بەجۆرێک کە لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەک لە چالاکانی مافی ژنان، لە پارێزگای گیلان کە بۆ وەدیهاتنی مافەکانی ژنان، چالاکییان دەکرد دەستبەسەرکراون و بە زیندانی درێژماوە (سەرجەم بە ٦٠ ساڵ زیندان) مەحکووم کراون. هەروەها دەست و پێوەندەکانی حکوومەت ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی کرێکاری و موعەلیمانیان لە سەرتاسەری ئێران دەستبەسەرکردووە، ڕەوانەی زیندانیان کردوون. ڕیحانەی ئەنساری نەژاد، ڕەزا شەهابی، حەسەن سەعیدی، داوود ڕەزەوی لە چالاکانی کرێکاری و ڕەسووڵ بۆداقی، یەکێک لە چالاکانی سادق و بوێری موعەلیمان، تەنها چەند نموونەن کە بەدوور لە بنەماڵە و ئازیزانیان، لەژێر هەموو جۆرە فشار و بێمافییەکدان.
واقعییەت ئەوەیە کە حکوومەت و دەست و پەیوەندەکانی لەدوای بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”یەوە هەوڵ دەدەن بۆ تۆڵەسەندنەوە لەم بزووتنەوەیە و بەگومانی خۆیان بۆ پێکهێنانی ترس لەناو چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها بۆ ڕێگری لە درێژەی ناڕەزایەتی و چالاکیی مافخوازانە و ڕوو لە گەشەی کرێکاران و زەحمەتکێشان، دژبە نابەرابەری، هەژاری، گرانی و هەموو جۆرە بێمافییەکی ئابووری و مەعیشەتی، فشار بۆسەر چالاکانی کرێکاری و کۆمەڵایەتی توندتر بکەنەوە و بە پەروەندەسازی و پێکهێنانی سێناریۆی ناڕاست و ساختە، بیانکەنە قوربانی. تەنانەت ئەگەر هیچ تاوانکێشیان ئەنجام نەدابێ.
شەریفە محەممەدی، پەخشان عەزیزی، وریشە مۆرادی و نەسیم غوڵامی سیمیاری، دەبێ لەڕێگەی سێناریۆی جۆراوجۆر و بە تۆمەتی بێبنەما بە ئێعدام مەحکووم بکرێن تا ئەوەندەی ڕێی هەیە، بێدەنگییەکی گۆڕستانی بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بێت و بارودۆخ زیاتر لە ڕابردوو بۆ چەوساندنەوەی کرێکاران و زاڵبوونی خاوەنانی سەرمایە، لەپێناوی قازانجی هەرچی زیاتریان ئامادەتر بێت.
بەڵێ، دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ پەخشان عەزیزی، دوای مەحکووم کردنی شەریفە محەممەدی و داسەپاندنی تۆمەتی بەغی بەسەر وریشە مۆرادی و نەسیم غوڵامی سیمیاری، لەڕاستیدا هەوڵێکە لەلایەن حکوومەت و دەزگای قەزاییەوە بۆ پەرەپێدانی فشار بۆسەر کرێکاران، موعەلیمان، ژنان، خانەنشیان، خوێندکاران، نەتەوە ژێرستەمەکان، بنەماڵە دادخوازەکان و توێژەکانی تر کە ساڵەهایە لەڕێگەی جۆراوجۆرەوە بەڕێوەدەچێت و جێبەجێ دەکرێت. لەڕاستیدا حکوومەت و دەزگای دادوەری لە هەوڵی ئەوەدان تا لەپێناوی پەرەپێدانی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن لەنێو کۆمەڵگا و لەنێو چالاکوانانیدا بەردەوام خەڵک زیاتر بکوژن و بیانکەنە قوربانی.
ئێمە نیگەرانی وەزعیەتی شەریفە محەممەدی و ئەو ئازیزانەی دیکەین کە بە وەها تۆمەتگەلێکی زاڵمانە و غەیرە ئینسانی بە ئێعدام مەحکووم دەکرێن. شەریفە محەممەدی کرێکار و چالاکێکی سەربەخۆی کرێکاری بوو کە هەتا ئەوپەڕی توانای، کات و ژیانی خۆی بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش تەرخان دەکرد. پەخشان عەزیزی کەسایەتییەکی شەریف و بەڵێندارە کە ساڵانێکی زۆر لە ژیان و گەنجێتی خۆی بۆ کۆمەک کردن بە ژنانی لێقەوماوی هێرشەکانی داعش تەرخان کردووە و جگە لە خزمەتکردنی خەڵکی بێبەش و چەوساوە هیچ ئامانجێکی نەبووە. ئەم ئازیزانە هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە تا بەهاکەی بە وەها سزایەکی قورس و غەیرەئینسانی بدەن. بێهۆ نییە کە دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ شەریفە محەممەدی چالاکی کرێکاری و پەخشان عەزیزی بە تۆمەتی بێبنەمای بەغی، تا بەم ڕادەیە کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە.
ئێمە دڵینیاین کە هیچ کرێکار و ئینسانێکی شەرافەتمەند بوونی نییە کە بەم تۆمەت و ئەحکامە زاڵمانەیە ئیعتڕازی نەبێت. ئێمە واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە، وێڕای مەحکوومکردنی حوکمی نادادپەروەرانە و ئەوپەڕی زاڵمانەی شەریفە محەممەدی و پەخشان عەزیزی، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سزای نامرۆڤانەی ئێعدامی ئەو خۆشەویستانە و خوازیاری ئازادکردنی دەستبەجێیانین. ئەوان گیانیان لە مەترسیی جیددی دایە. پێویستە بە هەر شێوەیەک کە دەتوانین ببینە دەنگیان و پشتیوانییان لێ بکەین.
١٣ی مانگی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی
سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە.
بیدارزنی.
گرووپی یەکیەتیی خانەنشینەکان.
کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان.
کرێکارانی خانەنشینی خووزستان.