فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە شکستی ستراتێژی “شەڕی پێشگرانە”ی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
پێنجشەممە ۱۲-۰۷-۱۴۰۳   |  03-10-2024

کوژرانی حەسەن نەسڕوڵڵا و عەباس نیلفرووشان فەرماندەی هێزی قۆدسی سپای پاسداران لە لۆبنان و سووریە لەدوای کوژرانی ئیبڕاهیم عەقیل و زیاتر لە دە کەسی تر لە فەرماندەکانی یەکەی تایبەتی حیزبوڵڵا و شەپۆلی تەقینەوەی مەرگباری بێسیم و ئامێرەکانی پەیوەندی ئەلەکترۆنی، پەیجەر و پەیامگرەکانی ئەم گرووپە، شەڕی دەوڵەتی ئیسرائیل لەدژی حیزبوڵڵای بردووەتە قۆناغێ تەهاجومییەوە و خەڵکی لۆبنانی بەرەوڕووی مەترسیی درێژە و پەرەسەندنی ئەم شەڕە کردووە. لە ئاکامی ئۆپراسیۆنی فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل و شەپۆلی تەقینەوەکان لەماوەی دە ڕۆژی ڕابردوو سەدان کەس لە خەڵکی ئاسایی و لەناویاندا زیاتر لە ٥٠ منداڵ گیانی خۆیان لەدەستداوە. هەزاران کەس بریندار و سەدان هەزار کەس لە خەڵک ئاوارە بوون و شەوانە لە شەقام و پارکەکان بە بێ سەرپەنا بەسەر دەبن. دەوڵەتی ئیسرائیل بەهۆی باڵادەستبوونی لە بواری نیزامی و تەکنۆلۆژی لە شەڕی سایبێری و سیستمی هەواڵگری، زەربەی سەخت و بێوێنەی لەم باسکە سیاسی و نیزامییەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی داوە و کادری ڕێبەری و فەرماندەکانی حیزبوڵڵا و دەستەی ڕاوێژکاری ئەوان لە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئاڵۆز و سەرلێشێواو و زەلیل کردووە. حیزبوڵڵای لۆبنان و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هێستا لەژێر باری شەرمەزاریی تیرۆری فواد شوکر لە باشوور و ئیسماعیل هەنییە لە میوانسەرای سپای پاسدران لە تاران پشتیان ڕاست نەکردبووەوە، کە دەوڵەتی ئیسرائیل لە زنجیرە عەمەلیاتێکدا کە زۆر لە پێشترەوە ئامادەکاریی بۆ کردبوو، حەسەن نەسڕوڵڵا و دەیان فەرماندە و کادری ئەم ڕەوتەی کوشت و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بەرەوڕووی شکستی ستراتێژیک کردەوە.

قۆناغی نوێی ئەم قەیرانە جەنگییە لەلایەکەوە درێژەی سیاسەتی دەوڵەتی دەستی ڕاستیی نەتانیاهۆ بۆ پەرەپێدانی بەرینایی شەڕ و گۆڕینی جینوسایدی خەڵکی فەلەستین لە غەززە بۆ دەستپێکی شەڕێکی ناوچەییە و لەلایەکی دیکەوە درێژەی شەڕی فەرسایشیی گرووپی کۆنەپەرستی حیزبوڵڵا لەدژی ئیسرائیل بەپێی نەخشەی ستراتێژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە. دەوڵەتی ئیسرائیل کە نەتیوانیوە لە شەڕی غەززەدا بە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی بگات و لە ناوەوەش گرفتاری قەیرانە، مانەوەی دەسەڵاتی سیاسیی خۆی لە گرتنەبەری تاکتیکی تەهاجومی و پەرەپێدانی ڕەهەندەکانی شەڕ لە ناوچەکەدا دەبینێت و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش لەڕێگەی حیزبوڵڵا، واتە باسکی سیاسی و نیزامیی خۆی لە لۆبنان، بە درێژەی ستراتێژی شەڕی درێژخایەن و فەرمایشی لەدژی ئیسرائیل بەکردەوە بەستێنی بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتە جەنگییەکانی دەوڵەتی دەستی ڕاستیی ئیسرائیل ئامادە کردووە.

دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل کە لە غەززە بە بۆمباران و مووشەکبارانی بەردەوام و وێرانکاری، بە کوشتنی زیاتر لە ٤١ هەزار فەلەستینی، بە پەرەپێدانی قاتی و برسیەتی لەم وڵاتە، بە لەناوبردنی هەموو ژێرخانەکانی تەندروستی و پەروەردە و فەرهەنگی نیشانی داوە کە دابینکردنی “ئەمنیەت”ی ئیسرائیل لە نابوودیی نەتەوەی فەلەستیندا دەبینێ، لەئێستادا بە ڕاگەیاندنی قۆناغێکی تازە لەژێرناوی “شەڕ بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی ئاوارەی باکووری ئیسرائیل”، بەلایەوە هیچ بایەخێکی نییە کە بە ڕاگەیاندنی قۆناغی تازەی شەڕ لەدژی حیزبوڵڵا و کوشتار و خەڵتانی خوێندکردنی هاووڵاتییانی ئاسایی و وێرانکردنی ماڵەکانیان، خەڵکی لۆبنانیش بە چارەنووسی دانیشتووانی غەززە گرفتار کات. پاش هێرشی مووشەکی بۆسەر کۆنسوولخانەی کۆماری ئیسلامی لە سووریە و کوژرانی فەرماندەکانی سپا و تیرۆری ئیسماعیل هەنییە لە تاران، هێرشی ئەم دواییەی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆسەر حیزبوڵڵا لە بەیڕووت، دەبێ وشک مێشکترین سەرانی کۆماری ئیسلامیشی لەوە تێگەیاندبێ کە سەردەمی شەڕی درێژخایەن و نیابەتی لەگەڵ ئیسرائیل کۆتایی هاتووە. دەوڵەتی ئیسرائیل دەیهەوێ ستراتێژی شەڕی فەرسایشیی کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵا بە تاکتیکی تەهاجومی و شەڕی ڕاستەوخۆ و گشتگیر وڵام بداتەوە. هێرشی یەک لە دوای یەکی ئیسرائیل بۆسەر حیزبوڵڵا و ئەو زیانە قورسانەی کە لێیداوە بەمانای بنبەست و شکستی ستراتێژیکی ڕژیمی کۆماری ئسیلامی لەم شەڕە فەرسایشی و درێژخایەنەدایە. هاودەنگیی ئەندامانی کابینەی جەنگی ئیسرائیل لە ڕاگەیاندنی قۆناغی نوێی شەڕ نیشانەی ئەوەیە کە فاشیستەکانی دەسەڵاتدار لە ئیسرائیل بۆ ئەم قۆناغە لە شەڕیش هەروەک عەمەلیاتی جینۆساید لە غەززە ڕەزامەندی دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئەورووپایی ئەمریکایان لە ناتۆ وەرگرتووە. دەوڵەتی ئیسرائیل بە بێ یارمەتیی نیزامی و زانیاریی دەوڵەتی ئەمریکا و ئامادەکاری و نەخشەی درێژماوە نەیدەتوانی بەم خێراییە ئەم زەربە بەهێزانە لە حیزبوڵڵا بدات. بێهۆ نییە کە جۆو بایدن کوژرانی حەسەن نەسڕوڵڵای بە قیمەتی گیانی لانیکەم ٥٠ منداڵ و سەدان هاووڵاتیی لۆبنانی بە جێبەجێکردنی دادپەروەری ناولێبرد. دەوڵەتی ئەمریکا کە پێگەی ڕێبەرییەکەی لە جیهان و ناوچەکەدا لاواز بووە، لەماوەی یازدە مانگی ڕابردوودا لەوپەڕی دووڕووییدا لەژێرناوی بەڕەسمی ناسینی “مافی ئیسرائیل لە بەرگری لەخۆی” و بە ناردنی یارمەتیی نیزامی بۆ ئەم هاوپەیمانە ستراتێژیکەی خۆی، بووەتە هاودەستی دەوڵەتی ئیسرائیل لە تاوان و جینوساید لەدژی خەڵکی فەلەستین.

بێگومان لە ئەگەری درێژە و پەرەسەندنی ئەم شەڕە، خەڵکی ڕەنجدیدەی لۆبنان کە لەژێر گوشاری قەیرانی ئابووری، بێکاری و گرانی و لە بارودۆخێکی سەختدان، دووبارە دەبنەوە قوربانی و ئاوارەی ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرە. کرێکاران و خەڵکی فەلەستین، لۆبنان، ئیسرائیل و ئێران کە هەر کامیان بەجۆرێک قوربانیی ئەم شەڕخوازییانەن، هیچ بەرژوەندییەکیان لەم شەڕە کۆنەپەرستانەیەدا نییە. ئەم شەڕە لە بەرژەوەندی گرووپە ڕەگەزپەرست و فاشیستییەکان لە ئیسرائیل و مانەوەی نەتانیاهۆ لە دەسەڵاتی سیاسیدایە. حیزبوڵڵا و ڕژیمی فاشیستیی کۆماری ئیسلامی کە شەڕی ڕاستەوخۆ و گشتیگیر لەگەڵ ئیسرائیل نە لە توانای خۆیان و نە لە ڕاستای بەرژەوەندی خۆیاندا دەبینن، بە مووشەک هاویشتن و درێژەی شەڕی فەرسایشی دژی ئیسرائیل بەکردەوە خزمەت بە ئامانجەکانی شەڕی نەتانیاهۆ دەکەن. ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە ستراتێژی “هێرشی بەرگرانە” یان شەڕی پێشگرانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە بە دامەزران و تەیارکردنی حیزبوڵڵا لە لۆبنان و باقیی ڕەوتە تیرۆریستە ئیسلامییەکان لە ناوچەکە لەژێرناوی “میحوەری موقاومەت”، بە کێبەرکێی نیزامی و پڕۆژەی ئەتۆمیی بە قیمەتی داسەپاندنی هەژاری و فەلاکەت و نائەمنی بەسەر ژیانی کرێکاران و زۆرینەی خەڵکی ئێران بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا بەڕێوەچوو، توانای بەرگریی نییە و گەیشتووەتە بنبەست. کادری ڕێبەریی سپای پاسداران لە بواری ستراتێژیدا بێ دەرەتانە و ناتوانێ بۆ داکۆکی لە مەوجوودییەتی حیزبوڵڵا هەنگاو بنێت. چونکە دەزانێ ئەمە بە مانای کەوتنە ناو شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا و هاوپەیمانانیان لە ناتۆیە و ئەمەش ئاکامێکی بێجگەلە نەمانی کۆماری ئیسلامی نابێت. بژاردەی “سەبری ستراتێژیک”یش کە لە کاتی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر کۆنسوولخانەی ڕژیم لە سووریە بەردەوام لەلایەن خامنەییەوە باسی لێدەکرێت، جگە لە پەرەپێدانی قەیران و ململانێی باندەکانی حکوومەتی ئیسلامی، بەکردەوە بەمانای قەبووڵکردنی شکستی ستراتێژی شەڕی پێشگیرانە و بێ خاسییەت بوونی هێزەکانی “میحوەری موقاومەتە، کە قەرار بوو لە “سووریە و لۆبنان شەڕ بکەن تا ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی لە خوڕەمشار و تاران زەمانەت بکرێت”.

فەرماندەکانی سپای پاسداران و باقیی سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بە بیانووی جینوساید و تاوانەکانی شەڕی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە و پشتیوانیی دەوڵەتەکانی ئەمریکا و ئورووپا لەم جینایاتە و بە درۆودەلەسە و پڕوپاگەندە سەبارەت بە دیفاع لە خەڵکی فەلەستین جگەلە شوێن گرتنی ئاماجە ناوچەییەکانیان و ستراتێژی شکستخواردوویان، هەوڵیان دا بیروڕای گشتی لە بەرینایی گرانی، هەژاری، بێکاری و نەهامەتییە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو تاوانانەی کە ڕۆژانە لەدژی کرێکاران و خەڵکی ئێران ئەنجامی دەدەن بەلاڕێدا بەرن. بەڵام بۆ کرێکارانی وشیار و زۆرینەی خەڵکی ئێران ڕوون و ئاشکرایە کە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی نە لە خزمەت بەرژوەندی خەڵکی فەلەستین، بەڵکوو لە خزمەت قازانج و بەرژوەندی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل و ڕێکخراوی تیرۆریستیی حەماسدایە. ساڵەها پشتیوانیی دارایی و سەربازیی ڕژیمی ئیسلامی لە حەماس و حیزبوڵڵا، ئەو دەرفەتەی بۆ دەستی ڕاستترین حیزبەکان لە ناوەوەی ئیسرائیل خوڵقاند تا بە گەورەکردنەوەی مەترسیی حەماس و حیزبوڵڵا، ئامرازەکانی دەسەڵاتی سیاسی و نیزامی بگرنە دەست. ئەوان بە بیانووی حەماس، حیزبوڵڵا لە لۆبنان و باقی گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکان و پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی لێیان، کرێکارانی وشیار، خەڵک و هێزەکانی خوازیاری ئاشتییان لە ئیسرائیل و فەلەستین سەرکوت کرد. ئاکامی سیاسەتی کۆنەپەرستانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە پشتیوانیکردنی لە ڕەوتە تیرۆریستە ئیسلامییەکان لە ناوچەکە ئەوەیە کە وڵاتانی کەنداو بوونەتە ئەنبار و جبەخانەی چەکی ئەمریکا و دەسەڵاتە ئیمپریالیستییەکانی دیکە و بوونەتە مەیدانی تاڵانکردنی داهاتەکانی نەوت لەلایەن ئەم دەسەڵاتانەوە.

ئاشکرابوونی بنبەستی سیاسەتی ناوچەیی و شکستی ستراتێژی کۆماری ئیسلامی لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، بزووتنەوەی کرێکاری، سەرجەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی خستووەتە پێگەیەکی نوێوە. دوای کوژرانی حەسەن نەسڕوڵڵا و عەباس نیلفرووشان و ئەو زەربە قورسانەی کە لە کادری فەرماندەیی و ڕێبەری حیزبوڵڵا دراوە، فەرماندە و کادری ڕێبەریی سپای پاسداران بڕیاریان داوە کە جامی ژەهری ئەم شکستە دەرخواردی خامنەیی بدەن. ڕێبەریی سپای پاسدران کە زیاتر لە ٦٠ بۆ ٧٠ لەسەدی ئابووریی ئێرانی لەژێر کۆنتڕۆڵدایە لە ڕوانگەی ئابووریشەوە بێت شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا کە مەترسیی ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی بەدواوەیە، لەڕاستای بەرژوەندی خۆیدا نابینێ. کوژرانی ڕێبەریی حیزبوڵڵا و ئەو زەربانەی کە ئەم گرووپە بەری کەوتووە و هاوکاتبوونی لەگەڵ پەرەسەندنی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سازان لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی و هەڵوەشاندنەوەی سزاکان و بەهێزبوونی ئەم گومانە لەناو چاوەدێرانی سیاسی و ئیدئۆلۆگەکانی ئیسلامی سەبارەت بە ئەگەری سات و سەودای کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا لەسەر چارەنووسی حیزبوڵڵا و نەسروڵڵا، تەنانەت لەناو گرووپە ئیسلامییەکانیشدا زەربەی لە ئیعتباری ڕژیم داوە.

نۆشینی ئەم جامە ژەهرە بۆ ڕژیمێک کە زیاتر لە چوار دەیەیە نابوودکردنی ئیسرائیل و سڕینەوەی لەسەر نەخشەی جیهان بانتر لە ئامانجێکی سیاسی و ستراتێژیک، کردووەتە ئارمانخوازیی ئایدیۆلۆژیک، وە لە بارودۆخێکدا کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای هەموو هەڵکشان و داکشانەکانی هەروا بەردەوامە و ڕژیمی ئیسلامی پشتی جەبهەیەکی ئەمنی نییە، پێگەی کۆماری ئیسلامیی زیاتر لە ڕابردوو لاواز کردووە. ئەم پێگە لاوازە و بێ دەرەتانی و داماوییەی کۆماری ئیسلامی، بەر لە هەموو شتێک بەرهەمی پێشڕەویی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە و بەرهەمی خەباتی ژنان و لاوان و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامییە. ئەوە بزووتنەوەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازیی کرێکاران و خەڵکی ئێرانە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە درێژەدانی سیاسەتی شەڕخوازی تووشی بەربەست کردووە. ئەم بزووتنەوەیە نەتەنیا لە پشتی جەبهە بێەریی کردووە، بەڵکوو هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی کردووەتە مەیدانی خەبات و شەڕ لەدژی ئەم ڕژیمە جینایەتکارە. ئەگەر بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی سەرمایەداران لەئارادا نەبووایە، ئەگەر خەڵکی ئازادیخوازی ئێران لە جەریانی گاڵتەجاڕییەکانی هەڵبژاردندا مۆری ناڕەوابوون و نامەشرووعبوونیان لە نێوچاوانی ئەم ڕژیمە نەدابایە، ئەگەر بزووتنەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی شکۆمەندی کرێکاران درێژەی نەبووایە، بێگومان فەرماندەکانی سپای پاسداران لەپێناوی دیفاع لە مەوجوودییەتی حیزبوڵڵای لۆبنان ئێرانیان دەکردە پشتی جەبهەی شەڕێکی وێرانکەر. کەوابوو ئەگەر سەرانی کۆماری ئیسلامی کەوتوونەتە تەنگانەوە و لە ئاوێنەی خۆیاندا سیمای شپرزە و ئاڵۆزی نیزامی ئیسلامییەکەیان دەبینن، کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی ئێرانیش دەبێ لە ئاوێنەی دوژمندا هێزی هاوپشتی و هێزی خەبات و پێشڕەویی خۆیان ببینن.

ساڵی ١٤٠٣ کە خامنەیی ناوی نا “ساڵی گەشەی بەرچاوی بەرهەمهێنان بە بەشداریی خەڵک” بەهۆی شکستە یەک لە دوای یەکەکانی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی درێژخایەن و پێشگیرانەدا بووەتە ساڵی گەشەی بەرچاوی ماتەمینی گشتی بۆ ڕژیم بە بێ بەشداریی خەڵک. ئەزموونی ٤٥ ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نیشانی داوە کە سەران و فەرماندەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەم کاتانەدا هەوڵ دەدەن شکست و جامی ژەهر نۆشین و عەزادارییەکانیان لەگەڵ پەرەپێدانی کەشوهەوای سەرکوت، دەستبەسەرکردنی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و وەڕێخستنی شەپۆلی ئێعدام ئاوێتە بکەن. ئەمجارە نابێ ڕێگە بدرێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەژێر گوشاری ئاکامی شکستی سیاسەتەکانی لە بواری ناوخۆیی، ناوچەیی و نێونەتەوەییدا پشتی ڕاست بکاتەوە. لەم بارودۆخەدا پەرەپێدانی مانگرتنە کرێکارییەکان لە ناوەند و دامەزراوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری وێڕای گەڵاڵەکردنی خواستی ئابووری و سیاسی دەتوانێ ڕۆڵێکی چارەنووسسازی لە شکست پێهێنانی ستراتێژی سەرکوت و لە زەمینگیر کردنی ماشێنی زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدامدا هەبێت.

مانگرتنی سەرتاسەریی کرێکاران وێڕای داخوازییە سیاسییەکان لەوانە خواستی ئازادیی زیندانیانی سیاسی، هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام، هەڵوەشاندنەوەی حیجابی زۆرەملێ بەخێرایی بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، بزووتنەوەی دادخوازی و بزووتنەوەی خەبات لەدژی سزای ئێعدام لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری هاوڕێ دەکات و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی چەند هەنگاو بەرەوپێش دەبات. ئەگەر ئەزموونی هەموو شۆڕشەکان لە سەدەی بیستەم و ئاخێزە ئینقلابییەکان لە سەدەی بیست و یەک و ئەزموونی شۆڕشە ئینقلابییەکانی ساڵانی ڕابردووی ئێران نیشانیان داوە کە لە بارودۆخی ئەمڕۆی ئێراندا مانگرتنی سەرتاسەریی کرێکاران لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری کە بووبنە بڕبڕەی پشتی مانگرتنی گشتی و سیاسی، موحتەملترین ڕەوتی پێشڕەویی شۆڕشە، لە هەمان حاڵدا ئەم ئەزموونانە نیشانیان داوە کە بابەتی ڕێکخستن و شکڵدان بە ڕێبەریی شۆڕشگێڕ و سەرتاسەری ڕۆڵێکی چارەنووسساز لە سەرکەوتنی شۆڕشدا دەبینێت. لەم ڕووەوە چالاکانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری و باقی پێشڕەوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و لاوانی شۆڕشگێڕ لە گەڕەکەکان، پێویستە لە بارودۆخی ئێستادا لە جەرگەی گەشەپێدانی ناڕەزایەتییەکاندا، بابەتی ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوانە و پەرەپێدانی پەیوەندیی ئەم تۆڕە لە چالاکان بخەنە سەرووی ئەولەوییەتەکانیانەوە.

چالاکانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە پێویستە وشیار بن و ڕێگە نەدەن کە پشتیوانیی درۆینەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە خەڵکی فەلەستین و لۆبنان و مەراسیمەکانی عەزاداری کە بەبۆنەی کوژرانی سەرانی حیزبوڵڵا و حەماس بەڕێوەی دەبات، کرێکاران و جەماوەری ناڕازی لە ئێران لەئاست ناڕەزایەتی دژبە تاوان و جینوسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەئاست ڕاگەیاندنی هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین و ڕەوتە پێشڕەو و دژبەرەکانی شەڕ و داگیرکاری لە ئیسرائیل، تووشی دوودڵی سەرلێشێواوی بکات. کرێکاران و بەشمەینەتان لە هەر شوێنێک بن، لە فەلەستین، لۆبنان، ئێران و ئیسرائیل و … قوربانیی نیزامی سەرمایەدارین. کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی دەتوانن یەکێک لە گرینگترین پێگەکانی ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان لەناوبەرن و بەستێنی گەشە و بەهێزکردنی بزووتنەوە ڕادیکاڵ و ئازادیبەخشەکان لە فەلەستین و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە بکەن.

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی

٣٠ی سێپتامبری ٢٠٢٤ی زایینی