کۆمەڵێک لە موعەلیمان و خانەنشین کراوانی بانە بۆ پشتیوانی لە هاوکارەکانیان لە شارەکانی سەقز، مەریوان، دیواندەڕە و سنە، بەیانییەکیان بڵاوکردەوە.
لەبەشێک لەم بەیانییەدا هاتووە: “هەر ئەو جۆرەی کە دەزانن ماوەی چەندین ساڵە ژمارەیەکی زۆر لە فەرهەنگیان لە ژێر ناوی (ئەنجومەنی سێنفی موعەلیمانی ئێران)، لەوپەڕی دڵسۆزی و هەست بە بەرپرسیارەتی بە مەبەستی پێڕاگەیشتن بە کێشە و گرفتەکانی پەروەردە و بارهێنان و مافە پێشێل کراوەکانی خوێندکاران و موعەلیمان، بەردەوام لە چوارچێوەی یاسادا چالاکییان کردووە. بەداخەوە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان، بەجێگەی پێشوازی لەم چالاکییانە، بە هۆکاری جۆراوجۆر لەوانە: کەمکردنەوەی حەقدەستەکان، دوورخستنەوە و زیندان، وەڵامی ئەم بەشە لە موعەلیمانی داوەتەوە. ئێستا ئیدارەی گشتی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی ئاموزش و پەروەرشی ئەمشارانە لە کردەوەیەکی سەرسووڕهێنەر، نەشیاو، نایاسایی و بەدوور لە سەرجەم هەموو دابونەریتێکی ئاکاری کۆمەڵایەتی، حوکمی هەندێ لە هەڵسووڕاوانی ئەم ئەنجومەنەی ڕاگرتووە و بەشێوەی کارپێک و نادادپەروەرانە، لەگەڵ ئەم هاوڕێیانە هەڵسووکەوتی کردووە. لە کۆتایی ئەم بەیانیێەدا هاتووە: “ئێمە فەرهەنگیانی شارستانی بانە، ئەم کردەوە نایاساییە بە توندی مەحکووم دەکەین و پێداگرانە داوا لە ئیدارەی گشتی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای کوردستان و شارەکانی، سەقز، مەریوان، دیواندەڕە و سنە دەکەین، هەرچی زووتر ئەم بڕیارە نایاساییە ڕابگرن.